عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی گرنگ و تایبەتی بۆ بارەگای كۆنتڕۆڵ لە جورف ئەلسەخڕ دەركرد و جەختی لەوەش كردەوە، كە سوپای عێراق شكۆی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاكی عێراقدا دەسەپێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 11ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، كە عەلی فالح زەیدی لە میانی پێشوازیکردنی لە فەرماندەی بارەگای کۆنتڕۆڵ لە جورف ئەلسەخڕ و جێگرەکەی، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پاکێجێک لە ڕێنمایی گرنگی لەبارەی جورف ئەلسەخڕەوە پێشکەش کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی فەرمانی داوە بە كە پەلە لە کردنەوەی سەرجەم ڕێگا داخراوەکانی ناحیەی جورف ئەلسەخڕ بكرێت و جەختیشی لەوە کردەوە کە “سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان بەپێی دەستوور و یاسا شکۆی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەسەپێنن.”

سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتویەتی: “حکوومەت بەردەوامە لەسەر پاراستنی گیان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان لە هەر ناوچەیەکی وڵاتدا بێت و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەک دەکات بۆ سەر مافە گشتی و تایبەتییەکان.”

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتە و جۆرەکانیانەوە وەک یەک جەستەن و تەواوکەری ئەرکەکانی یەکترن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ فەرمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئێستای جورف ئەلسەخڕ دەرچوو، بریاریشە سبەی هەیینی كاتژمێر 6ـی بەیانی بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.