سەرۆکی ئەمریکا لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی چین جەختی لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە کەسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، لەوانە دامەزراندنی دەستەی بازرگانی و رێککەوتنی کەمکردنەوەی باجی گومرگی و پاڵپشتیکردنی جووتیاران. هاوکات ئاماژەی بە هاوهەڵوێستیی نێوانیان لەسەر تێپەڕبوونی وزە بە گەرووی هورمزدا، رێگریکردن لە هەبوونی چەکی ئەتۆمیی ئێران و دابەزینی 97%ـی گواستنەوەی دەریایی فێنتانیڵ کرد، بڕیاریشە بەم زووانە لەگەڵ سەرۆکی چین و سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی ئەنجام بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، گوتی: لە یەکەم سەردانییەوە بۆ چین لە ساڵی 2017ـەوە تا ئەم گەشتەی نۆ ساڵ دواتر، لەگەڵ سەرۆکی چین پەیوەندییەکی کەسیی نایابیان دروست کردووە و پێکەوە خزمەتی گەلانی هەردوو وڵاتیان کردووە. گوتیشی، لە بازرگانی و وەبەرهێنانەوە تا پرسە هەرێمییەکان و ئاشتیی جیهانی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین پێشەنگایەتییان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا هەنگاوی بەرچاویان بەرەو باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان ناوە، لە کاتی سەردانەکەیشیدا بۆ بەیژینگ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا “دەستەی بازرگانی”ـیان دامەزراندووە بۆ هێنانی هاوسەنگی و دادپەروەری بۆ ناو پەیوەندییە لاسەنگەکانی پێشوو. روونیشی کردەوە، لە کاتی سەردانە فەرمییەکەی شی جینپینگ بۆ واشنتن لە مانگی ئەیلوولدا، دەستەکە یەکەم پێشنیازی خۆی خستە ڕوو و لە چوارچێوەی رێککەوتنی 30 بەرانبەر 30ـدا، هەر لایەک رازی بووە باجی گومرگی لەسەر 30 ملیار دۆلار لە بازرگانی کەم بکاتەوە.