دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای یاسایی دژی کاراکردنەوە و بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕەت کردەوە و بڕیارەکانیشی بە کۆتایی و پابەندکەر ناو برد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حەسەن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی کۆ بووەوە؛ لە دانیشتنەکەدا بڕیار درا بە ڕەتکردنەوەی هەردوو سکاڵاکەی دژی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ و عەلی حەمەساڵحەوە تۆمار کرابوون.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕاگەیێنراوێکدا سەبارەت بە هۆکاری ڕەتکردنەوەی سکاڵای دووەم کە دژی سەرۆکی تەمەن تۆمار کرابوو، ڕایگەیاند: بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، چاودێریکردنی دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناچێتە چوارچێوەی پسپۆڕییەکانی دادگای فیدراڵییەوە، بۆیە داواکە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە ڕەتکرایەوە.
لەبارەی سکاڵای یەکەمیش کە لەلایەن نەوەی نوێوە تۆمار کرابوو و داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاری (وەلائی) دەکرد بۆ ڕاگرتنی ڕێکارەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوەکوو یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکە، دادگاکە دەرکردنی ئەو فەرمانەی بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندیی بەپەلە ڕەتکردەوە.