كورد… نەك ئەكراد

179

عەتا شەمێرانی
لە ئۆقیانووسەوە تاكوو كەنداو، هەر كاتێك ڕاگەیاندنی عەرەبی باسی ئەم نەتەوەیە بكات، تەنها یەك وشە دەڵێنەوە؛ وشەیەك كە ئەوەندە ئاشنا بووە كەس لەسەری نەوەستاوە، یان لە خۆی نەپرسیوە: بۆچی دەڵێین (ئەكراد)؟ و بۆچی ناڵێین (كورد)؟!!
بێژەر لە هەواڵەكانیدا دەیڵێت، ڕۆژنامەنووس لە وتارەكانیدا دەینووسێت، میوان لە ستۆدیۆدا كاوێژی دەكاتەوە، توێژەر لە كتێبەكەیدا بەكاری دەهێنێت، سیاسەتمەدار لە قسەكانیدا دەیڵێتەوە، وای لێ هاتووە، بووەتە بەشێك لە زمانی ڕۆژانە، وەك ئەوەی ڕاستییەكی زمانەوانی بێت و پێویستی بە پێداچوونەوە نەبێت!
بەڵام وشەكان، ڕێك وەكوو بیرۆكەكان وان، ڕەنگە بە تێپەڕبوونی كات ببنە خوو؛ خووەكانیش كاتێك درێژە دەكێشن، لەدیدی خەڵكییەوە دەبنە ڕاستی. بۆیە ڕەنگە هەندێك جار، پێداچوونەوە بە یەك وشە، لە زیادكردنی سەد وشەی نوێ گرنگتر بێت!
پرسەكە لێرەدا جەنگ نییە لەگەڵ زمانی عەرەبی، ناڕەزایەتی نییە بەرانبەر عەرەب، كێشەیەكی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر نییە، هەوڵێكیش نییە بۆ نووسینەوەی مێژوو لە نوێوە. بابەتەكە لەیەك كاتدا، سادەتر و قووڵترە؛ بابەتی ناوی نەتەوەیەك و چۆنیەتی نووسینی ناوەكەیەتی، كاتێك باسی دەكەین. چونكە كورد كاتێك باسی خۆیان دەكەن، دەڵێن (كورد)، كاتێك بە زمانەكانی خۆشیان دەنووسن، ئەو ناوە بەكار دەهێنن، كە خۆیانی پێ دەناسێنن. ئەم ناوەش لەدایكبووی ساتێكی سیاسی نییە، دروشمێك نییە لایەنێكی حزبی داینابێت، زاراوەیەكیش نییە، كە لەم ساڵانەی دواییدا دەركەوتبێت؛ بەڵكو بەشێكە لە ناسنامەی نەتەوەیەك، كە خاوەنی زمان، كولتوور، مێژوو و یادگەیە!
بۆیە، بەكارهێنانی ناوەكە بەو شێوەیەی، كە خاوەنەكانی خۆیانی پێ دەناسینن، نە مەرایی، نە سازش و نە هەڵوێستێكی سیاسیشە، بەڵكو بەسادەیی ڕێزگرتنە لە ناسنامە و وردییە لە دەربڕیندا. زاراوەی (ئەكراد) لە ڕاگەیاندنی عەرەبیدا ئەوەندە باو بووە، كە خەریكە دەبێتە شتێكی خۆكردە، ڕەنگە زۆربەی ئەوانەی بەكاریشی دەهێنن، مەبەستیان هیچ سووكایەتییەك نەبێت. ئەمەش شتێكە و دەتوانین تێی بگەین؛ چونكە زمانی ڕاگەیاندن زۆر جار، لەسەر گوتنەوە بنیات نراوە، ئەوەی هەموو ڕۆژێكیش دووبارە دەبێتەوە، دەبێتە شتێكی ئاشنا، ئەوەی دەبێتە ئاشناش، دەبێتە خوو، ئەوەی دەبێتە خوویش، بۆ مرۆڤ ئەستەم دەبێت، پرسیار لە سەرچاوەكەی یان وردییەكەی بكات.
بەم شێوەیە وشەی (ئەكراد)، لەوەی كە دەربڕینێكی بەكارهاتوو بێت، بۆ زاراوەیەكی ڕۆژانە گۆڕا، كە خەریكە كەس بیری لێ ناكاتەوە. بەڵام باوبوونی زاراوەیەك بەو مانایە نییە، كە ناتوانرێت پێداچوونەوەی بۆ بكرێت؛ زمان بەردەوام دەگۆڕێت، زاراوەكان گەشە دەكەن، خودی ناوەكانیش دەگۆڕێن، كاتێك شێوازی نەتەوەكان لە ناساندنی خۆیاندا دەگۆڕێت.
ڕاگەیاندن بەتایبەتی، بەرپرسیارییەتییەكی زیاتری لەوانی تر لەسەرشانە؛ چونكە ئەو وشەیەی بێژەر لەبەردەم ملیۆنان كەسدا دەیڵێت، تەنها وەكوو وشەیەك نامێنێتەوە، ئەو وشەیەی ڕۆژنامەنووس لە ناونیشانێكی گەورەدا دەینووسێت، بە كۆتایی هاتنی هەواڵەكە ون نابێت، بەڵكوو دەچێتە ناو یادگەی گشتی و دەبێتە بەشێك لەو شێوازەی، كە خەڵك جیهانی پێ دەبینن!
بۆیە، ڕاگەیاندن تەنها زمان ناگوازێتەوە، بەڵكوو دروستیشی دەكات. كە ڕاگەیاندنی عەرەبیش توانیویەتی زاراوەی (ئەكراد)، بكاتە زاراوەیەكی بەكارهاتووی ڕۆژانەی، دەتوانێت بە هەمان ئاسانیش وا لە وشەی (كورد) بكات، ببێتە ئەو شێوازەی، كە زۆرترین ئامادەیی و وردیی هەبێت، كاتێك باسی ئەم نەتەوەیە دەكات. بابەتەكە پێویستی بە دوژمنایەتی، تۆمەتباركردن و لێكدانەوەی هەموو بەكارهێنانێكی زاراوەكە، وەكوو هەڵوێستێكی دوژمنكارانە نییە؛ زۆرێك لە وشەكان تەنها لەبەر ئەوە بەردەوامن، چونكە خەڵك لەسەری ڕاهاتوون. بەڵام نووسەری ڕاستەقینە، نابێتە دیلی خووەكان، ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە، هەموو ئەوەی لە پێشینانی خۆیەوە بۆی ماونەتەوە، دووبارەیان ناكاتەوە، ڕۆشنبیری ڕاستەقینەش دەزانێت، پێداچوونەوە بە زاراوەیەك لاوازی نییە، بەڵكوو هێزە؛ داننانیش بەوەی، وشەیەك پێویستی بە ڕاستكردنەوەیە، بە واتای داننان بە هەڵەیەكی مێژوویی گەورە نایەت، بەڵكو بەو واتایەیە، خودی زمانەكە هێشتا زیندووە و توانای گەشەكردنی هەیە.
بۆ ساتێك وێنای بكەن، ناوێكی تایبەت بە تەواوی نەتەوەیەك، بۆ ماوەی دەیان ساڵ بە شێوازێكی جیاواز لەو شێوازە دەگوترێتەوە، كە ئەو نەتەوەیە لەناساندنی خۆیدا بەكاری دەهێنێت، پاشان كەسێك هات و زۆر بە سادەیی گوتی: بۆچی ئەو ناوە بەكار ناهێنین، كە خۆیان بەكاری دەهێنن؟! ڕەنگە پرسیارەكە بچووك بێت، بەڵام ڕاستییەكەی، پرسیارێكی گەورەیە؛ چونكە پەیوەستە بە سادەترین بنەمای پەیوەندی نێوان مرۆڤەكانەوە، ئەویش ئەوەیە، ماف بەوی تر بدەیت، خۆی بناسێنێت.
كورد پێویستیان بەوە نییە، لە ڕێگەی وشەیەكەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن، پێویستیان بە جەنگێكی زمانەوانیش، بۆ سەلماندنی مێژووەكەیان نییە. مێژوو لە زاراوەكان درێژترە، جوگرافیا لە وشەكان فراوانترە و ناسنامەش ناكەوێت، چونكە بە شێوازێكی جیاواز نووسراوە. بەڵام زمان هەمیشە وەكوو ئاوێنەیەك بۆ ئەو شتانە دەمێنێتەوە، كە دەمانەوێت دەربارەی ئەوانی تر بیڵێین، كاتێكیش ئاوێنەكە ڕوون نابێت، سروشتییە هەوڵی ڕاستكردنەوەی بدەین.
هەر بۆیە، بابەتەكە ئەوە نییە بڵێین، عەرەب هەڵەی كردووە و كورد ڕاستە، نە كێبڕكێی نێوان دوو ناسنامەكەیە و نە هەوڵێكیشە بۆ دانانی زمانی عەرەبی لە بەرانبەر زمانی كوردیدا؛ بەڵكوو بانگەوازێكە بۆ شتێكی زۆر سادە: با زمان وردتر بێت، ڕاگەیاندن زیاتر ئاگاداری ئەو ناوانە بێت كە بەكاریان دەهێنێت، كاتێك باسی نەتەوەكان دەكات!
زۆر زاراوە لە جیهاندا گۆڕاون؛ چونكە خەڵكی بۆیان دەركەوت، هەندێك لەو وشانەی كە پێشتر باو بوون، چیتر گونجاو نین، هەندێك لەو ناوانەش كە لە سەردەمێكی دیاریكراودا سروشتی بوون، ئەمڕۆكە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە. ئەمەش بەشێكی سروشتیی گەشەكردنی زمان و گەشەكردنی هۆشیاریییە. بۆیە، گۆڕینی زاراوەیەكی ڕاگەیاندن، نە ڕووداوێكی مەترسیدار و نە سازشێكی سیاسییە، بەڵكو دەكرێت نیشانەی ئەوە بێت، ڕاگەیاندن بەخۆیدا دەچێتەوە و گوێ لە خاوەنی ئەو ناوانە دەگرێت، كە بەكاریان دەهێنێت.
لە ئۆقیانووسەوە تاكوو كەنداو، دەكرێت چیرۆكەكە لە شوێنێكی زۆر سادەوە دەست پێ بكات: لە ناونیشانی ڕۆژنامەیەك، لە ڕستەیەك كە بێژەرێك دەیڵێت، لە وتارێك كە ڕۆژنامەنووسێك دەینووسێت و لە كتێبێك، كە توێژەرێك لەسەر ڕەفەی كتێبخانەكەی دادەنێت. پاشان وشە نوێیەكە دووبارە دەبێتەوە، تا دەبێتە وشەیەكی ئاشنا، ڕاستكردنەوەش دەبێتە خوویەكی نوێ، لەجیاتی خووە كۆنەكە.
لە كۆتاییدا، چیرۆكەكە پێویستی بە زیاتر لە دوو وشە نییە:
كورد، نەك ئەكراد.
چونكە هەندێك جار، ناسنامە پێویستی بە وتارێكی درێژ نییە، بۆ ئەوەی ڕێزی لێ بگیرێت؛ بەڵكوو تەنها پێویستی بەوەیە، ناوەكەی بەو شێوەیە بنووسرێت، كە خۆی پێ دەناسێنێت.