سهرهتا وتار مافی چارەی خۆنووسین مافێکی یاسایە، ڕیفراندۆمیش مافێکی یاسایی و دەستووریی گەلانە
دژوار فایەق*
پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، دەوڵەتێک نەبوو بەناوی عێراق؛ بەڵکوو عێراق لە سێ ویلایەت پێکهاتبوو و کوردستان لە چوارچێوەی ویلایەتی موو—–سڵدا بوو. لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ دروست کرا و ویلایەتی مووسڵیشی پێوە لکێنرا، کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانە.
لەڕاستیدا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، بڕیار بوو بەپێی پەیماننامەی سیڤەر دەوڵەتێک بۆ کورد لە ناوچەکەدا دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە پەیماننامەی لۆزاندا ڕێککەوتنێک لەنێوان فەڕەنسا، تورکیا و بەریتانیا کرا و ئەو مافەیان پێشێل کرد. کۆمەڵەی نەتەوەکان کاتێک ویلایەتیی مووسڵی خستە سەر عێراق، ڕاسپاردەی ئەوەی کرد کە دەبێت مافی ڕۆشنبیری، کەلتووری و ئیداری بە کورد بدرێت و نابێت دەستکاریی دیمۆگرافیای کەرکووک بکرێت. بەداخەوە ئەو ڕاسپاردانەش جێبەجێ نەکران و مافی کورد دابین نەکرا.
لە ئەنجامدا، لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تاوەکوو ٢٠٠٣، خەڵکی کوردستان زنجیرەیەک شۆڕشیان کرد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و یاسایەکانیان لەسەر زێدی باوباپیرانیان؛ وەک شۆڕشەکانی بارزان، شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر، شۆڕشی ئەیلوول، پاشان گوڵان و ڕاپەڕین. هۆکاری ئەو شۆڕشانە ئەوە بوو کە کێشەی کورد لە عێراقدا بە شێوازی ئاشتییانە چارەسەر نەدەکرا، هەرچەندە لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەگەڵ هەموو حکوومەتەکاندا گفتوگۆی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی و ئاشتییانە.
لە ساڵی ١٩٧٠ حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق دانی نا بە مافی ئۆتۆنۆمیدا بۆ کوردستان لە ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی ١١ی ئازاردا، بەڵام لە ئاداری ١٩٧٤ پاشگەز بووەوە لە بەڵێنەکانی و جارێکی تر شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە؛ هەروەک چۆن حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم پەشیمان بووهوه لە جێبەجێکردنی ماددەی ٣ی دەستووری کاتیی ١٩٥٨ کە تێیدا هاتووە کورد و عەرەب شەریکن لە عێراقدا.
کوردستان لە ٢٠٠٣دا بە هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەددام و بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ؛ عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی و پەرلەمانی. هەروەها ڕۆڵی گەورەی بینی لە نووسینەوەی دەستوور و جێگیرکردنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان.
لە عێراقی نوێدا بڕیار وابوو کورد هاوبەشی ڕاستەقینەی دەسەڵات بێت و فەلسەفەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش لەسەر بنەمای هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی بێت. جگە لە دەستوور، کۆمەڵێک ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغداد ئەنجام دران، بەڵام جێگای داخە حکوومەتی عێراق و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان لە پەیمانەکانیان پاشگەز بوونەوە. زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستوورییان جێبەجێ نەکرد کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبوو، هەروەها پرەنسیپی هاوبەشی، سازان و هاوسەنگییان پێشێل کرد.
بەتایبەتی لەدوای ساڵی ٢٠١٠ەوە، حکومڕانی لە عێراق بەرەو تاکڕەوی ڕۆیشت و هیچ چارەسەرێکیان بۆ ماددەی ١٤٠ نەدۆزییەوە و یاسای نەوت و گازیان لە پەرلەمان پەسەند نەکرد. بودجە و مووچەی کوردستانیان لە ٢٠١٤ بڕی، ئەمەش کوردستانی تووشی نائومێدی و بێمتمانەیی کرد. هەرچەندە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەمیشە داکۆکی لە جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە دەکرد، بەڵام بەغداد وەڵامێکی گونجاوی نەبوو.
ئەمە وای کرد کوردستان بیر لە ڕێگەچارەیەکی تر بکاتەوە: یان پێکەوەژیانی فیدراڵیی برایانە لەسەر بنەمای دەستوور و دوور لە دیکتاتۆریی زۆرینە، یانیش ڕێککەوتنی ئاشتییانە وەک دوو وڵاتی دراوسێی باش.
لەبەر ئەم هۆکارانە، بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و هاوکاریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کوردستان ناچار بوو پەنا بباتە بەر ڕیفراندۆم و ڕاپرسی وەک مافێکی دەستووری و یاسایی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی؛ چونکە کوردیش وەک هەموو گەلانی جیهان مافی خۆیەتی ئازادانە بڕیار لەسەر ئاییندەی خۆی بدات. لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم بە شێوازێکی ئاشتییانە بەڕێوەچوو و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا؛ ڕێژەی بەشداری ٧٢٪ بوو و زیاترو ٩٢٪ی بەشداربووان بە «بەڵێ» دەنگیان دا.
پرۆسەی ڕیفراندۆم ئامانجی خۆی پێکا و سەرکەوت، وەکوو پێشبینی دەکرا و بە ڕوونی سەلماندی کە خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی یەکڕیز و هاودەنگە، خواستی بەرزی بۆ سەربەخۆیی هەیە و، بە تەواوی بێهیوایە لە مانەوە لە عێراقێکدا کە ئەقڵییەتی حکومڕانییەکەی بڕوای بە دەستوور و دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە نییە.
بەڵام بەداخەوە، لەجیاتی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلێک، دیسانەوە پەنا بردرایەوە بەر زەبروزەنگ؛ بەغداد زۆر بە توندی وەڵامی پرۆسەکەی دایەوە، چەندین یاسای دژ بە کورد دەرکرد لە پەرلەمانی عێراقدا و بە هاوکاری و گەلەکۆمەی وڵاتانی دەوروبەر، هێرشی سەربازییان کردە سەر کەرکووک و ناوچەکانی تر و تەنانەت بۆ داگیرکردنی تەواوی کوردستان، بەڵام لە پردێ و سحێلا ڕێگرییان لێ کرا و تووشی شکست بوون.
لە میانەی ئەم دۆخەشدا، هەڵوێستی لاواز و سستی ئەمریکا و ئەوروپا لە بەرانبەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بووە هۆی ئەوەی کە مافە یاساییەکانی کورد فەرامۆش بکرێن.
لەگەڵ هەموو ئەم ئاستەنگانەشدا، بەڵگەی ڕیفراندۆم وەک ڕاستییەکی مێژوویی و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە. ئەگەر کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکرێن، ئەم پرسە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە، ئەمجارەیان پشتیوانیی نێودەوڵەتیی زیاتر دەبێت و دەبێتە ئەمری واقع.
بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم… بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنووسین. سڵاو لە سەرۆک مەسعود بارزانی کە ڕۆڵی کاریگەر و مێژوویی بینی… سڵاو لە لایهنگرانی ریفراندۆم. بژی کوردستان، وڵاتی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکان.
*ڕاوێژکاری باڵا.