حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف
حسێن عارف ، باوکی ڕۆمانی کوردی و یەکەمین داڕێژەری بناغەی ڕۆمانی هاوچەرخی کوردی بوو، بەتایبەتی لە ڕێگای شاکارە ڕۆمانی (شار) کە ئاوێنەیەک بوو، بۆ نیشاندانی ئازار و مه‌زنیی تەئریخی گەلی کورد
حسێن عارف (١٩٣٦–٢٠٢٦)
چیرۆکنووس و وەرگێڕو ڕۆماننووسی ناوداری کورد، مامۆستا حسێن عارف، لەساڵی 1936 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، مەخابن لەڕۆژی 12-8- 2026 کۆچیداوایی کردو جێیهێشتین.
ڕۆمانی (شار) بە گرنگترین بەرهەمەکانی مامۆستای مەزن دادەنرێت؛ هەندێک لێکۆڵەر و ئەدیب تەنانەت ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە بنەڕەتییە گرنگەکانی ڕۆمانی کوردی دادەنێن و حسێن عارف بە (باوکی ڕۆمانی کوردی) ناودەبەن.
لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە ئەدەبییەکاندا، گرنگیی ئەدەبیاتی و گەورەیی (حسێن عارف) تەنها لە ژمارەی بەرهەمەکانیدا نییە؛ بەڵکو لەوەدایە کە شێوازی گێڕانەوە لە هونەری تەکنیکی نووسینەکانیدا لە کڵاوڕۆژنەی بینینی مرۆڤەوە، کۆمەڵگای کوردی بەشێوازێکی نوێتر لە ئەدەبیاتی کوردی ڕوانیوە و بەرەو پێشەوەی بردووە .سەرچاوەیەکی ئەدەبی باس لەوە دەکات کە کاریگەریی بەرهەمەکانی لەسەر ئەدەبیاتی گێڕانەوە و هونەری چیرۆکینووسیی کوردی دیارو بەرچاو بووە و کاری ئەو لە مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردیدا شوێنێکی گرنگ و تایبەتی هەیە.
شایەنی باسە، مامۆستا حسێن عارف تەنها چیرۆکنووس و ڕۆماننووس نەبووە؛ بەڵکو وەرگێڕێکی زۆرباش و بەسەلیقە بووە و لە ژینگەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی کوردیدا ڕۆڵێکی کاریگەر هەبووە. سەرچاوەیەکی نزیک لە ژیانی ئەدەبیی ئەوپیاوە مەزنە، پێماندەڵێت:
مامۆستا حسێن عارف لە نووسین و گێڕانەوەی هونەری چیرۆکی هاوچەرخ و پەرەپێدانی ڕۆمانی کوردی، بە تایبەتی لە شاکارە ڕۆمانی (شار)دا گەواهی ئەو حەقیقەتەمان بۆ دەسەلمێنێ .
جگە لە هەموو ئەوانەش مامۆستا حسێن عارف و لە بواری یاساو وەرگێڕان و پەیوەندییە ئەدەبییەکان بە (ئەدەبیاتی جیهانی)یشەوە ڕۆڵی گەورەو کاریگەری دیوە . هەروەها لە ڕووی زمانناسی وشێوەزار و زمانی نووسین و داڕشتنەوە دەتوانین بڵێین : مامۆستا جوانترین و ڕەوانترین زمان لە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان و وەرگێڕانەکانیدا بەدیدەکرا .
* مامۆستای چیرۆكنووس جەلیل کاکە وەیس سەبارەت بە مامۆستا حسێن عارف دەڵێت:
– کەمن ئەو کەسانەی لەدوای خۆیان ناوێکی زیندوو دەهێڵنەوە، حوسێن عارف یەکێکە لەو شاکارنووسانەی بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەریمان دەمێنێتەوە. من لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو حوسێن عارفم ناسی، بەتایبەتی لەو سەردەمەی سەرنووسەری کاروان بوو، هەر جارێک بەرهەمم بۆی دەبرد دەربارەی چیرۆکنووسین و دنیای ئەدەب کۆمەڵێک ئامۆژگاری دەکردم، هەمیشە دەیگوت دنیای ئەدەبیات پەلەکردنی ناوێت پێویستی بە خوێندنەوەی زۆر و ماندووبوونی زۆرە. یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی فێری کردم ئەدەبیات چاولێکەری نییە، پێویستی بە ڕامان و بیرکردنەوە و شەونخوونییە. مەخابن حوسێن عارف و حوسێن عارفەکان جێیانهێشتین، کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی ئەوان پڕ بکاتەوە. مامۆستای پایەبەرزم تۆ زۆر ڕێنوێنیت کردم، توانیم لە سایەی ئامۆژگارییەکانی تۆوە ڕێچکەی تایبەتی خۆم بدۆزمەوە. نامەکانت ئێستاش لای من پارێزراون. ماڵئاوا.. ماڵئاوا نووسەرە دەگمەنەکەی کوردستان.
* خاتوونی شاعیرو نووسەر (ئەرخەوان ڕەسوڵ) یش له‌ ئه‌كاونتی فه‌یسبووكی خۆیدا دەربارەی مامۆستا دەڵێت:
– مامۆستای پایەبەرز و گەورە حسێن عارف م لەرێی کۆمەڵە چیرۆکی (تێشووی سەفەرێکی سەخت) و رۆمانی (شار) و (گەلە گورگەوە) ناسی و زۆر سەرسام بووم بە نووسینەکانی ،حسێن عارف ناوێکی دروشاوەی نێوەندی ئەدەبی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریە ،کۆچی ئەو هەموو دڵەکانی غەمگین کرد!
* * *
* مامۆستای نووسەر (بەدران ئەحمەد حەبیب ) به‌رپرسی پێشووی ده‌زگای ئاراس، بیرەوەری خۆی لەگەڵ مامۆستا حوسێن عارفدا، ئاوا دەگێڕێتەوەو دەڵێت:
– رۆژی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ نا، رۆژی دواتر، لەگەڵ مامۆستا (سەلام عەبدوڵڵا)ی سەرنووسەری (رۆژنامەی خەبات) لە پیرمامەوە هاتین بۆ هەولێر، دوای کەمێک گەڕان بە شاردا، چووین بۆ سەردانی د. مارف خەزنەدار، دوای سڵاو و چاکی و چۆنی، د. مارف بە پێکەنینەوە وتی ئەو ژێرزەمینەی تۆ لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٤دا خۆت تێدا شاردبووەوە ئێستا کۆمەڵێکی تر لەوێ خۆیان شاردۆتەوە، دوای ئەوە د. مارف منی بردە لای مامۆستا حوسێن عارف، کە لەوێ لەو ژێرزەمینە لە ناو ئەرشیفخانەی د. مارفدا پیاسەی دەکرد، ماڵی د. مارف ماڵێکی پەرژیندار و گەورەماڵ بوو، هەرکێ هەستی بە مەترسی بکردایە رووی لەوێ دەکرد، زۆرم پێ ناخۆش بوو، نووسەرێکی گەورە، ئەندامی پەرلەمانیش بوو، خۆی لەوێ بشارێتەوە، یەکسەر چووم بۆ پارێزگای هەولێر و ئەم هەواڵەم بە رێزدار (فرەنسۆ هەریری) گەیاند، کە ئەویش هەر ئەندامی پەرلەمان بوو،
فرەنسۆ هەریری دەمودەست نامەیەکی رەسمیی نووسی و دایە دەستی من و منیش بۆ مامۆستا حوسێن عارفم برد، ئیتر ئەوە بوو گەڕایەوە بۆ سلێمانی، لە نامەکەدا نووسیبووی کەس بۆی نییە مامۆستا حوسێن رابگرێت، دوای ماوەیەک لە سەردانێکی تری د. مارفدا دیسان بە پێکەنینەوە ئەو نامە رەسمییەی من بۆ مامۆستا حوسێن عارفم هێنابوو، پێشانی من دایەوە، وتی کاک حوسێن دوای ئەوەی گەیشتەوە بە سلێمانی نامەکەی بۆ ناردوومەتەوە، واتە بۆ د. مارف،
ئیتر من مامۆستا حوسێنم چاو پێنەکەوتەوە تا رۆژێک بیرم نەماوە ساڵی چەند بوو، رەنگە ٢٠٠٨ یان ٢٠٠٩ بووبێت، هات بۆ دەزگای ئاراس، لە دوورەوە وتی (تۆ قوتابیی منییت، لە کۆواری کاروان ئێمە تۆمان کرد بە نووسەر)، راستیشی دەکرد، وتی (هاتووم هەموو بەرهەمی من لێرە چاپ بکەنەوە)، وتم وەی بەسەر چاو، سەیرم کرد دوو کتێبی کەم هێنابوو، داوام کرد ئەوانیش بنێرێت تا هەموویان بە یەکەوە چاپ بکەین،
من ساڵی ١٩٨١ یان ١٩٨٢، بۆ یەکەمجار چووم بۆ کۆواری کاروان لە ئەمیندارەتیی گشتیی رۆشنبیری لە هەولێر، لەوێ دەسبەجێ مامۆستایان (سەردار میران و عەزیز حەریری و عەبدولغەنی عەلی یەحیا و حەمەمین پێنجوینم) ناسی، ئەمانە هەموویان مەیلداری حزبی شیوعی بوون و پاڵپشتیی منیان کرد، هەروەها مامۆستا حوسێن عارف و مامۆستا محەمەد زادە، هەردووکیان بە گەرموگوڕی منیان گرتە خۆ، کە ئەوکاتە تەمەنم ٢٠ ساڵ کەمتر بوو، کۆواری کاروان سەری زۆر قەرەباڵغ بوو، تا نۆرەی یەکەم بەرهەمی من هات بڵاو ببێتەوە، ساڵ و هەندێکی پێ چوو، ساڵی ١٩٨٦، دەمانی چیاوچۆڵ من رۆمانی شارم خوێندەوە، ئەوە بەرگی دووەم بوو، زووتریش بەرگی یەکەمی شار و کۆمەڵەی گەلەگورگم خوێندبووەوە، مامۆستا حوسێن عارف پیاوێک بوو تا بڵێی نەرمونیان، وا بزانم کەمیش دەدوا، بێدەنگ بوو، ئەم کۆچەیشی هەر بە بێدەنگی کرد، ماڵی نەمریی ئاوا بێت وەک چۆن لە ژیانی خۆیدا ماڵی کوردی ئاوەدان کردبووەوە بە چیڕۆک و رۆمان و ئەو زمانە کوردییەپەتییەی خۆی.
* * *
* ئازا حەسیب قەرەداخی نووسەرو شێوەکار سەبارەت، بە مامۆستا (حسێن عارف) دەڵێت:
– پاییزی ١٩٨٦ لە هەولێر بۆ بژێو و دامەزراندنی بنکەیەک بۆ کاری نهێنیم لە (حزبی شیوعی عێراق)دا، وەکوو پیشە، بۆیاخی ناو ماڵانم دەکرد. بە ڕێکەوت ڕۆژێک مامۆستا (محەمەد ئەمین پێنجوێنی) منی لەسەر کار بینی. ئەو جگە لەوەی هاوڕێی باوکم بوو، منیشی باش دەناسی و ساڵانی پێشتر دوو پیشانگەی شێوەکاریی تایبەت و هاوبەشی بۆ کردبوومەوە. جێی سەرسوڕمانی بوو من لە هەولێرم و ئەم کارە دەکەم، بۆیە پێی وتم ئەمە کاری تۆ نییە و من کارێکی شایستە بە هونەرەکەت بۆ دەدۆزمەوە. چەند ڕۆژێکی نەخایاند هاتەوە بۆ شوێنی کارەکەم و وتی سبەی ئامادە بە دەچینە گۆڤاری (کاروان). ڕۆژی دواتر پێکەوە چووینە گۆڤارەکە و بۆ یەکەمجار مامۆستا (حسێن عارف)م بینی و قسەمان کرد. هەم گۆڤارەکە بۆ ئێمەی گەنجانی ئەوسا، ناسرا بوو، هەم حسێن عارف، بە هۆی کورتە چیرۆک و نۆڤلێتەکانییەوە، ئایکۆنێکی ئەدەبی باڵا بوو. پیاوێک بە جەستە لاواز، لە پشت چاویلکەیەکی شووشە ئەستوور و لە ژێر دوو برۆی ڕەش و ئەستوورەوە بە دوو چاوی تیژ وەک چاوی باز تێی دەڕوانیت و لەگەڵ دووکەڵی جگەرەدا وشەکانی لە دەم دەهاتنە دەر و خەندەش لە لێوەکانی بزر نەدەبوون. دیار بوو پێشتر لە نێوان خۆیاندا، ئەو دوو بەڕێزە چارەنووسی منیان شەن و کەو کردبێ. کە دوا، قەڵەمەکەی دانا و دەستەکانی لێک ئاڵاند و بەناو یەکدا هێنا و بردیانی، وەک بڵێی من گونکە هەویرێک بم و ئەویش نانەوا.
لەو ڕۆژەوە بە (کەرتەکاری) لە بەشی نەخشەسازی گۆڤارەکە داینام و وەک شاگرد چوومە بەردەستی مامۆستا (محەمەد زادە)ی هونەرمەند و کەوتمە ناو ژیانی ڕۆژنامەگەری و میدیاوە و زیاتر لە ٣٠ ساڵ تەمەنی خۆمم بۆ تەرخان کرد و دوا وێستگەش خۆم بووم بە سەرنووسەری گۆڤاری (کاروان) و دوای سێ ژمارەی لە خولی نوێیدا، خانەنشین بووم.
حسێن عارف، جگە لەو دەرفەتە زێڕینە، چه‌ند دەرفەتێكی دیکەشی بۆ ڕەخساندم. سێیان هونەری بوو.
یەکەم: دەستنووسی ڕۆمانی (شار)ی پێدام بیخوێنمەوە و سکێچ بۆ کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکە بکێشم. لەو ڕووەشەوە ئازادی کردم کە بە چ ستایلێک بیکێشم. ئەوەش یەکەمجار بوو لەناو ڕۆماندا پۆرترێت هەبێ. جگە لەوەی جێی خۆشحاڵیم بوو کە ڕۆمانەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، کارەکەی منیش هەروەها.
دووەم دەرفەت: هەر لە ڕێی کارەکەمەوە، فێری دیزاینکردنی کتێب بووم و ناوەوەی کتێب و بەرگم دەنەخشاند بۆ نووسەران. هەروەها فێری دروست کردنی مۆنتێف بووم بۆ شیعر و کورتە چیرۆک کە لە گۆڤارەکەدا بڵاو دەکرانەوە. هەر ئەوانەش ڕێگەیان بۆ خۆش کردم بۆ کێشانی کاریکاتۆر.
سێیەم دەرفەت: چوار پێنج لاپەڕەی گۆڤارەکەی بۆ تەرخان کردم لەژێر تایتڵی (پیشانگەی کاروان)، لەبارەی هونەرمەندانی شێوەکاری کوردەوە بنووسم. دیسانەوە ئەوە یەکەم جار بوو کە میدیای کوردی، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی پیشانگەکانەوە، تێپەڕێنێت بەرەو نووسین و شرۆڤە و ڕەخنەی شێوەکاری. سێ ئەڵقەم بڵاوکردەوە لەبارەی ( ئازاد شەوقی و علی جۆڵا و هونەری شێوەکاری مناڵان، نموونەکەشم پیشانگەی مناڵانی سلێمانی بوو.) ئەم دەرفەتە دەرگەی دنیایەکی نوێی بۆ من خستە سەرپشت کە ئێستاش یەکێکە لە خولیاکانم و لەسەری بەردەوامم.
حسێن عارف، بۆ من ئەو کەسایەتییە بوو کە دەرفەتە زێڕینەکانی بۆ خوڵقاندم و فێری کردم مرۆڤ شارێکە بە هەموو ناسنامە و پێکهاتەکانییەوە. فێری کردم لە شەوە تاریکەکاندا ئازایانە ڕووبەڕووی گەلەگورک ببمەوە.
* * *
* ساڵح بێچاری شاعیر دەربارەی مامۆستا حسێن عارف دەڵێت :
– مامۆستا حسێن عارف هەر لە تەمەنی لاوییەوە لەڕێگای نووسین و بڵاوبوونەوەی چیرۆکی (چای شیرین) وەک چیرۆکنووسێکی بەتوانا و داهێنەر، ناسرا کە بە ئێستاشەوە یەکێکە لە ناسراوترین چیرۆکەکانی و ساڵی ١٩٥٧ نووسیویەتی.
لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشدا ڕۆمانی (شار)و کۆمەڵە چیرۆکی (گەلەگورگ) ناوبانگی زیاتریان بۆ مامۆستا پەیدا کرد. بەر لە ڕاپەڕینیش ڕۆمانی (ئەندێشەی مرۆڤێک) لەو سەردەمەدا مامۆستای بردە ئاستێکی بەرزتری ناوبانگ و داهێنان.
هاوکات وەرگێڕانی کتێبی (میر)ی مەکیاڤیلی، یەکێک لە کتێبە دیار و پڕ خوێنەرەکانی مامۆستا بوو لە هەشتاکاندا. هاوینی ٢٠١٨، ماوەیەک دوای چاپکردنی بیرەوەرییەکانی لە دوو بەرگدا، لە چایخانەی شەعب بە خزمەتی گەیشتم.
* * *
* ئێستاش كورته‌ چیرۆکی (چای شیرین)ی مامۆستا (حسێن عارف) دەکەینه ‌نموونەی یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌ جوان و شیرینه‌كانی:
چای شیرین
حسێن عارف
– سه‌رم له‌ خۆم سوڕماوه‌!. ئه‌مڕۆ به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رۆژانی تره‌وه‌، سه‌ماوه‌ره‌ تێكقوپاوه‌كه‌ی جارانم، لێ بووه‌ته‌وه‌ كه‌مانێكی نه‌شمیله‌ و خۆشترین ئاواز، ده‌ڕژێنێته‌ ده‌روونمه‌وه‌، قۆرێ گه‌ڕه‌ له‌ ته‌لگیراوه‌كه‌، كه‌ جاران قێزم لێده‌كرده‌وه‌، ئێستا زۆر خنجیله‌و خاوێن دێـته‌ پێش چاوم. بگره‌ پیاڵه‌ پۆرخزه‌كان و جامه‌ ژه‌نگاوییه‌كه‌ و شه‌كردانه‌ ره‌زاقورسه‌كه‌ش، ده‌ڵێی ئه‌مڕۆ خۆیان له‌ ئاوی جوانی هه‌ڵكێشاوه‌ و به‌ده‌م منه‌وه‌ ده‌خنێنه‌وه‌. داووده‌زگای چالێنانه‌كه‌ هه‌موو، نازانم بڵێم من بۆ ئه‌وان یا ئه‌وان بۆ من، پێ ده‌كه‌نن و گه‌شكه‌ ده‌یانگرێ؟. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مڕۆ وا هه‌ست ده‌كه‌م، كه‌ هێزێكی ئه‌فسووناوی له‌ناخی دڵ و ده‌روونمدا، ره‌گی داكوتاوه‌ و ئارامی له‌به‌ر بڕیوم. ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه‌، بۆچی تا دوێنێش ئه‌م چوار قۆڵی چا خواردنه‌وه‌یه‌ (من و وه‌ستام و وه‌ستاژنم و له‌گه‌ڵماندا ئافتاوی كچیان)، هێنده‌ دڵته‌نگ و په‌ستی ده‌كردم؟!، ده‌توت به‌كوته‌كه‌وه‌ به‌سه‌رمه‌وه‌ راوه‌ستاون و ناچاری ئه‌م چا خواردنه‌وه‌یه‌م ده‌كه‌ن. كه‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ، هه‌موو جوڵه‌ و ته‌قه‌وڕه‌قه‌یه‌كی، ختوكه‌ی هه‌ست و نه‌ستم ده‌ده‌ن!. هه‌تا دوێنێ له‌ شه‌رم و ته‌ریقیدا، ئارامم له‌به‌ر ده‌بڕاو جێگه‌م به‌خۆم نه‌ده‌گرت. كه‌چی بێئارامی ئه‌مڕۆم، ئه‌نجامی ئه‌و هێزه‌ ئه‌فسووناوییه‌یه‌، كه‌ گیان و هۆشمی هێناوه‌ته‌ جۆشوخرۆش.
ئا له‌ كاتێكدا كه‌ من هه‌ر له‌سوچه‌كه‌ی جارانمدا، ماتومه‌لوول دانیشتبووم و به‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌دوام، ئافتاو و دایكی وه‌ك هه‌موو رۆژانی تر، ته‌داره‌كی چالێنانه‌كه‌یان دامه‌زراندبووه‌وه‌.
كڵۆ خه‌ڵووزه‌كانی ناو ته‌نووری سه‌ماوه‌ره‌كه‌، كه‌وتبوونه‌ نێڵه‌نێل و كڵپه‌یان لێ هه‌ڵده‌ستا. ئاوه‌كه‌ی مێرووله‌ی ده‌كرد و زیله‌یه‌كی به‌چه‌شنی ئاوازێكی ناسكی پێك ده‌هێنا. ئیتر له‌وه‌دابوو ها ئێستا ها ساتێكی تر، بكه‌وێته‌ كفه‌كف و جۆشوخرۆش. بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم، تاسێكی قووڵ بردمییه‌وه‌. كاره‌ساته‌كه‌ی دوێنێ، بۆ جاری جاره‌ها سه‌رنجی راكێشامه‌وه‌…
به‌ڵێ دوێنی هه‌ر ئه‌م كاته‌بوو، كه‌ هه‌مان چوار قۆڵی به‌ده‌وری پیره‌ سه‌ماوه‌ردا كۆمه‌ڵه‌مان به‌ستبووه‌وه‌. هێشتا فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌ستا ژنم له‌گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئافتاوی وت:
• ده‌ی چایه‌كه‌یان بۆ تێكه‌.
ئافتاویش وه‌ك هه‌موو رۆژانی تر، پیاڵه‌كانی ئاماده‌كرد. به‌ڵام بۆچی به‌تایبه‌تی یه‌كێكیانی له‌وانی تر باشتر ده‌شت؟. بگره‌ شه‌كریشی دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وانی تر تێ ده‌ته‌پاند؟!. ئای چه‌ند حه‌پۆلكه‌ بووم!!. هه‌موو رۆژێ ئه‌م كرده‌وه‌یه‌م له‌ئافتاو ده‌دی، كه‌چی جارێك سه‌رنجم بۆ ئه‌وه‌ نه‌چوو له‌ خۆم بپرسم: ئه‌رێ ئه‌مه‌ بۆچی و یانی چی؟!. چا دابه‌شكرا. پیاڵه‌ تایبه‌ته‌كه‌ وه‌ك هه‌موو رۆژان، به‌ر من كه‌وت. ئه‌و كرده‌وه‌كه‌ی خۆی لێ سه‌دباره‌ كردمه‌وه‌. منیش ئه‌وه‌ی خۆمم لێ سه‌دباره‌ كرده‌وه‌.
چایه‌كه‌م دایه‌وه‌ دواوه‌ و وتم:
• چایه‌كه‌م هه‌م دیسان زۆر شیرینه‌، كه‌مێكی تاڵم بۆ به‌سه‌ریدا بكه‌.
كه‌چی ئافتاوم ئافتاو، خێسه‌یه‌كی پڕ له‌ ڕقوكینه‌ی لێ كردم. لچێكی لێ هه‌ڵقورتاندم و به‌نیمچه‌ تووڕه‌ییه‌كه‌وه‌ لێی وه‌رگرتمه‌وه‌.
دیاربوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی، ئه‌نجامی پیشخواردنه‌وه‌یه‌كی دوورو درێژ بوو.
چاوم تێوه‌ بوو، له‌ باتیی ئه‌وه‌ی ته‌نیا پیاڵه‌كه‌م بۆ پڕ بكاته‌وه‌ له‌چای تاڵ، هێنده‌ی تێ قڵپاند تا ژێرپیاڵه‌كه‌شی پڕ كرد. بێگومان ئه‌مجاره‌یان له‌تاڵیدا نه‌ده‌خورایه‌وه‌. منیش شه‌پۆلێكی رقوكینه‌ زۆری بۆ هێنام و له‌ دڵی خۆمدا وتم: (توخوا ده‌وه‌ره‌ چۆن تووشی ئه‌م چه‌تیوه‌ ده‌عه‌جانییه‌ بووم؟!). ئیتر وه‌ها پیشم لێ خوارده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر شووره‌یی نه‌بوایه‌، چایه‌كه‌م ده‌كرد به‌چڕوچاوی نه‌گریسیدا و كارێكم پێ ده‌كرد، با به‌ ده‌واری شڕی نه‌كردبێ. به‌ڵام وه‌ستاژنم وه‌ك هه‌ستی به‌كه‌تنه‌كه‌ كردبێ، به‌دڵسۆزییه‌وه‌ لێی پرسیم