ڕۆژی چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد.
لەو دیدارەدا كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و بەمەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانیی كردبوو، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتەكەی.
هەروەها ئەزموونی كاركردنی خۆی لە هەرێمی كوردستان بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و یارمەتیدەری بوونە لەسەرخستنی كاركردنیدا.
ئەوەشی ڕاگەیاند هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێری كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و كاری تازەیدا.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا و بەردەوامی و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكان كرایەوە.
