ریفراندۆم وەکوو ئیرادە؛ بۆ پاشەرۆژ نەخشەڕێگای جیۆپۆڵەتیکییە

145

پ.ی.د. ساسان حیکمەت
مافی بڕیاردانی چارەنووس بوو بە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی دوای ئەوەی بە ئاشکرا لە گرنگترین پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە پابەند( ملزم) بۆ سەر وڵاتان جێگیر کرا، کە دیارترینیان بریتین لە:
یەکەم: میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان (1945): لە ماددەی 1 (بڕگەی 2) و ماددەی 55 دا بە ئاشکرا وەک یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە دەستنیشان کراوە.
دووەم: پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ (1966):ئەم مافە لە ماددەی یەکەمی هاوبەش لە نێوان “پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان” و “پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان”دا چەسپێنراوە، کە بە ئاشکرا دەڵێت:”هەموو گەلان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان هەیە و لە کاتەدا بووە بە پرەنسیپێکی جێگیر و چەسپاو لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی دا و مافێکی یاساییە بۆ هەموو نەتەوە و گرووپێک بەبێ جیاوازی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی گشتی دا. پرەنسیپی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیان وەک پرەنسیپێکی یاسای نێودەوڵەتی گشتی هاوچەرخ لە دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو جاڕنامە و ڕێککەوتننامانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلان و مافەکانیان دەریکردووە جێگیرکراوە، لە پاش ئەوە بووە بە مافێکی گەوهەریی یاسایی و پێشێلکردنیشی بە مانای نکۆڵیکردن دێت لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە جیهاندا.
کەواتە دەتوانین بڵێین مافی بڕیاردانی چارەنووس، مافی هەموو نەتەوەیەکە قەوارەیەکی سەربەخۆیی هەبێت و خۆی بڕیار لە سەر کاروباری خۆی بدات. مافێکە هاووڵاتیانی نیشتیمانێک بە هۆیەوە چارەنووس و بەها سیاسیی و یاساییەکانی نیشتیمانەکەیانی پێ دیاری دەکەن.
لە کتێبی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)ی جان جاک ڕۆسۆ دا هاتووە، هەر گەلێک وادار بە ملدانەواندن دەکرێ و ملیش دانانەوێنێت ئەوا شتێکی باش دەکات، کاتێکیش دەتوانێ دەسەڵاتی ملکەچگەرایی ڕاماڵێت و بە کردەوەش ڕایدەماڵێت ئەوا کارێکی باشتر دەکات، چونکە بەوە سەربەستی خۆی وەردەگرێتەوە. بیرمەندی سیاسیی و کۆمەڵناس میکائیل ئەلیکساندەرۆڤیچ باکونین لە ساڵی (1866) پێی وابوو کۆمەڵگە دەبێ دووبارە ڕێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو کەس و کۆمەڵێک و هەروەها هەموو هەرێم و نەتەوەیەک مافی ڕەهایان لە بڕیاردانی چارەنووسیان هەبێت، هەروەها مافیان هەبێت ئەو دەوڵەت و حکوومەتە دیاری بکەن کە ئارەزووی دەکەن. ودرۆ ویلسون سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا لە (22)ی کانوونی دووەمی ساڵی (1917) دا دەڵێت (ئاشتی هەمیشەیی ناهێتەدی بۆ ئەو حکوومەتانەی دان بەم پرەنسیپە دا ناهێنن).
لە دەستوورنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیباجە و بڕگەی دووەمی ماددەی یەکەم دەڵێ (گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان دەبێت لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لەو پرەنسیپانە بێت کە داوای یەکسانی تەواو لە نێوان گەلان دا دەکات بەوەی هەر یەکەیان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت).
مافی چارەنووسین یەکێکە لە پرەنسیپە هەرە جوان و دادپەروەرەکانی ناو یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام لە واقیعی سیاسەتی جیهانیدا، زۆرجار ئەم مافە ڕووبەڕووی دیوارێکی پۆڵاین دەبێتەوە کە پێی دەگوترێت بەرژەوەندیی زلهێزەکان. ئەم ململانێیە بریتییە لە جەنگی نێوان ئایدیالیزم (ئەوەی کە دەبێت هەبێت) و ڕیاڵپۆلەتیک (ئەوەی کە لە واقیعدا هەیە).
وڵاتە زلهێزەکان (وەک ئەمریکا، ڕوسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپا) سیاسەتی دەرەوەیان لەسەر بنەمای سۆز دانەڕشتووە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی، هاوسەنگیی هێز، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و سەقامگیریی ناوچەیی بونیادیان ناوە. هەر بۆیە کاتێک نەتەوەیەک داوای سەربەخۆیی دەکات، زلهێزەکان لەبری ئەوەی بپرسن مافی خۆیانە، دەپرسن ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرژەوەندییەکانمان دەبێت، چونکە زۆرجار ئەو نەتەوەیەی داوای سەربەخۆیی دەکات، دەکەوێتە چوارچێوەی دەوڵەتێکەوە کە خۆی هاوپەیمانێکی گرنگی ستراتیژییە بۆ زلهێزەکان. لەم کاتەدا، هیچ زلهێزێک ئامادە نییە هاوپەیمانێکی خاوەن دەوڵەت و سوپا لەدەست بدات لە پێناو پشتگیریکردنی قەوارەیەکی تازە لەدایکبوودا.
مێژوو سەلماندوویەتی کە مامەڵەی زلهێزەکان لەگەڵ ئەم پرسەدا تەواو دووفاقەیە و مافەکە وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنن. ئەگەر سەربەخۆیی نەتەوەیەک ببێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتێکی دوژمن یان نەیار، ئەوا زلهێزەکان بەناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە پشتگیریی دەکەن (وەک نموونەی جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ لە سڕبیا کە لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ڕۆژئاوادا بوو). بەڵام ئەگەر سەربەخۆییەکە لەسەر حیسابی وڵاتێکی دۆست بێت، یان ببێتە هۆی شڵەژانی بازاڕی وزە لە ناوچەیەکی هەستیاردا، ئەوا بە توندی دژی دەوەستنەوە و بە پاساوی پاراستنی یەکپارچەیی خاک ڕەتیدەکەنەوە.
زاڵبوونیش بەسەر ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکاندا بۆ گەلانی بێدەوڵەت وەکو کورد کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. لەبری پشتبەستن بە سۆز و مافە مێژووییەکان، دەبێت ئەم گەلانە بە عەقڵیەتێکی پراگماتیک (واقیعبینانە) کار بکەن و ستراتیژییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا یەکبخەن، لەوانە بەستنەوەی ئابووری؛ هەرێم خاوەن سەرچاوەی گرنگی وزەیە و پێگەیەکی جوگرافیایی ستراتیژی هەیە و دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەستی درێژخایەنەوە بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زلهێزەکان بە خۆیەوە ببەستێتەوە، بەمەش زلهێزەکان ناچار دەبن لە پێناو سەروەتەکەی خۆیاندا بەرگری لێ بکەن. هەروەها بوون بە هێزێکی متمانەپێکراو بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە یان شەڕی دژی تیرۆر، وادەکات زلهێزەکان پێویستیان بە کورد بێت و وەک هاوبەشێکی ستراتیژی سەیری بکەن. چونکە گەورەترین وانەی ڕیفراندۆم بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە زلهێزەکان دروستبوونی دەوڵەتێک قبوڵ ناکەن کە لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە ناوەند ببەستێت و هێزێکی سەربازیی یەکگرتووی نەبێت. ئەم ئەزموونە دەبێت ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ حکوومەتی هەرێم کە سەرەتا سەربەخۆیی ئابووری (فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات، گرنگیدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی) و سەربەخۆیی سەربازی (یەکخستنی تەواوەتیی پێشمەرگە) ڕابگەیەنێت، پێش ئەوەی جارێکی تر هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی سیاسیی بنێت.
ئەمە جگە لە بەکارهێنانی هێزی نەرم و دیپلۆماسیی گشتی و لۆبیکردن لە ناوەندەکانی بڕیار، بەتایبەتی بونیادنانی لۆبییەکی بەهێز لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا، پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپی، میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوەی وڵاتە زلهێزەکان، کە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕینی ئاراستەی بڕیاری سیاسیی.
هەروەها نیشاندانی مۆدێلێکی پێشکەوتوو لە ڕووی کولتووری لێبوردەیی، پاراستنی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی (کە هەرێم لەمەدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە) وادەکات ڕای گشتیی جیهان سۆزی زیاتری بۆ دۆزی کورد هەبێت و گوشار بخاتە سەر حکوومەتەکانیان. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر یەکدەنگیی ناوخۆییە؛ نەتەوەیەک کە لە ناوخۆیدا پەرتەوازە بێت، ناتوانێت لە دەرەوەش وەک یەک هێز قسە لەگەڵ زلهێزەکان بکات. یەکڕیزیی سیاسیی یەکەم هەنگاوی بەهێزبوونە. سەرەڕای ئەمانەش دامەزراندنی سیستەمێکی شەفاف و دوور لە گەندەڵی، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت کە ئەم قەوارەیە شایستەی ئەوەیە ببێتە دەوڵەت و دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات. باشترین و دیارترین نموونە لە مێژووی هاوچەرخدا کە توانی ئەم ستراتیژییانە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات، کۆسۆڤۆیە.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ پڕاکتیزی مافی چارەنووسین بوو. سەرباری ئەوەی لە کورتخایەندا لێکەوتەی قورسی سیاسیی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لە ڕووی ستراتیژی و درێژخایەنەوە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە کە دەتوانرێت وەک کارتێکی بەهێز لە ئایندەدا بەکاربهێنرێت. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم پرۆسەیە ببێتە خاڵێکی بەهێز، دەبێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە (کە زیاتر لە ٩٢٪ی دەنگدەران دەنگیان بە بەڵێ دا) وەکو دۆکیۆمێنتێکی زیندوو سەیری بکەین کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەسەرناچێت. پێویست ناکات هەرێمی کوردستان جارێکی تر ڕیفراندۆم بکاتەوە؛ ئەم ئەنجامە دەکرێت لە هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوچەییدا وەک ئیرادەی سەلمێنراوی خەڵکی کوردستان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان و بە جیهان بوترێت ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، تەنها چاوەڕێی دەرفەتەکەین. هەروەها دەکرێ وەک کارتێکی گوشار لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەکاربهێنرێت، چونکە ڕیفراندۆم پەیامێکی ڕوون بوو بۆ بەغدا کە مانەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا ئارەزوومەندانەیە نەک زۆرەملێ. ئەگەر عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت و دەستوور مامەڵە نەکات، ئەوا ئێمە ئامادەین ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە کارا بکەینەوە.
ڕیفراندۆم هەوڵێک بوو بۆ پێدانی پەیامێک بە وڵاتانی زلهێز و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەو نەخشەیەی لە سەدەی ڕابردوودا بەبێ خواستی کورد بەسەر ناوچەکەدا سەپێنرا، ئیتر قبوڵکراو نییە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت. هەروەها پەیامێکی ئەخلاقی و یاسایی بوو کە خەڵکی کوردستان پێی وتین ئێمەش وەک هەر نەتەوەیەکی تری جیهان مافی ئەوەمان هەیە بە شێوازێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و چاوەڕوانی ساتی گونجاوی جیۆپۆلەتیکی دەکەین.