حامد جەزائیری، فەرماندەی پێشوو لە حەشدی شەعبی، لەگەڵ کارمەندێکی دەستەکە و هاووڵاتییەکی مەدەنی، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە بەغدا دەستگیر کران؛ دەستەی حەشدی شەعبیش ڕایگەیاند ناوبراو ماوەی چوار ساڵە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕیزەکانیانەوە نەماوە.

ڕۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ڕەیحانە لە بەری ڕەسافەی بەغدا، حامد جەزائیری و دوو هاوڕێی دەستگیر کران.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئاشکرای کرد، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر 21 کیسە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی حكوومی و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا گیراوە.

دوای دەستگیرکردنەکە، موهەنەد نەجم عیقابی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕوونکردنەوەیەکدا گوتی: حامد هادی ناسر، ناسراو بە حامد جەزائیری، ماوەی چوار ساڵە لە حەشدی شەعبی دەرکراوە و سەرجەم بارەگاکانی داخراون، بۆیە ئێستا دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە دەستەکەمانەوە نەماوە.

حامد جەزائیری پێشتر فەرماندەی لیوای 18ـی حەشدی شەعبی (سەرایای خۆراسانی) بووە و لە ئەیلوولی 2020 لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە و بەهۆی سەرپێچیی ڕێنماییەکانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەمنی بووبووەوە.