
خەبات: عامر فەرحان
لە سەروبەندی پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا و داگیرکردنی کاتێکی زۆری ژیانی ڕۆژانەی منداڵان لەلایەن ئامێرە زیرەکەکانەوە، کە مەترسیی پەروەردەیی و تەندروستیی زۆریان دروستکردووە، دەستپێشخەرییە خۆبەخشی و کۆمەڵایەتییەکان وەک جێگرەوەیەکی گرنگ بۆ پاراستنی نەوەی نوێ دەردەکەون. ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە، پڕۆژەی (هاوڕێیانی منداڵەکەم) توانیویەتی شێوازێکی جیاواز و کاریگەر لە پەروەردەکردن و چاندنی هۆشیاریی ژینگەیی لەناو منداڵاندا بهێنێتە ئاراوە.
ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشانەیە نموونەیەکی درەوشاوەی بەدەنگەوەچوونی کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر ئەو ئامێرە هاوچەرخانەی كاریگەری خراپیان لەسەر منداڵان دروست كردووە و بوونەتە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی ئاستی تەرکیزی منداڵان، پڕۆژەی (هاوڕێیانی منداڵەکەم) توانیویەتی ژینگەیەکی تەندروست و کارا فەراهەم بکات. گرێدانەوەی ئامانجە پەروەردەیییەکان بە هۆشیاریی ژینگەیییەوە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پلاستیک، وانەیەکی پرۆسەدار و کردارییە بۆ بچاندنی ڕێز لە سروشت و کۆمەڵگە لە ناخی منداڵاندا. هاوکات بێبەشنەکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەم چالاکییانە، گیانی یەکسانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لای تاکی پاشەڕۆژ بەهێزتر دەکات، کە شایانی پشتگیری و ئاوڕدانەوەی جددییە.
مامۆستا شادان کەمال، خاوەن و دامەزرێنەری پڕۆژەی (هاوڕێیانی منداڵەکەم) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (خەبات)ی ڕایگەیاند: «بیرۆکەی سەرەتایی کارەکەم لە ئەزموونی کەسیی خۆمەوە وەک دایکێک سەرچاوەی گرتووە. من خاوەنی دوو منداڵم، یەکێک لە منداڵەکانم خاوەن پێداویستیی تایبەتە (کۆنیشانەی داون)؛ هەر بۆیە لە سەرەتای لەدایکبوونیانەوە باوەڕم بە پەروەردەیەکی دروست هەبووە و بە تەواوەتی دوورمخستوونەتەوە لە شاشە، مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. حەزم کرد منداڵانی کۆڵانەکەشمان بە هەمان شێواز دووربکەونەوە لە ئایپاد تا کاتەکانیان بەفیڕۆ نەچێت، چونکە لە کۆتاییدا منداڵەکانی من تێکەڵییان لەگەڵ منداڵانی کۆڵان هەیە.»
دەشڵێت: «سەرەتا بە هێنانی دوو بۆ سێ منداڵ بۆ ماڵەکەم دەستم پێکرد تا یارییان پێ بکەم، فێری وێنەکێشان و کاری دەستیان بکەم و چیرۆکیان بۆ بخوێنمەوە؛ بەڵام دواتر منداڵەکان هاوڕێکانی خۆیانیان هێنا. بەم شێوەیە پڕۆژەکەم گەشەی کرد و ئێستا هەفتانە دەیان منداڵ سەردانم دەکەن تا خۆبەخشانە وانەیان پێ بڵێمەوە.»
شادان کەمال ئاماژەی بەوەش دا: «سەرەکیترین ئامانجی پڕۆژەکەم دوورخستنەوەی منداڵانە لە شاشە زیرەکەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە زیانێکی گەورەی هەیە؛ هم کات بەفیڕۆدانە و هەمیش دەبێتە هۆی دابەزینی هۆشیاری و کەمبوونەوەی تەرکیزی منداڵ. هەروەها ئامانجێکی تری سەرەکیم ئەوە بوو کە منداڵەکان فێری ژینگەپارێزی بکەم، بڕیارم دا هەر منداڵێک لە کاتی هاتنیدا دەبەیەکی پلاستیک بهێنێت تا لە ڕێگەی کۆکردنەوەیانەوە هاوکار بین لە پاککردنەوەی شارەکەماندا، کە ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ من.»
مامۆستا شادان کەمال ئەوەشی بۆ (خەبات) ڕوونکردەوە: «ئێستا بە نزیکەیی ٧٠ منداڵ بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە و کارەکان بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو جێبەجێ دەکرێن. جگە لە کۆکردنەوەی دەبە پلاستیکییەکان، بەرنامەی ڕۆژانەمان هەیە بۆ خوێندنەوەی چیرۆک کە توانای قسەکردن و نووسینی منداڵ زیاد دەکات، هەروەها ڕاهێنانیان پێدەکەم لەسەر شێوازی نووسینی چیرۆک، کاری دەستی، یاریی تەرکیز و وێنەکێشان. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتیشیەوە، کاتێک قوتابییەکانم ڕێز دەکرد باسی کێشە کۆمەڵایەتییەکانم بۆ دەکردن، وەک قسە نەگێڕانەوە و دوورکەوتنەوە لە دووبەرەکی، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر ڕەفتاریان لەناو ماڵەکانیاندا دروستکردووە.»
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کاردانەوەی کۆمەڵگە، مامۆستا شادان کەمال ئەوەی خستە ڕوو: «پێشوازی و بەدەنگەوەچوونی خێزانەکان و خەڵکی هەڵەبجە زۆر لە سەرووی چاوەڕوانییەکانمانەوە بوو، دایکان و باوکان دەستخۆشییەکی زۆریان لێکردین و پشتگیرییان کردین، لە کاتێکدا کارەکەی من بەبێ بەرامبەرە و تەنیا لەپێناو خودا و خزمەتکردنە بە منداڵان. بەڵام بەداخەوە ڕۆڵ و ئامادەیی ڕاهێنەرانی پەروەردەیی و دامودەزگاکانی حکومەت زۆر لاواز بووە؛ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەڵەبجە زۆر بێدەنگ بوون و هیچ هاوکارییەکیان نەکردین، بەڵام سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە هەیە کە بە هاوکاریی ئەوان توانیم پێشانگەیەکی شێوەکاری و کاری دەستی بکەمەوە بۆ نمایشی ئەو بەرهەمانەی کە منداڵان لە پڕۆژەی (هاوڕێیانی منداڵەکەم)دا دروستیان کردبوون.»
دەشڵێت: «لە داهاتوودا ئەگەر هاوکاری بکرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارم بن، دەتوانم پڕۆژەکەم فراوانتر بکەم تا زۆرترین خزمەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و منداڵانی ئاسایی پارێزگای هەڵەبجە بکەم.»