‎ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کەرکووک لە دڵی گەردەلوولێکی مێژوویی و وێستگەی یەکلاکردنەوەی ناسنامەدا

172

د.محەمەد خورشید *
بارودۆخی پارێزگای کەرکووک لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا، سیمایەکی تەواو جیاواز، ئاڵۆز و تایبەتتری لە سەرجەم شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان وەرگرتبوو. کەرکووک لەو ساتەوەختەدا چەقی ململانێیەکی قووڵی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکی بوو. لەلایەکەوە، ئەم پرۆسەیە بەشداریکردنێکی گەورەی نەتەوەیی بوو بۆ گەیشتن بە سەروەری و مافی چارەنووس، بەڵام لەلایەکی ترەوە و لە ڕەهەندە هەرە ناوخۆیی و چارەنووسسازەکەیدا، ڕیفراندۆم لە کەرکووک وەک گەورەترین ڕاپرسی و ئامرازێکی دیموکراسیانەی سەردەمیانە وابوو بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاریی چارەنوسی شارەکە و هەڵوەشاندنەوەی گرێی ناوچە دابڕێنراوەکان.
‎هاوکات، ئەم هەنگاوە مێژووییە وەڵامێکی زۆر بەهێز، شۆککەر و کردەیی بوو بۆ تەواوی ئەو هەوڵە نەزۆک و پلانە شۆڤێنیانەی کە بۆ دەیان ساڵ لە ڕێگەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی زۆرەملێوە (تەعریب)، ڕاگواستن، و گۆڕینی دیمۆگرافیاوە، دەیانویست سروشتی جوگرافی و ناسنامەی ڕەسەنی کەرکووک بسڕنەوە. ڕیفراندۆم بە جیهانی سەلماند کە سەرەڕای هەموو زەبروزەنگ و گۆڕانکارییە دەستکردەکانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان، ڕۆحی کەرکووک و ئیرادەی خەڵکەکەی نەگۆڕاوە و ڕەسەنایەتی شارەکە بە بڕیاری سیاسی دەستکاری ناکرێت.
لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا بە شانازییەوە ئەوە تۆمار دەکرێت کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناسک و تەواو ئاڵۆزەی لە ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆمدا هاتە ئاراوە؛ بەتایبەتی ئەو شەڕە دەروونییە گەورەیە و ئەو هەڕەشە سەربازی و هەرێمایەتییانەی لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ی ئەیلولدا کەوتنە سەر شارەکە و دانیشتووانەکەی، خەڵکی کەرکووک نەک هەر چۆکیان دانەدا، بەڵکوو ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان بوونەوە. بەپێچەوانەی تەواوی پێشبینییەکانەوە کە چاوەڕێی پاشەکشەیان دەکرد، نەک تەنها کورد، بەڵکوو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی تری شارەکەش بە گوڕوتینەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە ئەنجامدا، بەرزترین ڕێژەی دەنگی «بەڵێ» لە ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان لەم شارەدا تۆمار کرا، کە ئەمەش بووە داستانی سەرکەوتنی ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەل بەسەر هەڕەشەی چەک و بایکۆتدا.
بێگومان ئەم وەرچەرخانە مێژووییە و ئەم یەکڕیزییە بێ وێنەیە، لەخۆوە و بێ هۆکار دروست نەبوو. ڕۆڵی سەرکردایەتی و ئامادەیی مەیدانی لەو ساتەوەختە سەختانەدا فاکتەری بنەڕەتی بوون. سەردانی مێژوویی جەنابی سەرۆک بارزانی لە ١٤ی ئەیلولدا بۆ کەرکووک، هاوکێشەکەی بەتەواوی گۆڕی. کۆبوونەوەی ڕاشکاوانە، دۆستانە و حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرە ڕاستەقینەکانی تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کەرکووک (لە عەرەب، تورکمان، کلدان و ئاشووری، و کورد)، پەیامێکی زۆر ڕوونی ئاشتی و پێکەوەژیانی بە جیهان گەیاند.
ڕیفراندۆم بە کردار سەلماندی کە کوردستان، چەترێک دەبێت بۆ پاراستنی مافی هەمووان بەبێ جیاوازی، نەک ئامرازێک بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر، وە کەرکووکیش دەبێتە مۆدێلی جوانترین پێکەوەژیانی نەتەوەکان. ئەم پەیامە دڵنیاییە، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوە و ئەفسووناوی هەبوو لە دروستکردنی متمانە، یەکخستنی دەنگەکان، و دروستکردنی ئەو شەپۆلە گەورەیەی پشتیوانی کە بووە هۆی بەشدارییەکی کارا و مێژوویی لەو پرۆسەیەدا.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین ڕیفراندۆم لە کەرکووک شۆڕشێکی سپی و سەلماندنی حەقیقەتێک بوو کە بۆ هەمیشە لە یادەوەری مرۆڤایەتی و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە، وە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە کەرکووک کلیل و دڵی هەر چارەسەرێکە بۆ ئاییندەی کوردستان.
* ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، بەرپرسی لقی ١٢