لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوەی کە دوێنێ لە قەزای کفری ڕوویدا و تێیدا گەنجێک لە چەند مزگەوتێک هەڕەشەی کردبوو، بەردەوامە و دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری، ڕایگەیاند کە گەنجەکە پێشتر لە چێشتخانەیەک کاریکردووە و لە حەوشەی یەکێک لە مزگەوتەکاندا کاخەزێکی دابە بە گوتارخوێنێک و داوای لێکردووە لە گوتاری هەینیدا دژی حکومەت قسە بکات.

لای خۆیەوە، شێرکۆ عومەر، خاڵی تۆمەتبارەکە، ئاشکرای کرد کە خوشکەزاکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخراوی داعشەوە نییە و سەرەڕۆیانە ئەو کارەی کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆخی دەروونی تەواو نییە و پێشتر دایک و باوکی ترسیان هەبووە هێرشیان بۆ بهێنێت.

سەبارەت بە چارەنووسی یاسایی کەیسەکەش، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاندووە کە تەواوی ئەم پەڕاوە و لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی دادگە دەکرێن و دەسەڵاتی دادوەری کۆتایی بە یەکلاکردنەوەی ئەم کەیسە دەهێنێت.