سهرهتا وتار ٢٥ی ئەیلوول ئەو ڕۆژەی مافی ڕەوا و ئیرادەی خەڵکی کوردستان تۆمار کرا
شێرکۆ حەبیب
زۆربەی کوردستانییان بە هەستێکی پڕ لە سۆز و نیشتمانپەروەری، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ۲۰۱۷ روویان کردە بنکەکانی دەنگدان، وەک ڕۆژێکی مێژوویی پڕ لە شانازیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا، بە ئازادی دەنگ بۆ بونیادنانی کیانێکی سەربەخۆ بدەن. بۆ ئەوەی بسەلمێنن کە کوردستان، دوور لە خواستی نەتەوەکەی، بە دەوڵەتی عێراقەوە لکێنراوە و لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کە بۆ بەرژەوەندیی زلهێزەکان ئەو وڵاتەی بەناو عێراق دامەزرا؛ هەروەها کوردستانییان ئەوەیان سەلماند لەو گشتپرسییەدا کە کوردستان زێدی باوک و باپیرانە، کورد داگیری نەکردووە، بەڵکو لێی زەوت و داگیر کراوە.
بۆ تێگەیشتن لە مانای ٢٥ی ئەیلوول، پێویستە لەوە زیاتر لە پرسیاری «کورد چیی دەویست؟» بپرسین. پرسیارەکە دەبێت بەم شێوەیە بێت: «بۆچی کوردستانییان هەستیان کرد کاتی ئەوە هاتووە خۆیان بڕیار لەسەر ئایندە و داهاتووی خۆیان بدەن؟» کوردستان لە سەدەی بیستەمدا تەنها ناوی ناوچەیەک نەبوو، بەڵکو بوو بە ناوی پرسیارێکی سیاسی کە هەرگیز بە تەواوی چارەسەر نەکرا، لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دووبارە دەکرایەوە و دەوڵەتی تازە دروست دەبوون، کوردیش بەشێک بوو لەو گۆڕانکارییە، بەڵام نەیتوانی بە شێوەیەکی ئازاد بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی بدات.
کێشەکە تەنها کێشەی سنوور نەبوو، کێشەکە کێشەی دەنگ بوو. کێ دەبێت گوێ لە دەنگی کورد بگرێت لە کاتی بڕیارداندا؟ ئەم پرسیارە لە زۆرێک لە قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا بە شێوەی جیاواز دووبارە بووەتەوە؛ جارێک لە شێوەی شۆڕش، جارێک لە شێوەی ڕاپەڕین، جارێک لە شێوەی خەباتی سیاسی و جارێک لە ڕێگەی دامەزراوە و پرۆسەی دیموکراتییەوە.
لێرەدا نابێت ڕۆڵی گرنگی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرۆسەی گشتپرسیی ٢٥ی ئەیلوول لە یاد بکرێت. ئەو لەو قۆناغەدا گشتپرسییەکەی وەک دەربڕینی خواستی سیاسیی گەل و هەنگاوێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان هەنگاوی نا.
بەڵام چەند هەفتەیەک دوای گشتپرسییەکە، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووك و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دۆخەکەیان بە تەواوی گۆڕی؛ ئەو ڕۆژە بۆ زۆرێک لە کوردستانییان بوو بە ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بەهۆی لەدەستدانی ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانی پاراستبوونیان. ئەو ڕووداوە خیانەت بوو، کە هەندێک لایەنی کوردی بە هاوکاریی هێزەکانی حەشد و هێزی دەرەکی، ڕێگایان بۆ هێرش و کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووك خۆش کرد.
١٦ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ هەموو ئازار و زیانەکانی، وانەیەکی گرنگی بۆ کوردستان هەیە: ئەگەر خواستی نیشتمانی بە یەکڕیزیی سیاسی و هێزی نیشتمانیی یەکگرتوو پشتگیری نەکرێت، هەر قۆناغێکی مێژوویی دەتوانێت بە ئاراستەیەکی جیاواز بگۆڕێت.
جیاوازیی ٢٥ی ئەیلوول لەوەدا بوو کە ئەمجارە کوردستانییان روویان لە سندووقی دەنگدان کرد، بۆ ئەوەی بۆ جیهان ئەوە بسەلمێنن کە کوردستان مافی خۆیەتی ئەو غەدرەی لێکراوە، ئەمڕۆ بە شێوازێکی دیموکراتی چارەسەر بکرێت و مافەکانی بۆ بۆ بگەڕێتەوە کە دوێنێ لێی زەوت و داگیر کراوە.
لە ٢٥ی ئەیلوول گۆڕانێکی مەزن ڕوویدا؛ نەتەوەیەک کە بە درێژایی دەیان ساڵ بۆ مافەکانی خەباتی کردووە، ئەمجارە لەبەردەم سندووقەکان وەستان و بە کاغەزێک ویستی خۆیان دەربڕی. لەو ساتەدا مێژووی شۆڕشەکان، خەباتەکان و قوربانییەکان لەگەڵ پرۆسەیەکی دیموکراتی یەکدیان گرت. بۆیە دەنگدان لە ٢٥ی ئەیلوول تەنها کردارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو بۆ زۆرێک لە کوردستانییان کردەوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو.
هەر کەسێک لەو ڕۆژەدا دەنگی خستە سندووقی دەنگدان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پرسیاری مێژوویی بردووە: ئایا خاکێک کە نەوە لە دوای نەوە لەسەری ژیاون، تەنها بە ناوی نەخشە و بڕیاری سیاسیی دەرەوە دەناسرێت؟ ئایا مێژووی خەڵک دەتوانرێت بە یەک بڕیار بسڕدرێتەوە؟ ئایا نیشتمان تەنها ئەوەیە کە لە بەڵگەنامەیەکی سیاسی ناوی هاتووە، یان ئەوەشە کە خەڵک بە مێژوو و ناسنامە و ژیانی خۆیانەوە پەیوەندییان پێوەیە؟ ئەم پرسیارانە بوونە بەشێک لە مانای ئەو ڕۆژە.
لە ڕاستیدا، ئەوەی کوردستانییان لە گشتپرسییەکەدا دەیانویست بیسەلمێنن، تەنها پرسی سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکو ئەوەش بوو کە مێژووی کوردستان نابێت تەنها لە پشت دەرگای ژوورە سیاسییە داخراوەکان بنووسرێتەوە، بەڵکو کوردستانییان ویستیان بڵێن: (ئەوە مافی خۆمانە کە ئێمە مێژووی خۆمان بنووسینەوە). ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ٢٥ی ئەیلوول؛ لەوانەیە ئەنجامی گشتپرسییەکە نەبووبێتە سەرەتای دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام ڕۆژێک بوو کە خواستی سیاسیی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشکرا تۆمار کرد.
لەو ڕۆژەدا، کوردستانییان بە زمانێکی دیموکراتی ڕەفتاریان کرد. ئەو زمانە، زمانێکی بێچەک بوو، زمانێکی سندووق و دەنگ و مۆر بوو، لەوێدا دەنگی مامۆستا و قوتابی، کرێکار و کاسب، پیاو و ئافرەت، لاو و بەساڵاچوو، لە سندووقی دەنگداندا هەموویانی کۆکردەوە. ئەمە وێنەیەکی جیاواز بوو لە وێنەکانی کوردستانی پێشوو. کوردستانێک کە ساڵانێکی زۆر بە شێوەی خەباتی چەکدارانە خۆی پاراستبوو، ئەمجارە بە شێوەیەکی مەدەنی خواستی خۆی دەربڕی.
لەو ڕۆژەدا، سندووقی دەنگدان بوو بە شوێنی پێکەوەبەستنی مێژوو و داهاتوو. ئەو ڕۆژە وانەیەکی تریشی بەخشی، ئەوەی نیشان دا کە هەر خواستێکی نیشتمانی، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە پرۆژەیەکی سیاسیی بەردەوام، پێویستی بە یەکڕیزیی ناوخۆ، دامەزراوەی بەهێز، دیپلۆماسی و خوێندنەوەی وردی بارودۆخی ناوچە و جیهان هەیە. لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە گرنگترین وانەکانی دوای ٢٥ی ئەیلوول، چونکە مێژوو تەنها بۆ شانازی پێکردن نییە، بەڵکو بۆ فێربوونیشە.
ئەگەر ٢٥ی ئەیلوول بوو بە ڕۆژێک بۆ دەربڕینی خواستی گەل، ئەوا ئەمڕۆش دەبێت ئەو خواستە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی کوردستان، دامەزراوەکانی، یەکڕیزیی ناوخۆ و پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ناوچە و جیهاندا بخوێندرێتەوە. کوردستان زێدی باوک و باپیرانە، بەڵام پاراستنی نیشتمان تەنها بە هەستی نیشتمانی بەدی نایەت، بەڵکو بە دامەزراندن، یەکڕیزی، زانست، دیموکراسی و بەرپرسیارێتییەوە بەهێز دەبێت.
٢٥ی ئەیلوول بۆ کوردستان تەنها ڕۆژێک لە ساڵنامەدا نییە، بەڵکو ئەو ڕۆژە یادەوەریی ئەو ساتەیە کە خەڵک لەسەر سندووقی دەنگدان وەستان و گوتیان: «داهاتووی کوردستان دەبێت لە دەنگی خەڵکی کوردستانەوە دەست پێ بکات.» ئەوەی ئەو ڕۆژە ڕوویدا، کۆتایی چیرۆکی کوردستان نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە چیرۆکێکی درێژ کە هێشتا بەردەوامە؛ چیرۆکی گەلێک کە مێژووی خۆی لەبیر نەکردووە و هەوڵ دەدات داهاتووی خۆشی بە دەستی خۆی بنووسێت.