خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- ناحیەی سەروچاوە دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژئاوای ئیدارەی ڕاپەڕین، نزیکەی 18 کیلۆمەترلە قەزای ناوەندی ڕانیەوە دوورە. سەرەڕای هەبوونی سروشتێکی جوان و ئاووهەوایەکی فێنک، سەروچاوە خاوەنی دەریاچەیەکی بەناوبانگە و لە بەشی باشوری دەریاچەکەش بەنداوێکی جوان لە شێوەی پلیکانەی پێچاوپێچ زیاتر بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێم.
بۆ ئەم مەمەبەستەش ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە نێوەڕاست و باشوری عێڕاق لەگەڵ گروپەکانی گەشتیاری سەردانی ئەم ناوچە دڵگیرە دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش خەڵک و دوکاندار و هاووڵاتیانی ئەم شوێنە زۆر بە ڕێکوپێکی ڕێزێکی زۆرە پێشوازی لە میوانەکان دەکەن.
پاشماوە و زبڵی گەشتیاران دانیشتووانی سەروچاوەی نیگەران کردووە
ئەوەی زیاتر هاووڵاتیان و سەرۆکایەتی شارەوانی و کەسانی خەمخۆری دەڤەرەکەی نیگەران کردووە، ئەو کەمتەرخەمیەیە کە گەشتیاران لە پاکڕاگرتن و خاوێنی ئەو ناوچە گەشتیاریە پەیڕەوی دەکەن، هەر بۆیە شارەوانی سەروچاوە و کۆمپانیای بیڤان بۆ پاکراگرتنی سنووری شارۆچکەکە بەمەبەستی خاوێنکردەوە و فڕێدانی پاشماوەی ئەو خۆراک و خواردنەوانەی لە نێو قووتو و دەبەی کۆمپانیاکان بەرهەم هاتوون هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، ئەگەرچی چەندین جاریش له پێشوودا تیمەکانی شارەوانی بەچەندین بەیاننامە و فلێکس هۆشیاری و ڕێنماییان داوە بەگەشتیاران، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانیە ئەوەیە: ئەو کەمتەرخەمیە دووبارەو سێ بارە دەبێتەوە.
نیگەرانیی هاووڵاتیانی سەروچاوە
خەبات لە نزیکەوە سەردانی بەنداوەکەی کردو دەربارەی دۆخ و نیگەرانی هاووڵاتیان و گەشتیاران پرسیاری ئاڕاستەی ( عومەر عەبدولقادر محەمەد) کرد، کە بەڕێزیان یەکێکە لە کەسە خەمخۆرەکانی سنوورەکە و چالاکوانێکی دیاری ژینگە و پاراستنی ئاژەڵ و دارە سروشتیەکانە و بە خەباتی ڕاگەیاند: ئێمە هەموومان چاومان لەوەیە حکوومەت خزمەتمان بکات، بەڵام کاتێکیش خزمەتمان دەکات و پڕۆژەمان بۆ تەرخان دەکات، بەداخەوە ئەو کات قەدر و بەهای خزمەتگوزاریەکان نازانین، قسەیەک هەیە دەڵێت: هەموو زیندەوەرێک ژینگە دۆستە، بە تەنها مرۆڤ نەبێت. بەداخەوە ئەم قسەیە 100٪ ڕاستە و زۆرجار پێموایە، ئەو تاوانەی مرۆڤ بەرانبەر سروشت کردوویەتی، ئەوا هیچ لافاو و زریان و بوومەلەرزەیەک ئەنجامی نەداوە.
ڕێژەی گەشتیاران
دەربارەی ڕێژەی گەشتیاران و کەمی و زۆری ئاستیان بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو، عومەر عەبدولقادر بە خەباتی گوت: ئەو خەمڵاندنە زیاتر کاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارو ئەو ئامارانەیە کە بەشی گەشتوگوزاری سەروچاوە بڵاویدەکەنەوە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم سوپاس بۆخوا، خۆشبەختانە ڕێژەی گەشتیاران لە مساڵدا دانەبەزیوە و بەڵکو لە هەندێک هەفتەدا زیادیشکردووە، بەڵام ئەگەر کارمەندانی خزمەتگوزاری و هاووڵاتیانی ناوچەکە کەمتەرخەم بن له پاکڕاگرتنی دەریاچەکە، ئەوا ئومێدێکی گەش لە داهاتوودا نابینم، کە هیوادارم ئەمە ڕوونەدات. لە کۆتایشدا خوازیارم ئیدارەی ڕاپەڕین و سەرۆکایەتی شارەوانی سەروچاوە و تیمەکانی تایبەت بەپاکڕاگرتنی بەنداوەکە و سەرجەم چالاکوانان و خۆبەخشانی ژینگە بەردەوام بن لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوە و جوانکردنی شوێنە گەشتیاریەکان و نیشتمانمان هەروا بە جوانی و گەشاوەیی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە ڕابکێشین.