خەبات: ڕەنجبەر بەرزنجی:- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دامودەزگا حکومییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەروازەی زێڕین بۆ بەبازاڕکردنی ڕەنجی جووتیاران، قەزای ڕواندز بووە مەڵبەندی ڕووداوێکی کەلتووری و ئابووریی گرنگ. لەسەر ڕاسپاردە و ئامادەکاریی قایمقامیەتی قەزای ڕواندز و بە هاوکاری و هەماهەنگیی نزیکی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ڕواندز، دووەمین فیستیڤاڵی ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ترێ لە سنوورەکە بەڕێوەچوو. ئەم فیستیڤاڵە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی یەکتری بەردەوام بوو، ئامادەبوونی بەرچاو و خۆرمانی جەماوەریی بەخۆیەوە بینی و تێیدا جووتیاران و دەستڕەنگینانی ناوچەکە باشترین بەرهەمەکانیان خستە ڕوو.

بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر ئامانجە بنەڕەتییەکان و ڕەهەندەکانی ئابووری و گەشتیاریی ئەم چالاکییە، (ئەحمەد قادر) قائیمقامی قەزای ڕواندز، لە لێدوانێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی خەباتی دایەوە.

بەشداریی بەرفراوان و نمایشی بەرهەمە ناوازەکان
له‌بارەی دەستپێک و کەشوهەوای بەڕێوەچوونی ئەم بەرهەڤییە ئابوورییە، ئەحمەد قادر قائیمقامی قەزای ڕواندز ڕایگەیاند: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەیەکی گەشتیاریی وەک هەوارگەی شنگلبانە، ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووەمین فیستیڤاڵی ترێ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ڕاهێنەرانی کەرتی کشتوکاڵ، جووتیاران و هاووڵاتییانی خۆشەویستی دەڤەری سۆران و ڕواندز دەستی پێکرد، ئەم ئامادەبوونە ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ بایەخدانی جەماوەر و دەسەڵاتی خۆجێیی بە کەرتی کشتوکاڵ و خۆماڵی.

قائیمقامی ڕواندز ئاماژەی بە ڕێژەی بەشداریبووان کرد و گوتی: لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا، پەنجا جووتیار، خاوەن کاری دەستی و دەستڕەنگینانی دەڤەرەکەمان بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خۆیان خستەڕوو. پشکی شێر و بنەڕەتیی ئەم نمایشە بریتی بوو لە بەرهەمی ناوازە و بێوێنەی ترێی باخەکانی گوندنشینانی قەزای ڕواندز، کە بە کوالیتیی بەرز و جۆراوجۆرییەکەی سەرنجی سەرجەم سەردانیکەرانی بۆ خۆی ڕاکێشا.

ئامانجە جۆراوجۆرەکانی سازکردنی فێستیڤاڵەکە
سەبارەت بەو دەستکەوت و ئامانجانەی کە دامەزراوەکانی قەزاکە لە ڕێکخستنی ئاوا رووداوێکدا دەستنیشانیان کردووە، ئەحمەد قادر زانیاریی تێروتەسەلی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجەکان تەنیا لە چوارچێوەی نمایشکردندا کورت نابنەوە، بەڵکو ڕەهەندی سەردەمیانەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەیە.

ناوبراو گوتی: ئامانجی سەرەکی لەم فیستیڤاڵە خستنەڕووی بەرهەمی ناوازەی ترێ و سەرجەم بەرهەمە لاوەکییەکانی ترێی ناوچەکەیە، تا بە شێوازێکی هاوچەرخ بەبازاڕکردنیان بۆ بپێکێنرێت. لە لایەکی دیکەوە، ئەمە پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆ و کردارییە بۆ جووتیاران و گوندنشینانمان تا بەبێ ناوەندگیر بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە و ئاستی داهاتی خێزانییەکانیان بەرز بێتەوە.

پاشان ئاماژەی بە ڕەهەندە گەشتیاری و کەلتوورییەکە کرد و ڕوونی کردەوە: هاوکات ئەم هەنگاوە خزمەتێکی گەورە بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری دەکات، لە ڕێگەی ناساندنی دیمەنە سروشتییە ئەفسوناوییەکان و باخە بەپیتەکانی دەڤەرەکەمان بە گەشتیاران.

ئەمەش وەکو ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم هەژمار دەکرێت. لە هەمان کاتدا دروستکردنی پردی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لە نێوان بەرهەمهێنەر (جووتیار) و بەکاربەر یان گەشتیاردا، هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران تا سەرمایەکانیان لە پڕۆژە گەشتیاری و کشتوکاڵییە هاوبەشەکاندا بخەنە کار. سەرەڕای هەموو ئۆمانە، ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ ناساندنی مێژوو، کەلتووری دەوڵەمەند و بەرهەمە ڕەسەنە خۆماڵییەکانی ڕواندز بە میوانان.

ئاوێتەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار
لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات، قائیمقامی قەزای ڕواندز تیشكی خستە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی ئیدارەی ناوچەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەشەپێدانی سنوورەکە بەبێ هەمائاهەنگیی نێوان سێکتەرە جیاوازەکان ئاسان نابێت.

ئەحمەد قادر گوتی: لە ئامانجە ستراتیژی و دووربینەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاردایە کە لە چوارچێوەی پلانی گەشتیاریی فراوانتر و گشتگیرتردا، هەمیشە هاوکار، هاوبەش و پاڵپشتێکی بەهێزی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دەڤەرەکەمان بێت. ئاوێتەکردنی کەرتی گەشتوگوزار لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ (ئەگرۆ-تۆریزم) مۆدێلێکی سەردەمیی جیهانییە و دەتوانێت ڕواندز بکاتە جەمسەرێکی گرنگی گەشتیاریی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، قائیمقامی ڕواندز ئومێدی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ جووتیارانی سنوورەکە خواست و گوتی: هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین ئەم فیستیڤاڵە زۆر لەمەی ئێستا فراوانتر، گشتگیرتر و ئەکادیمیتر بپەڕێنینەوە، تاوەکو هەموو ئامانجە بەرزەکانمان لە خزمەتکردنی زیاتری جووتیارانی ماندوونەناسی دەڤەرەکەمان و بوژاندنەوەی بنەڕەتیی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بێینە دی.