زمانی كوردی لە سووریا.. بۆ نەبێت؟

133

محەمەد زەنگەنە

بەڕووخانی رژێمی ئەسەد، نیمچە ئومێدێك لە دەروونی خەڵكی كوردستانی سووریا دروست بوو، بەوەی زمانی كوردی ببێتە زمانی دووەمی فەرمیی دەوڵەت، هاوشێوەی ئەوەی لە دەستووری عێڕاق جێگیر كراوە (ئەگەرچی وەكو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ نەكراوە)، بەڵام هەر هیچ نەبێت پاڵپشتییەكی یاسایی بۆ ئەم پرۆسەیە هەیە و تەنانەت لە سەردەمی بەر لە دروستبوونی كۆماری عێڕاقیش، زمانی كوردی دانی پێدانرابوو، زۆر جاریش دەوڵەت بە زمانی كوردی شەڕی كوردی دەكرد. ئەوەی لە سووریا هەیە ئەمڕۆ، لە رەتكردنەوەی بێ واتا و بێ بیانووی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و نیششتیمانیی كوردی و بوونی خودی كورد لە ناوچە و شوێن و شار و لادێكانی خۆیان، پەیامێكی ترسناكی بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە هەڵگرتووە و هەڕەشە لە سەقامگیریی دەوڵەت و ئەو پێكەوە ژیانە دەكات كە پێویستە ببێتە بنەمای سەرەكیی مانەوەی ئەم دەوڵەتە. ئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆی سووریا تێبینی دەكرێت، هەبوونی هزرێكی رادیكاڵیی زۆر ترسناكە، كە خۆی لە رەتكردنەوەی هەموو ئەو پێكهاتانە دەبینێتەوە كە لەسووریادا هەن و هەڵگرانی ئەم هزرە، هاندەری هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر عەلەوی و درووز و كوردن و دەیانەوێت تەنیا خۆیان و هزری رەتكەرەوەی بەرانبەر و دروستكردنی دیكتاتۆرییەتێكی تازەی هاوشێوەی ئەسەد و بەڵكو خراپتریش بۆ ئەو وڵاتە دروست ببێت، توندترین دژایەتیشیان بۆ كوردە و ئەو نەتەوەیەی كە زۆرترین ستەمی لەسایەی رژێمەكانی پێشووی سووریا لەدژی دا ئەنجام دراوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بە هەبوونی زمانی كوردی لە نووسراوە فەرمییەكانی دەوڵەت، لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان، بە خوێندن و نووسین بەو زمانە و بە پێشخستنی دەوڵەت بە هەمان شێوەی لە دەوڵەتانی پێشكەوتوودا هەیە، سووریا چ زەرەر دەكات؟ بێگومان بە هاتنەدیی ئەو خواستە نەك هەر زەرەر ناكات، بەڵكو دەبێتە هاوشێوەی كەنەدا و دەوڵەتانی دیكەی ئەوڕووپا و جیهان، فرە زمانی، دەبێتە بەهێزترین پێناس بۆ دەوڵەتێكی مۆدێڕن، بەڵام وادیارە ئەوانەی ئەمڕۆ جڵەوی دەسەڵاتیان لەو وڵاتە گرتۆتە دەست، نایانەوێت ئەو دەوڵەتە بگاتە ئەو ئاستەی كورد و جیهان چاوەڕێی دەكەن و هیوای بۆ دەخوازن. ئەگەر ئەو بژاردەیەش، ئەنجامی ویستراوی دەوڵەتی تازەی سووریا بێت (كە تائێستا دەوڵەتێكی كاتیی نا سەقامگیرە)، نابێت چاوەڕێی ئەوە بكات كە پێشكەوتنی گەورە و ئەنجامی ئەرێنی و سەقامگیریی سیاسیی لێ بێتە دی، بەو پێیەی ئەو ئەنجام و بژاردەیە، جارێكی دیكە بێ ئومێدییەكی قووڵتر دەخاتە نێو دەروونی كورد و ئینتیمای نیشتمانی بەیەكجاری ناهێڵیتەوە و دۆخەكە بۆ كۆنترۆڵ و باڵادەستیی یەك لایەن دەگەڕێتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە ئێستا و ئایندەی سووریا ناكات.