سهرهتا وتار بنبەستی چەکداماڵین، ئایا سیناریۆی لوبنان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە؟
خدر مەنتک
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بەغدا دیاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانی «چەکداماڵینی میلیشیاکان»، زمانی هەڕەشەی میلیشیا چەکدارە عێراقییەکان توندتر بووەتەوە. ئەم گرووپانە هۆشداری دەدەن کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ پاڵ دەنێت.
لە ڕاستیدا، چارەنووسی بەغدا و بەیروت لەم ڕووەوە لەیەکتری دەچن و پێکەوە گرێ دراون، هەردوو وڵاتەکە بوونەتە قوربانیی پڕۆژەی بەرەی (مقاومەی ئیسلامی) کە پڕۆژەی فراوانخوازیی تارانە. سەرباری ئەوەی گەلانی عێراق و لوبنان ناڕازیبوون و لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تشرینی یەکەمدا، دژی میلیشیا چەکدارەکان و تۆڕە مافیاییەکان ڕاپەڕین، ئەمڕۆش لە ڕێگەیەکی هاوبەشدا، بۆ بنیادنانەوەی دەوڵەت و ڕزگاربوون لە میلیشیاکان تێدەکۆشن.
پرسی « کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا» لە عێراق، پرسێکە هاوشێوەییەکی زۆری لەگەڵ دۆخی لوبناندا هەیە. لە هەردوو وڵاتەکەدا، گرووپی میلیشیایی چەکداری سەر بە(بەرەی مقاومە) بە جبەخانەی بەرفراوانەوە چالاکن و بڕیارە ئەمنییەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەردەکەن؛ دۆخێک کە بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە «دووانەی دەسەڵات» و ئەکتەری نادەوڵەتی بەهێز لە ناو دەوڵەتدا. ئەم گرووپانە بە ناوی «بەرگری»یەوە پاساو بۆ هەڵگرتنی چەک دەهێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بە پشتبەستن بە هەمان ئەو چەکانە بوونەتە هێزێکی «هاوتەریب»ی دەوڵەت، کە نەک هەر لە سەرووی دروشمی بەرگرییەوە کار دەکەن، بەڵکوو بڕیاری شەڕ و ئاشتیش لە دەسەڵاتی دەوڵەت دەردەکات و دەیخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە.
عێراق وەک لوبنان، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی جێبەجێکردنی پلانی (چەک لە دەستی دەوڵەت) بووەتەوە. لە لوبنان هێشتا پرۆسەی چەکدانانی میلیشیاکان دەستی پێنەکردووە و لە عێراقیش وادەی دیاریکراوی دەوڵەت بەرەو کۆتایی دەچێت، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە خاوی دەڕوات. لە پاڵ ئەوەشدا، میلیشیا چەکدارەکان سەبارەت بە لێکەوتەکانی چەکدانان هۆشداری دەدەن.
لەم سۆنگەیەوە، جێبەجێکردنی ئەو پلانە لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ بووەتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: دژایەتیکردنی میلیشیا چەکدارەکان
کەتائیبی حزبوڵای عێراق بە ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی چەک و جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدانی جبەخانەکەی، بە کردەوە بەرانبەر بە هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ گێڕانەوەی چەک بۆ ناو چوارچێوەی دەسەڵات وەستاوەتەوە.
دووەم: مەرجی قورس
کەتائیبی سەیدولشوهەدا داوای دەرچوونی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا، دابینکردنی تەواوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عێراقی وەک مەرج داناوە.
سێیەم: تێپەڕاندنی وادەکان و پەنابردنە بەر وتووێژ
لە کاتێکدا بەغدا پێشووتر ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ی وەک وادەی کۆتایی دیاری کردبوو، ئێستا لە توندیی هەڵوێستەکەی نەرمی دەنوێنێ و جەخت لەسەر «وتووێژی بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ» دەکاتەوە؛ ڕێکارێک کە ئامانج لێی «دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی»یە.
چوارەم:
١- ناوبژیوانی سیاسی و هەرێمی
سەردانی هەندێک بەرپرسی بیانی بۆ عێراق، لەوانە قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لایەنەکانی بەرەو پاشەکشە لە هەڵوێستە توندەکان و دۆزینەوەی چارەسەری تەوافوقی پاڵ ناوە، نەک چەکدانانی زۆرەملێ.
۲- ئەمەریکا و دۆسییەی چەکداماڵینی میلیشیاکان
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە حکوومەت، زەیدی لەوانەیە پابەندبوونێکی نوێ لەبارەی وادەی چەکداماڵینی میلیشیاکان لەگەڵ خۆی ببات بۆ نیۆرک. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا زەیدی بەڕاستی لە پلانی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان پاشەکشەی کردووە، یان هەڵوێستەکان بە هەڵە تێگەیشتوون؟
ئێستا وا دەردەکەوێت پاشەکشەکردن لە ئەجێندای سەرەکی کە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان هەیە، لەو ساتەوەی کە محهمەد باقر قالیباف سەردانی بەغدای کردووە.
بۆیە پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا پلانەکە گۆڕاوە، بەڵکوو ئەوەیە ئایا خودی زەیدی پاشەکشەی کردووە؟ ئەگەر وابێت، ئەوا داهاتووی سیاسیی سەرۆکوەزیران بەتوندی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە و پشتیوانیی ئەمەریکا لەدەست دەدات. سەبارەت بە دیداری نیویۆرکیش، ئەگەر ڕوو بدات، رەنگە زەیدی داوای هەلێکی زیاتر یان درێژکردنەوەی وادەی چەکدانان بکات بە بیانووی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان. بەڵام ڕەنگە ئەمەریکا بەهۆی بێهەڵوێستی لە دۆسیەی میلیشیاکان و گەندەڵیدا، سەرسامی و نیگەرانیی خۆی دەرببڕێت.
پێنجەم: هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ ئامرازێک بۆ خۆدزینەوە لە چەکدانان
لە لوبنانیشدا میلیشیا چەکدارەکان بە هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ هەوڵ دەدەن ڕێگری لە جێبەجێکردنی پلانی چەک لە دەست دەوڵەت بکەن، بەڵام ئەم هەڕەشەیە، چ لە ڕووی شێواز و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، بێبنەما و دوور لە ڕاستییە. لە لوبنان، حزبوڵا هەرچەندە لە ئیسرائیل شکستی خواردووە و باشووری لوبنانی وێران کردووە، بەڵام بە بیانووی «بەرگری» و پاراستنی وڵات، چەکەکەی هێشتووەتەوە. لە عێراقیشدا، گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا هەمان هاوکێشە پەیڕەو دەکەن و بە پاساوی «پاراستنی سەروەریی عێراق» و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە.
کۆتایی: پڕۆژەی ئیقلیمی و سنوورەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت و بنبەستی ستراتیژی
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق دەگوزەرێت، دووبارەبوونەوەی ئەزموون و وێنەیەکی هاوشێوەیە لەو ڕێگەیەی کە لوبنان ساڵانێک پێش ئێستا گرتییە بەر. لەوێشدا، میلیشیای حزبوڵای لوبنانی بە پشتبەستن بە تۆڕێکی فراوانی سیاسی و لە ڕێگەی درێژکردنەوەی وتووێژەکانەوە، توانی کات بکڕێت، پێگە و هێزی خۆی بچەسپێنێت و لە سەرووی بڕیارەکانی دەوڵەتەوە بمێنێتەوە. ئێستا عێراقیش لە هەمان سیناریۆدا دەخولێتەوە؛ حکوومەتی بەغدا پاش دیاریکردنی وادەیەک بۆ چەکدانان، لە بەرامبەر بەرگریی توندی گرووپە چەکدارەکاندا ناچار بە پاشەکشە بوو و پەنای بۆ «وتووێژی قۆناغ بە قۆناغ» برد، کە لە ڕاستیدا تەنها ڕێکارێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ و کڕینی کاتی زیاتر.
بەڵام کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی لەوەدایە کە ئەم میلیشیایانە تەنیا ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی ناوخۆیی نین کە بتوانرێت بە بڕیارێکی کارگێڕی یان ئۆپەراسیۆنێکی کورتمەودا کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەڵکوو ئەوان بەشێکی دانابڕاون لە پڕۆژەیەکی گەورەی ئیقلیمی کە ناسراوە بە «بەرەی مقاومە».
ئەم پڕۆژەیە خاوەنی ئاراستە و ئابووری و ستراتیژ و پشتێنەیەکی سەربازی و لۆجیستیی دەرەکییە و سەر بە پڕۆژەی فراوانخوازیی کۆماری ئیسلامییە. هەر بۆیە، نە دەوڵەتی عێراق و نە لوبنان هیچ کات توانایەکی سەربازی یان سیاسیی سەربەخۆیان نییە بۆ ئەوەی بە تەنیا جەنگێک لە دژیان بەرپا بکەن و کۆتاییان پێ بهێنن و لە بەرانبەردا میلیشیاکانیش هەرگیز بە ئارەزووی خۆیان چەک دانانێن، چونکە چەکدانان لە دیدی ئەواندا واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێگەیەی کە بۆ ئامانجە هەرێمییەکان تەرخان کراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، چەمکی «سەروەری» لە هەردوو وڵاتدا تووشی داڕمانێکی قووڵ بووەوە. دەوڵەت کاتێک مانا ڕاستەقینەی خۆی دەبێت کە بڕیاری سیاسی، هێزی جێبەجێکردن و خاوەندارێتیی چەک لە یەک خاڵ و لەژێر چەتری دامەزراوە فەرمییەکاندا کۆ ببنەوە. بەڵام کاتێک ئەم سێ خاڵە دابەش دەبن لە نێوان حکوومەتێکی لاواز و گرووپێکی چەکداری هاوتەریبدا، ئەوا دەوڵەت دەبێتە قەوارەیەکی بێدەسەڵات کە تەنیا لەڕووی ڕووکەشەوە بوونی هەیە.
سەبارەت بەو هەڕەشە بەردەوامانەی کە گوایە «جێبەجێکردنی پلانی چەکدانان عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ پاڵ دەنێت»، شیکردنەوەی واقعی پێمان دەڵێت کە ئەمە پێش ئەوەی مەترسییەکی ڕاستەقینە بێت، ئامرازێکی دەروونی و سیاسییە بۆ ترساندن و پارێزگاریکردن لە دۆخی ئێستا. خەڵکی عێراق و لوبنان ساڵانێکە قوربانیی یەکەم و کۆتایی بوون و باجی بوونی ئەم میلیشیا و تۆڕە مافیاییانەیان داوە؛ بۆیە، سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان، جەماوەر خوازیاری گەڕانەوەی هێز و بڕیارە بۆ دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان.
سەرباری ئەوەش، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەیهکی چاوەڕوانکراویش لە نێوان دەوڵەت و ئەم گرووپانەدا ڕووبدا، ئەوا نابێت بە «شەڕی ناوخۆ» لە نێوان دوو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی یەکساندا، بەڵکوو دەبێتە پێکدادانی دەوڵەت لەگەڵ هێزێکدا کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکات. کەچی بەهۆی قووڵایی کێشە هەرێمییەکانەوە، دەسەڵاتداران لە بەغدا و بەیروت ناتوانن بە ئاسانی ئەم بڕیارە یەکلاکەرەوەیە بدەن. لە کۆتاییدا، تاوەکوو ئەو پڕۆژە ئیقلیمییە و پاڵپشتییە دەرەکییەکانی بەردەوام بن، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و لوبنان وەک قەیرانێکی بەردەوام و لە سەر مێزی سیاسیی هەردوو وڵات دەمێنێتەوە.