خەبات: تریفە ئازاد:- پرسی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئافاتێکی جیهانییە و بە هیچ ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نەبەستراوەتەوە. هەرێمی کوردستانیش وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم دیاردە مەترسیدارە. بۆ قسەکردن لەسەر هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە و هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی، گفتوگۆمان لەگەڵ سەرمەند بەرزنجی، چالاکوان لە بواری هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر ئەنجام دا.

خەبات: هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان چیین؟
سەرمەند بەرزنجی: کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی هەن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر زیاتربوونی ئەم دیاردەیە هەیە، لەوانە:
• هەڵکەوتەی جوگرافی: هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر ئەو هێڵە نێودەوڵەتییەی کە بازرگانان بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە بۆ وڵاتانی دیکە بەکاری دەهێنن، و لە کاتی ڕەخسانی دەرفەتدا بەشێک لەو ماددانە لە ناوخۆدا ساغ دەکەنەوە.
• فاکتەری دەرەکی و ئەمنی: کرانەوەی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار، لەگەڵ پلانی بەردەوامی دوژمنان لە ڕێگەی باند و سیخوڕەکانیانەوە کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بەئامانجگرتنی گەنجان و لەناوبردنی سامانی مرۆیی وڵاتەکەمانی دەبینن.
• کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان: باوەڕبەخۆنەنەبوون، کێشەی سۆزداری، بێکاری، بێ پلانیی تاک، ڕاکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان، و هەروەها هەڵبژاردنی «هاوڕێی خراپ» کە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تووشبوونی بەشێکی زۆری گەنجان.
• فاکتەری خێزانی و ڕۆشنبیری: کەمی یان خراپی پەروەردەی خێزانی، چاودێری نەکردنی هەڵسوکەوتی منداڵان لەلایەن دایک و باوکانەوە، نزمیی ئاستی زانیاری و ڕۆشنبیری، لەگەڵ سترێس و دڵەڕاوکێ.
• ئاسان دەستکەوتنی دەرمان: ئاسان دەستخستنی بەشێک لە ماددەکان، بەتایبەتی دەرمانی پزیشکی کە هەندێک جار لە دەرمانخانە لاکۆڵانەکاندا بەبێ ڕاجێتەی پزیشکی دەدرێن بە کەسەکان.
خەبات: کابینەی نۆیەم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان چی هەنگاوێکیان ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە؟
سەرمەند بەرزنجی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کابینەی نۆیەم، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارەتی کۆمەڵێک هەنگاوی جدیی گرتووەتە بەر:
1. لایەنی یاسایی: دەرکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە کە شوێنی یاسایەکی کۆنی گرتەوە.
2. پێکهێنانی لیژنەی باڵا: بەپێی یاساکە، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندروستی و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوە.
3. سەنتەری شیاندنەوە: دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوە یەکێک بوو لە بڕگە گرنگەکانی یاساکە؛ هەرچەندە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواکەوت، بەڵام ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کار لەسەر دروستکردنی دەکات و لە قۆناغی کۆتاییدایە.
خەبات: ئایا ستراتیژییەتی هێزە ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا چ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە بینیوە؟
سەرمەند بەرزنجی: لە سێ ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی ئاسایشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ستراتیژییەتی خۆیان گۆڕی بۆ «وشککردنی سەرچاوەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەر»، لە بڕی ئەوەی تەنها سەرەنج بخرێتە سەر دەستگیرکردنی بەکارهێنەران.
ئەم ستراتیژییەتە سەرکەوتنێکی زۆر بەرچاوی بەدەستهێناوە؛ بەجۆرێک کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی دەستگیرکراوانی بازرگانان زیاتر بووە لە بەکارهێنەران. لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە کۆی ٧٤٤ کەسی دەستگیرکراو، ٤٨٢ کەسیان بازرگان و ٢٦٢ کەسیان بەکارهێنەر بوون.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەرییەکان (وەک یەکێتیی قوتابیان، یەکێتیی لاوان، یەکێتیی ئافرەتان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) و هێزەکانی ئاسایش لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە زیادی کردووە، کە کاریگەریی ئەرێنی زۆری هەبووە.
خەبات: ئامارە جیهانییەکان لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
سەرمەند بەرزنجی: بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) لە ساڵی ٢٠٢٤دا، نزیکەی ٣٣١ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا (تەمەن ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ) ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، کە ئەمەش بەراورد بە دەیەی پێشوو بە ڕێژەی ٣٤٪ زیادی کردووە.
خەبات: بە بڕوای ئێوە، بۆ قۆناغی داهاتوو پێویستە چی هەنگاوێکی دیکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخە بگیرێتە بەر؟
سەرمەند بەرزنجی: پێویستە جەخت لەسەر ئەم پێشنیاز و هەنگاوانەی خوارەوە بکرێتەوە:
• دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و تەواوی بڕگەکانی یاسای بەرکار.
• پەلەکردن لە کردنەوەی ناوەندی شیاندنەوە و ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی نیشتمانیی فرەوان.
• بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستیی پێشکەوتوو و بەشداریپێکردنیان لە خولی دەرەوەی وڵات.
• دروستکردنی ئامارێکی وردی بەکارهێنەران و تووشبووان.
• جێبەجێکردنی پۆلێنبەندیی تەواو لە چاکسازییەکاندا و جیاکردنەوەی بەکارهێنەران لە بازرگانان و زیندانیانی دیکە.
• گرتنەبەری سزای قورس بۆ بازرگانان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.
• تۆکمەکردنی چاودێریی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە سیستەمی پێشکەوتوو.
• توندکردنەوەی چاودێریی دەرمانخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە فروشتنی دەرمانی هۆشبەر بەبێ ڕاجێتەی پزیشکی.