عەبدولسەلام بەرواری
چەند ڕۆژێکە هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان لە کەناڵە عێراقییەکاندا باسی ئەوە ەەکەن کە نیازی ئەوە هەیە داوایەک لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی بێشکەش بکەن بۆ نادەستووری ناساندنی ماددەی (١٣/یەکەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥، کە سەرۆکی هەرێم بە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دادەنێت.
پاساوی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ماددەی (٧٨)ی دەستووری عێراق سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی داناوە.
لێرەدا پرسیارێکی دەستووری دروست دەبێت: ئایا فەرماندەی گشتیبوونی سەرۆکی هەرێم بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ماددەی (٧٨)ی دەستووری عێراقدا ناکۆکە یان ناو؟ و ئایە بوونی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی بە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، دەیکاتە فەرماندەی پێشمەرگەش؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە لە ماددەی (٧٨) دەست پێ نەکەین، بەڵکو سەرەتا بزانین دەستوور چ پێگەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی داناوە.
هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا
ماددەی (١١٧/یەکەم) هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە فەرمی دەناسێت. ئەم دەقە تەنها دانپێدانانێکی جوگرافی بە هەرێم نییە، بەڵکوو دانپێدانانە بە بوونی دەسەڵاتەکانی لە ناو سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا. واتە دەسەڵاتەکانی هەرێم تەنها دەسەڵاتی کارگێڕی نین کە حکوومەتی ناوەندی پێی دابن و بتوانێت کاتێک بیەوێت سنوورداریان بکات؛ بەشێکن لە پێکهاتەی دەستووریی دەوڵەت.
ماددەی (١٢١/یەکەم) ئەم بنەمایە زیاتر ڕوون دەکاتەوە. بەپێی ئەم ماددەیە، دەسەڵاتەکانی هەرێم مافی بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییان هەیە، جگە لەو بوارانەی کە دەستوور بە تایبەتی خستوونیەتە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی. بەم پێیە، هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا دەسەڵاتی خۆی هەیە و بۆ دیاریکردنی سنووری ئەو دەسەڵاتە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی دەستوور و بزانین کام بوار بە تایبەتی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی دیاری کراوە.
پێشمەرگە و مافی هەرێم بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی خۆی
لە بابەتی پێشمەرگەدا، ماددەی (١٢١/پێنجەم) ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بابەتەکەوە هەیە. ئەم ماددەیە مافی دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم، لەوانە پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، بە حکوومەتی هەرێم دەدات. گرنگیی وشەی «ڕێکخستن» لێرەدا نابێت پشتگوێ بخرێت. دامەزراندنی هێزێک شتێکە و ڕێکخستنی شتێکی دیکە؛ ڕێکخستن پێکهاتە، پلەبەندی، دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و زنجیرەی فەرماندەیی دەگرێتەوە.
هێزێکی چەکدار ناتوانێت بێ ئەوەی دیاری بکرێت فەرمان لە کوێوە دەست پێ دەکات و کێ لە سەرەوەی زنجیرەی فەرماندەییدایە، بە شێوەیەکی دامەزراوەیی کار بکات. لەبەر ئەوە، دیاریکردنی سەرکردایەتیی باڵای هێزەکە بەشێکی سروشتیی ڕێکخستنیەتی.
لە بەرامبەر ئەوەدا، ماددەی (١١٠/دووەم) سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی لەم بوارەدا پیشان دەدات. دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و بەرگری لە وڵات، لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵین. بەم شێوەیە دەستوور لە یەک کاتدا دوو بابەتی ڕێک خستووە: بەرگری لە عێراق و سنوورەکانی وەک ئەرکێکی فیدراڵی، و دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی هەرێم وەک دەسەڵاتێکی هەرێمی.










