سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕوانگەی ئێمە بۆ شیعری كلاسیك بە گشتی تاكو ئێستا، لەو ڕوانگە تاكڕەهەندییە دەرناچێت، كە شیعری كلاسیك بە بە ئاماژە و گەڕانەوەیەك بۆ قۆناغ و سەردەمێكی دیاریكراو بناسێنین، ئەویش قۆناغی شیعری كلاسیكە. بەو مانایەی هەر كات باسی ئەو قۆناغە دەكەین، جۆرێك لە تێڕوانینمان لا دروست دەبێت كە شیعری زەمەن و شوێنێكی دیاریكراوە و دەبێ پەیوەست بەو قۆناغە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. بەدەر لەمە، نەمانتوانیوە خوێنەوەیەكی فرە ڕەهەندانە بۆ ئەو قۆناغەی شیعری شاعیران بكەین.
بێگومان ئەو ڕوانگە تاكڕەهەندیەی ئێمە بۆ شیعری كلاسیك، ئەگەر لە سەرێكەوە بۆ ئاڵۆزیی و قووڵی مانای شاراوەی شیعرییانەی ئەو شاعیرانە بگەڕێتەوە، بەو پێیەی لە ڕووی زمان و دنیابینییەوە شیعری كلاسیك بە بەراورد لەگەڵ هەر قۆناغێكی دیكەی شیعری كوردی، ئاڵۆز و خوێنەوەی وردەكاریی و بیركردنەوە و شڕۆڤەكردنی قووڵی دەوێت، ئەوا بە بڕوای من لە سەرێكی دیكەوە بۆ نەبوونی دنیابینییەكی هاوچەرخانە بۆ ئەو شیعرانە و بەستنەوەیان بە ئێستاوە دەگەڕێتەوە. بەو مانایەی ئێمە بە بەراورد لە گەڵ قۆناغەكانی دیكەی شیعری كوردی لە هەفتاكان و هەشتاكان و دوای ڕاپەڕینیش، كەمتر خوێنەوەمان بۆ شیعری كلاسیك كردووە، ئەوەشی هەبووە لە ڕابردوودا، جگە لە هەوڵە بەرچاوەكانی بنەماڵەی مودەریس و مامۆستا مسعود مەحمەد و چەند هەوڵێكی دیكە، چیتر نەبووە، خوێندنەوەی ئەوانیش لەو چوارچێوە بەلاغی و زمانی و ئاینییە دەرنەچووە، كە وەك گوتارێكی سەرەكی لە دوو توێی ئەم قۆناغەی شیعری كوردی دەبینرێت ئەم خوێندنەوانە خوێندنەوەیەك بوونە، تەهها لە نێو ڕووبەری دەقدا و ئیدی لە دەرەوەی ئەم ڕوانینە، بەر جۆرە ڕوانگەیەكی دیكەی جیاواز ناكەوین، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، كە ئێمە جۆرێك لە بە پیرۆزكردنمان بەو شاعیرانە داوە، ئیدی سنوورێكی دیاریكراو، لە بەردەم خۆیان و شیعرەكانیان دروست بووە. نالی، لە قەسیدەی مەستوورەدا، دەردێك بە مەستوورە وەك ژن دەكات، با بەدەواری شڕی نەكردبێت، كەچی بە دەگمەن ڕەخنە لەم ڕوانگە پەتریاكی و میللیی و شكۆ شكانەی ژن لای نالی گیراوە. شاعیرە لاسیكەكانی ئێمە، بەشێكیان خۆیان بە سەگی بەردەم قاپی شێخێك ناساندووە، واتا ئەوەندە خۆیان لە ئاست ئەو شێخەدا، كە مەقامێكی دینی هەیە، پێ كەم و بێ بەها بووە!
یان لە ئاستی ژندا، خۆیان زۆر بە بچووكی و كەمی بینیوە، ستاییشی سوڵتان و میرو دەسەڵاتدارانیان كردووە، پەسنی ئیسلامیان داوە، بۆ نموونە شێخ ڕەزا دەڵێت:
مەربووتە حەیاتم بە سلێمانی و خاكی
خۆزگەم بەسەگی قاپییەكەی ئەحمەدی كاكی
هەروەها نالیش لە دێڕە شیعرێكیدا دەڵێت:_
گوتم قوربانی تۆ من بم
گوتی قوربانی تۆ سەگ بێ
بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا، شاعیرانی گۆران كەمتر دەچنە نێو ئەم خانەیەوە چونكە ئەوان پاشماوەی یارسان و ئایننی زەردەشتین وبگرە شیعریان بە شێوەزارێكی تایبەتتر كە گۆرانە نووسیوە.
سەرچاوەكەیان بۆ كولتووری زەردەشتیەت و زمانی ئاڤێستایی دەگەڕێتەوە، لێرەوەش گەر بەوردی سەرنج لە شیعری ئەم شاعیرانە وەك مەلا پەڕێشان و بێسارانی و قوبادی و وەفایی، هەروەها مەولەویش، لە ڕووی زمانی نووسینەوە بدەین، دەبینین ئستاتیكاو مۆزیكایەكی كوردانەتر، بە شیعری ئەم شاعیرانەوە دیارە بەراورد بە شیعرەكانی سالم، یان نالی، یان مەحوی!
تەنانەت شیعرەكانی وەفایی، بە زمانێكی هێندە لیریكی و جوان نووسراون، كە وێرای ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە دەچنە خانەی ئەدەبی كلاسیكەوە، كەچی وەك شیعرێكی هاوسەردەمیانە، هەموو بنەماكانی شیعری لیریكی، كە شیعری تایبەت بە گۆرانییە تێدایە، چونكە شاعیرانی گۆران، هەر بەو شێوەزارە شیعریان نووسی (شاعیرانی سەر بەشێوەزاری گۆران، تایبەتمەندی شیعری گۆرانیان هەیە و هاوشێوەی شیعری عەروز نین(1) بۆیە شیعری شێوەزاری گۆران، بەو شێوەیە نەكەوتە ژێر ئایین و توانی تا ئەندازەیەك پارێزگاریی لە مۆركە زمانەوانییە كوردییەكەی خۆی بكات.
بێگومان لە دوای ئەوەی كورد دەبێتە موسڵمان، ئیدی ئایین و شیعریی ئایینی، جیهانبینی شیعری كلاسیكی كوردی دەگرێتەوە و لەو ڕوانگەیەوە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە، شیعری ئایینیان نووسیوە، لە بەشێك لەو شیعرانەدا ڕەخنە لە پیاوە ئاینییەكان لە شێوەی سۆفی و مەلا و حاجی و شێخ دەگرن، بەڵام لە پاڵ ئەم ڕەخنەگرتنە، پەسنێكی زۆری ئایینیشیان داوە، ئەمە وێرای ئەوەی كە شیعریان بە سەر دەسەڵاتداران و میر و بەگەكان نووسیوەوە.
لێرەوەش گەر سەرنج بدەین دەبینین بەگشتی بابەتە چینایەتی و نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتییەكان، نابنە گوتاری شیعری كوردی تێمای دەقی شیعریی، هەتا سەرەتاكانی سەدەی بیست و ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و نەتەوەییانەی دێنە ئاراوە، كەواتا پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لە سەردەمی ئەم شاعیرانە هیچ گرفتێكی كۆمەڵایەتی و چینایەتی و مرۆیی نەبووە؟ تەنانەت ئەحمەدموختار جاف، كە یەكێكە لە بە ئاگاترین شاعیرانی سەدەی ڕابردوو، ڕەخنە لە شاعیرانی پێشتر دەگرێت، كە تەنها شیعریان بۆ ئەگریجە و پەرچەم وڕەگەزی مێ نووسیوە و داوایان لێ دەكات، خەمی نەتەوەو نیشتمانەكەیان بێت! بەشێك لە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە، نەك تەنها لە دەسەڵاتەوە نزیك بوونە، بگرە سوكایەتی گەورەیان بە مرۆڤ كردووە، مەحوی سوكایەتی بە مرۆڤ دەكات و بە چاوێكی سووك سەیری جوولەكەو ئاینەكانی تر دەكات (شیعری مەحوی لێبوردەیی و ئاشتی و پێكەوە ژیانی تێدا بەدی ناكرێت، لە ڕوانگە و جیهانبینی شاعیرەوە، ماف بە هیچ میللەت و كەسێك بە ڕەوا نابینرێت، كە ملكەچی ئیسلام و خەلافەتی خوێنمژی عوسمانی نەبێت)(2).
لە كاتێكدا بە ئێستاشەوە ئێمە لە نائاگایەوە بەمەحوی دەڵێین حەزرەت! حاجی قادر، دژ بە سەربەخۆیی ئەرمەنییەكان دەوەستێتەوە، كە قوربانیدەرترین نەتەوەی دنیان. لە سەروبەندی جینۆسایدی ئەرمەنییەكان، پیرەمێرد لەم وڵاتە پۆستی هەبووە، كەچی هیچ ئاماژەیەكی بەو جینۆسایدە نەكردووە.
لەكاتێكدا مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە و مرۆڤ لە ئەدەب و شیعرو هەموو شتێك گەورەترە. ئەمە وێرای ئەمەی كە هەر ئەم شاعیرانە، بەشێكیان سوكایەتی گەورە بە ژن دەكەن، وەك ئەوەی حاجی قادر بە منداڵێك گەر زمانی بابی نەزانێ دەڵێت، ئەوا بە موحققەقی دایكی حیزە(3) لە كاتێكدا لە ئایینی ئیسلامدا، ئەمانە دەچنە خانەی تۆمەت هەڵبەستنەوە.
زیوەر گاڵتە بەكەسانی مەیخۆر دەكات، دژی هونەری سینەمایە، شێخ رشەزا، هەرچی هەیە دیچنیچتە سەردەست، ئەمانەو چەندان نموونەی تر، بۆیە ئێمە پێویستیمان بە خوێنەوەیەكی دیكەی سەردەمیانە بۆ ئەزموونی شیعری شاعیرانی كلاسیك بە گشتی هەیە و تیایدا شیعرەكانییان لە ڕوانگەیەكی دیكەی دەرەوەی ئەو ڕوانگە چەسپا و كلاسیكییە ببینین كە تاكو ئێستا باوە، چونكە ئەو خوێنەوە تاكڕەهەندییە، دەرگای خوێنەوەی تازە و هەڵسەنگاندنی نوێ بە ڕووی شیعری ئەو قۆناغەدا كە مێژووییترین و دیارترین قۆناغی شیعلای كوردییە دادەخات، كە ئەمەش لەگەڵ دنیابینی شاعیرە كلاسیكەكان و شیعرەكانییان یەك ناگرێتەوە، كە دەشێ خوێنەوەی جیاواز و نوێیان بۆ بكرێت.
پەراوێزەكان:
1- شیعری كلاسیكی كوردی و تابۆ شكێنی، بوشڕا كەسنەزانی، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم -2019.
2- بەهای مرۆڤ لە شیعرەكانی مەحویدا، بانێژەی ئەدەب و كولتووری ڕۆژنامەی ڕەوت، ژمارە (40) شوباتی 2026.
3- بڕوانە دیوانی حاجی قادری كۆیی.
4- دیوانی شاعیرانی تر.