محەمەد سەعید کوردە
هونەرمەند عەبدولقادر عەزیز ئیبراهیم، لە ساڵی 2017 کۆلێژی هونەرە جوانەکان – بەشی شانۆی تەواو کردووە و لەساڵی 2000 دەستی بەکاری هونەری کردووە، یەکەم کاری هونەری لە زنجیرە درامای ژووان بووە ساڵی 2005 لەدەرهێنانی مامۆستا سەباح عەبدولره‌حمان. لە دیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات ئەوەی خستەڕوو یەکەم کاری شانۆیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 و 2006 لە شانۆگەریی دووبرا، کە لە دەرهێنانی مامۆستای کۆچکردوو فەرهاد شەریف بوو لە هۆڵی گەل نمایش کرا.
گوتیشی: هەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەشداریم کردووە لە زۆربەی کارە هونەرییەکان و چەندین کاری هونەریی دیکە. لەساڵی 2015 لەشانۆگەریی (خۆشەویستێک بۆ کوردستان) لە دەرهێنانی مامۆستا یوسف یوسفی بەشدار بووم کە شانۆییەکی سەر شەقام بوو لەناو پارکی شار لە بەردەم قەڵای هەولێر نمایش کرا، دواتریش لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسیش نمایش کرا، بۆ دواجار لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگەدا بەرامبەر بەشەڕی داعش لەمیحوەری گوێڕ نمایش کرا، کرد.
ئەم هونەرمەندە لە دوایین کاری هونەری کە تێیدا بەشداربوو، شانۆگەریی ئیمپراتۆریەتی هەیاس بوو، بۆ ئەوەش گوتی:
کۆتایی کاری هونەریم شانۆگەریی ئیمپڕاتۆڕی هەیاس بوو, کەلە دەرهێنانی د. ژیلوان تاهیر بوو، لەو شانۆگەرییە ڕۆڵی مامە حەمەم تێدا بینی، ئەو ڕۆڵەش لەسەر داوای دەرهێنەر بوو، زۆر خۆشحاڵ بووم کە توانیم ئەو ڕۆڵە بە جوانی بەرجەستە بکەم. لە کۆتاییشدا گوتی: ساڵی 1980 لە شاری هەولێر لە دایکبووم، ئێستاش حەز دەکەم زیاتر پەرە بەخۆێندن بدەم و بڕوانامەی ماستەر بەدەست بهێنم لە بواری شانۆدا، ئەگەر تەمەن مابێت بۆئەوەی زیاتر خزمەتی هونەری کوردی بکەم.