سهرهتا وتار زەویوزاری جوتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان و مەترسییەکانی پەکخستنی یاسا و تەعریبی...
هاوڕێ خوسرەو
دیارە ئەم دوو بڕیارە لە ڕاستیدا جوتیارانی کورد خەبات و تێکۆشانێکی زۆریان بۆ کردن تا گەیاندیانە ئەوەی کە حکوومەتی عێراق بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی ٢٠١٢ بە ژمارە (٢٩) و هەموارکراوەکەی، کە تایبەتە بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوری حیزبی بەعسی پێشوو و هەموارکراوەکەی کە تاکو ئێستاش وەکوو پێویست جێبەجێ نەکراوە؟ یاسای ژمارە (٣)ی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢٥ دەرچووە، ئەوە نزیکەی بۆ ساڵێک دەچێت بە بەهانەی نەگەیشتنی ڕێنمایی بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی، دەستی دەستی پێ دەکەن و تاکو ئێستا بەم بەهانە نالۆژیکییانە، جوتیارانی کورد بۆ چەندین ساڵە بە دەست داگیرکردنی زەوییەکانیانەوە دەناڵێنن.
ئەمساڵیش بەهۆکاری نەهاتنی ئەم ڕێنماییانە، بۆ ساڵێکی تریش جوتیارانی کورد نەخرانە ناو نەخشەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی بەرهەمەکانیان لە گەنم، جۆ، گەنمەشامی و تەواوی بەرهەمەکانی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، کە تاکە سەرچاوەی ژیانی جوتیارانی کوردە. بەمەش جارێکی تریش بەرهەمی جوتیارانی کورد دەخرێتە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەمساڵ تەواوی بەرهەمەکانیان هەرزانفرۆش دەکرێت و زەوییەکانیشیان هەر دەستبەسەرە.
ئەمەش پلانیێکە بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ناچار بکرێن زەوییەکانیان جێ بهێڵن و گوند و شارۆچکەکان چۆڵ بکەن؛ ئەم پلانیەش هاوئاراستەیە لەگەڵ بەردەوامیدان بە پرۆسەی تەعریب لە ناوچەکەدا. دیارە جووتیارانی کورد بێدەنگ نەبوونە و بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشانی یاسایی و مەدەنیدا بوون و نوێنەرانی کوردیش لە تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، بەشداریی کارایان هەبووە لە ڕابردوودا بۆ بەدەستهێنانی یاسا و بڕیارەکە.
کەچی ئەوە ساڵێکە نەگەیشتنی ئەم ڕێنماییانە بۆ دەبێت ئەوەندە چاوەڕوانی بۆ بکرێت؟ بۆ درێژەدان بە پرۆسەی تەعریب، کە ئێستا حکوومەتی عێراقی نوێ خۆی ئەنجامی دەدات بەهۆی پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی ئەو یاسا و بڕیارەی لەسەرەوە ناوبراون. جێگای سەرسووڕمانە کە لە جۆری ئەم تەعریب و پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی یاساکانە، نوێنەرانی کورد و ناوچە دابڕێنراوەکانی تر وەکوو کەرکووک، خانەقین، دیالە، شەنگال و زۆر شوێنی دیکە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە و بەدواداچوونی جدی ناکەن بۆ ئەوەی یاساکان جێبەجێ بکرێن و رێگری لە تەعریبێکی نوێ بگرن و زەویی جووتیارانیش بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی خۆی کە ماوەی چارەکە سەدەیەکە جووتیاران لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی زەوییەکانیاندان و هەندێکیان بەو ئاواتەوە سەریان ناوەتەوە و بە زەوییەکانیان شاد نەبوونەوە.
پرسیارێک.. بۆ دەبێت نوێنەرێکی عەرەبی شۆڤینی بەتەنها بتوانێت ڕێگری بکات لە دواخستنی ئەم یاسا و بڕیارە؟ هەروەکوو چۆن حەنان فەتلاوی خۆی گوتی: “من بەتەنها توانیم بۆ ماوەی (٨) ساڵ ڕێگر بم لە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراق” و شانازیی پێوە دەکرد، پێویست بوو بدرێتە دادگا و سزا بدرێت لەسەر ئەوەی پێشێلکاریی ماددەیەکی دەستووریی کردووە و ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە چارەنووسسازەکان کە پەیوەندییان بە ماف و موڵکی هاووڵاتییانەوە هەیە.
ئێستاش کەسانێکی شۆڤێنیی خەڵکی کەرکووک هەن کە پاڵەوانبازی و خەمخۆری و پشتیوانیی خۆی بۆ عەرەبە هاوردەکان دەنوێنن و شانازی دەکەن کە چۆن توانیویەتی ئەم دوو بڕیارە پەک بخات و ئاستەنگ و لەمپەر بخاتە بەر بواری جێبەجێکردنیان. ئەگەر ئەمان بتوانن بەتەنها ڕێگری لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بکەن و چارەنووسی هەزاران کورد بخەنە دەستی قەدەرەوە… بەڵام نوێنەرانی کورد، کە زیاتر لە (٥٠) کەس دەبن، بۆچی نەتوانن کۆدەنگی و کۆهەڵوێستێک دروست بکەن بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بخەنە ژێر گوشاری جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکە؟
بەڕاستی لێرەدا هەڵوەستەی جددی پێویستە! لەبەر ئەوەی ئەرکی هەموو نوێنەرانی کوردە ( بەبێ جیاوازی) کە داکۆکی لە خاک و مافی میللەتی کورد بکەن لە ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)دا. هیوادارم نوێنەرانی کورد هەموویان وەکوو یەک تیم و بە جددی بەدواداچوون بۆ ئەوە بکەن، کە بۆچی دابەزینی ڕێنمایی بۆ بڕیارەکە دەبێت ساڵێکی پێ بچێت؟