کابینەی نۆیەم؛ حکومەتداریی به‌ سیستەمێکی مۆدێرن و دیجیتاڵیی

147

سیروان عەلی
لە مێژووی حکومەتداریی نوێی هەرێمی کوردستاندا هەندێک قۆناغ تەنها بە تێپەڕبوونی کات پێوانە ناکرێن بەڵکوو بەو گۆڕانکارییە دامەزراوەیی و خزمەتگوزارییەکان دەناسرێنەوە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و داهاتووی ناوچەکە بەجێ دێڵن. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هەوڵی داوە حکومەتداری لەسەر بنەمای چاکسازی و شەفافیەت و دیجیتاڵیکردن و گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی ژێرخان بەرەو قۆناغێکی نوێ ببات.
ڕێزدار مەسرور بارزانی لە قۆناغێکی هەستیاری مێژوویی سیاسیی و ئابووریدا سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی کرد. ئەو قۆناغە هاوکات بوو لەگەڵ چەندین تەنگژەی ناوخۆیی و دەرەکی لە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و قەیرانە ئابوورییەکانەوە تا ئاڵۆزییەکانی دۆخی دارایی و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا ئاراستەی گشتیی حکومەت بەرەو ئەوە بووە کە بە چاکسازی و پرۆژەی ژێرخانی بنەمایەکی بەهێزتر بۆ داهاتووی هەرێم دابین بکات.
یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغە گواستنەوەی سیستەمی دارایی و مووچەدان بەرەو سیستەمێکی بانکی و ئەلیکترۆنییە. پرۆژەی هەژماری من
لەسەر دەستی حکوومەت بە ئامانجی نوێکردنەوەی پرۆسەی مووچەدان و بەهێزکردنی زیرەکی دارایی دەستی پێکرد و بە تێپەڕبوونی کات بووە بە یەکێک لە نموونە گرنگەکانی دیجیتاڵکردنی کارگێڕیی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەرۆکی حکومەت ڕێزدار مەسرور بارزانی بە فەرمی ڕایگەیاند کە ژمارەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە مووچەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی وەردەگرن، گەیشتووەتە یەک ملیۆن کەس. ئەم ژمارەیە تەنها ئاماژەیەک بە گەورەیی پرۆژەکە نییە بەڵکو نیشانەی گۆڕانێکی گرنگە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دارایی و پەیوەندیی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و هاووڵاتی.
لە دیدگەی حکومەتداریی مۆدێرنەوە بەدیجیتاڵکردنی مووچەدان تەنها گۆڕینی شێوازی پارەدان نییە بەڵکو هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی پرۆسە کاغەزییەکان ڕێکخستنی زانیاری دارایی ئاسانکردنی مامەڵەکان و دروستکردنی بنەمایەکی گونجاو بۆ شەفافیەتی زیاتر.
لە هەمان چوارچێوەدا، کابینەی نۆیەم لە بواری چاکسازیی کارگێڕی و دارایی هەنگاوی جۆراوجۆری ناوە. پشکنینی داتا و فایلەکانی فەرمانبەران، ڕێکخستنی سیستەمی مووچە و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە حکومییەکان لە سیستەمێکی مۆدێرن بەشێکن لەو پرۆسەیەی کە مەبەستە سەرەکییەکەی بەرزکردنەوەی کارایی دامەزراوە حکومییەکانە.
لە بواری دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانیشدا حکوومەت هەوڵی داوە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دامەزراوەکان بە شێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر ڕێکبخات. پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە بەڕێوەبردنی کاروباری حکوومەت بەشێکە لە ئەجێندای نوێی کابینەی نۆیەم.
لە بوارەکانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیش، پرۆژەکانی کارەبا ئاو ڕێگاوبان قوتابخانە و تەندروستی بەردەوام بوون. بە تایبەتی، پرۆژەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێر و پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا لە هەوڵە دیارەکانی حکومەت بوو بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
لە بواری وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووریشدا حکومەت گرنگیی تایبەتی بە راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی داوە. فراوانکردنی بازاڕی وەبەرهێنان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی هەلی کار و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمدا هەبێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوەی ڕۆڵی مەسرور بارزانی لەو پرۆسەیەدا گرنگ دەکات، جەختکردنەوەی بەردەوامی ئەوە لەسەر چاکسازی و نوێکردنەوەی شێوازی حکومەتدارییە. لە دیدی ئەو، حکومەت تەنها دامەزراوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە نییە بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بنیاتنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەی ئابووری خزمەتگوزاریی باشتر و داهاتوویەکی جێگیرتر.
مەسرور بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەمدا هەوڵی داوە پەیوەندیی نێوان چاکسازی، دیجیتاڵیکردن و گەشەپێدان بە یەکەوە ببەستێت. ئەم ڕوانگەیە ئەگەر بەردەوام بێت و بە شێوەیەکی دامەزراوەیی جێگیر بکرێت، دەتوانێت کاریگەریی درێژخایەن لەسەر شێوازی حکومەتداری و بەڕێوەبردنی هەرێم دابنێت.
لە کۆتاییدا، دەستکەوتی کابینەی نۆیەم تەنها لە ژمارەی پرۆژە و پلانەکاندا کورت نابێتەوە بەڵکوو لەو هەوڵەدا دەبینرێت کە حکوومەتداری لە شێوازێکی کۆن بەرەو سیستەمێکی مۆدێرنتر، دیجیتاڵتر و دامەزراوەیی‌تر بگوازرێتەوە. لە ناو ئەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە دانانی ئاراستە و پاڵپشتی‌کردنی پرۆژەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بەشێکی دیار و گرنگی ئەم قۆناغە پێکدەهێنێت.
ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەردەوامبوونی چاکسازی و گەشەپێدان هەیە چونکە بنیاتنانی داهاتوو تەنها بە پرۆژەی ئێستا ناکرێت، بەڵکو بە دروستکردنی سیستەم و دامەزراوەیەکە کە بتوانێت بۆ نەوەکانی داهاتوو خزمەت بکات.
ئەوەی ئەمڕۆ بنیات دەنرێت، سبەی مێژووی هەرێمەکە دەنووسێتەوە.