خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- سنووری شارەوانیی چوار فراوانە و زۆرترین گەڕەک لەخۆ دەگرێت؛ لە شەقامی ٦٠ مەترییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە شەقامی ١٥ مەتری (شەقامی ئیسکان بۆ شەقامی کۆیە). ئەو گەڕەکانەی لە شەقامی ٦٠ مەترییەوە نزیکن وەک: مامۆستایان، ئەمین عامەکان، بەلاشاوە، موفتی، باداوە، هەروەها لەو بەریش گەڕەکەکانی کارێزان، ١٢١ی گوڵان، هەڤاڵان، سەروەران، ٥ی حەسارۆکان، شورتاوە، ٨ی سەرۆکان، بێرکۆتی نوێ و سیمی خاتوناوە لەخۆ دەگرێت.

ڕۆژانە بە شێوەیەکی فراوان هاووڵاتییان ڕوو لە خانوودروستکردن و وەرگرتنی مۆڵەت دەکەن، ئەوەش نیشانەی گەشەشەندنی ئابووری، سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە. دەربارەی گرنگترین کار و پڕۆژە جێبەجێکراوەکان، سەردانی شارەوانیی چوارمان کرد و لەوێ ئەندازیار ئەحمەد ڕەزا، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار زانیاریی زیاتری بۆ ڕۆژنامەی خەبات خستە ڕوو.

گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو گەڕەکەکان
ئەندازیار ئەحمەد ڕەزا ڕایگەیاند: پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری شارەوانیی چوار لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زۆر بوون؛ گەڕەک نییە لەو سنوورە پڕۆژەی پێ نەگەیشتبێت. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی باشبوونی باری دارایی هاووڵاتییان و ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان بەخۆیەوەی بینیوە، ڕۆژانە مۆڵەتی خانوودروستکردن بە هاووڵاتییان دەدرێت و تیمەکانی ڕووپێوی خەریکی ئەنجامدانی ئەرکەکانیانن.

زیاتر گوتی: لە ساڵانی ڕابردوودا کابینەی نۆیەم پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گەیاندۆتە هەموو گەڕەکەکان؛ لە قیرتاوکردن، ئاوەڕۆ، گەیاندنی ئاوی خواردنەوە، کارەبا و دروستکردنی مزگەوت و قوتابخانە. ئەگەر قەیرانی دارایی نەبووایە پڕۆژەی زیاتریش ئەنجام دەدران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بەردەوام بوون. ئەو پڕۆژانەشی جێبەجێ کراون لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر بوون. دواپڕۆژەش دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی ٣٠ مەتری بوو لە گەڕەکی هەشت هەزاری فەرمانبەران، لەگەڵ فەرشکردنی تێکەڵە لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک. بۆ چەندین پڕۆژەی دیکەش دەرخستەمان ئامادە کردووە و چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجەین.

دەربارەی هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و سەرۆکایەتیی شارەوانی، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار ئاماژەی بەوە کرد کە هەماهەنگیی بەردەوام هەیە و لەسەر داهاتی %١٥ی شارەوانی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە جێبەجێ کراون. هەروەها هەفتانە کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەنجام دەدرێت بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

چاککردنەوەی شەقامەکان و هەڵمەتی قیرتاوکردن
دەربارەی چاککردنی شەقامە کۆن و چاڵوچۆڵەکان، ئەندازیار ئەحمەد ڕەزا ڕوونی کردەوە: هەڵمەتی چاککردنەوەی شەقامەکان بەردەوامە. کارگەی قیڕی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هاوکارێکی سەرەکیی ئێمەیە. ڕاستەوخۆ دوای ئاگادارکردنەوەمان لە ئامادەباشیی کارگەکە، تیمە تایبەتەکانمان دەست بە چاککردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامە سەرەکییەکان و ناو کۆڵانەکان دەکەن و بەردەوام دەرخستەی نوێ بۆ ئەم مەبەستە ئامادە دەکرێت.

ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی
دەربارەی جەنجاڵی و زێدەڕۆیی کاسبکاران، بەتایبەت لە گەڕەکی چوار هەزاری فەرمانبەران، بەڕێوەبەری شارەوانی گوتی: چەندین جار هەوڵی ڕێکخستنەوەی سەوزەفرۆشانی ئەو گەڕەکەیان داوە کە جەنجاڵییان لەسەر جووتسایدەکە دروست کردووە. بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەرنامەمان داڕشتووە و دیزاین و دەرخستە ئامادەیە بۆ دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ لەسەر گۆڕەپانی شارەوانی، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواکەوتووە.

زیاتر گوتی: مەبەستمان بڕینی ڕزقی کاسبکاران نییە، بەڵام داوایان لێ دەکەین هاوکارمان بن و زێدەڕۆیی نەکەن. ڕۆژانە ڕێگەکان پاک دەکرێنەوە و چاودێرانی شارەوانی سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی شەقامەکانن، بەتایبەت لە شەقامی ١٠٠ مەتری و ڕێگەی کۆیە کە ڕێگری لە شێواندنی دیمەنی شەقامەکان کراوە.