سهرهتا وتار ئاماژە بە فەلسەفەی سپینۆزا دادپەروەری وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و عەقڵانی لە کوردستاندا
د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
فەرهەنگی ئۆكسفۆرد (Oxford advanced dictionary, 2003: p.203) دادپەروەری بەو شێوەیە سادەیە پێناسە دەكات كە بریتییە لە»چۆنیەتی و كۆالێتی چاكبوون یان ئەقڵانیبوون». پرۆفیسۆر دكتۆر تەقیی كیمیایی ئەسەدی، پسپۆری مێشك و دەمار لە زانكۆكانی ئەمریكا، لە پەرتووكی خۆیدا لە ژێر ناوونیشانی( فسیۆلۆجیی مێشك و ئەخلاقیات) لایەنی هەیەجانی و دادپەروەری بە یەكەوە دەبەستێتەوە و دەنووسێ: «هەستەكانی هەیەجانی و سۆزداریی وەك سوپاسگوزاری، هاندان، شكۆ بە هەموو ئاست و پلەكانییەوە، باشی و چاكەی كارێك یان شتێك دیاری دەكەن، و لەگەڵ خۆیدا مەیلی پاداشتكردنی كەسی چاكەخواز دەهێنێ. بنەماكانی رەوشتی، كە كۆڵەگەی سیستەمی دادپەروەری و دادپەروەریخوازیی خۆڕسكیی مرۆڤەكانە لە ناخی ئەو كاردانەوە سروشتیانەدا حەشاردراون. ئەو بابەتە بۆ بنەما سەرەكییەكانی دەستووری ئەخلاقی راستن و لەگەڵیاندا دەگونجن و بەشێكن لە هەیەجانە كۆمەڵایەتییەكان كە تەنانەت لە نێو هەندێ لەو گیانەوەرانەی كە بە كۆمەڵ دەژین بوونی هەیە، بەڵام زانست تا ئەم ساتە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە هەستی گیانەوەران بپێوێ، بەڵام گومانی تێدا نییە كە هەستی هەیەجانی كۆمەڵایەتی تا رادەیەك بوونی هەیە»، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەستەمە كە لە نێو ئەو گیانەوەرانەدا داوایان لێبكرێت كە دادپەروەری بچەسپێنن، لە كاتێكدا كە رەفتارەكانی ئەو گیانەوەرانە رێفلێكسی و رەمەكین، و ئەوە تەنها مرۆڤە كە توانیویەتی لە سایەی ئەو گەشە بەرچاوەی كە لە تێكرای مێشكیدا، و بەتایبەت دیوی پێشەوە و نێوچاوانی (frontal lobe) هەندێ رەفتار ئەنجام بدات كە هاوشێوەی لە گیانەوەرانی دیكەدا زۆر كەم و دەگمەنە یان تەنانەت بوونی نییە. دیارترینی ئەو گەشەیە بوون بە خاوەن یەكێك لە توانا سەرسۆڕهێنەرەكانی مرۆڤی هاوچەرخ یان ئەوەی كە ناوی لە خۆی ناوە هۆمۆساپیێنس ساپیێنس (homo sapiens sapiens) و مێژووی دەركەوتنی وەك توێژەرانی وەك دكتۆر ئەسەدی دەڵێن «نزیكەی بەر لە 60000 ساڵ بووە»، و توانای هەیە هەست بە خودی (self) خۆی بكات و بزانێ كێیە و لە چییەوە پێكهاتووە و لە كۆییەوە هاتووە و داهاتووی چی و چۆن دەبێ و ئەوەش بە پێی ئەنجامە زانستییەكانی توێژینەوەكانی هاوچەرخ نەك ئەو خۆرافاتەی وەك ئەفسانە دروستكراون و لەگەڵ ئەوەشدا توانایی پەیبردن و دەرككردنی هەیە و لە هاوكێشەی رابردوو، ئێستا و داهاتوو تێدەگات، ئەو تواناییەی كە تەنانەت نزیكترین ئامۆزاكانی مرۆڤیش، وەك چارلز داروین، شاهی زانایان، لە تیۆرییەكەی خۆیدا لە چوارچێوەی سایكۆلۆژیای پەرەسەندندا ئاماژەی پێدەدات و بریتین لە شەمپانزێ، مەیموون، و بۆنابۆكانیشدا، نەگەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی كە لای مرۆڤ هەیە. بەشێك لە هەموو ئەو تواناییانە لە هەمان كاتدا دەتوانن ببن بە هەوێنی ئەو هەیەجانە كۆمەڵایەتییەی كە خۆی لە چەمكی دادپەروەری»دا دەبینێ و بۆ هەزاران ساڵی رابردوو مێشكی مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە.
یەكێك لەو زانایە بلیمەتانەی كە بە جوانترین شێوە لەو تواناییەی مرۆڤ گەیشتووە و بڕوانامە دكتۆرایەكەی لە بارەی دادپەروەری پێگەیەكی دیاری لە جیهانی فەلسەفە و سایكۆلۆژیای سیاسیی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەیە بارۆخ سپینۆزا (Baruch Spinoza, 1632-1677)، فەیلەسۆفی هۆڵەندیی چەرخی ناوەڕاستە، كە قۆناغێكی سەختی ژیانی مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرێ كە مرۆڤایەتی و بەتایبەت ئەوروپا بەدەست سیستەمی دیكتاتۆریانەی دەسەڵاتی كلیسا و پشكنینی بیروباوەرەكاندا دەیناڵاند و بیروباوەرە دۆگماییەكانی كلیسا لەو قۆناغەدا تەنگی بە مرۆڤی ئەورۆپی هەڵچنیبوو. ئەو قۆناغەی كە بە گەواهی و شایەتیی مێژوو پەڵەیەكی رەشە بەنێو چاوانی مرۆڤایەتییەوە لە سایەی پشكنینی بیروباوەڕەكاندا، نەك تەنها دادپەروەری، بەڵكو مرۆڤایەتیش هیچ واتا و رامان و بەهای خۆی نەمابوو، و بە هەزاران كەس بە بێتاوان و بێ ئەوەی كە بچووكترین زیانیان بۆ كۆمەڵگە هەبووبێ بە ناو و ناتۆرە و تۆمەتی وەهمی و دروستكراو و خۆرافی خرانە زیندانە تاریكەكانی ئەو سیستەمە كۆمەڵایەتییە و یان كوژران تەنانەت بە زیندوویی سووتێنران، و جۆرەها ئەشكەنجەی نامرۆڤایانەیان بەسەردا سەپێنرا و هەندێكیان ناچاركران كە دەست لە بیروباوەڕ و هزرە داهێنەرانەكانی خۆیان، كە وەك بەرهەڵستی بیروباوەڕەكانی كلیسا لە قەڵەم درابوون، پاشگەز ببنەوە.
لەم هەلومەرج و كاتەدا هاتنی سپینۆزا وەك مۆجیزەیەك بوو، و بیروباوەڕە نوێخواز و دادپەروەریانەی، كە تەواوكەری بیروباوەڕی فەیلەسوف و زانایانی وەك رێنیە دیكارت، گالیلۆ گالیلێ، ئیسحاق نیوتن، جۆن لوك، و … هتد، بوون، وەك خاڵێكی دەستپێكی و وەرچەرخانێك و راپەڕینێك لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا هەژمار دەكرێن. سپینۆزا ئەڵقەی بە یەكگەیشتنی سایكۆلۆژییا، سیاسەت، كۆمەڵایەتی و سروشت بوو. سپینۆزا لەو تاریكایەتییەدا ئەستێرەیەكی درەوشاوە و پرشنگداری زانست و هزر و بیركردنەوە بوو كە رووناكییەكەی رێڕەوەی بیركردنەوە و سیاسەت و مێژووی ئەوروپا و جیهانی گۆڕی. هەر بۆیەش و لە سەر ئەو بیروباوەڕانە هەر زوو لە لایەن كۆمەڵگە دواكەتووە دۆگماییەكانی خۆیەو بە تووندترین شێوە دژایەتی دەكرا و بە لادەر لە ئایین هەژمار دەكرا. بیروباوەڕەكانی سپینۆزا، بەتایبەت لە بواری دادپەروەریدا وەك گورزێكی پۆڵایین بوو لە ئەستوونە پووشالییەكەی سیستەمی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو سەردەمە. بەرهەمە دیارەكانی بریتین لە: (پەرتووكی رەوشت)، و (گوتارێك لە بارەی چاكسازی عەقڵی)، و وەك دەبینن سپینۆزا لە بابەتەكانی وەك رەوشت و عەقڵدا لەگەڵ فریدریك نیتچە، فەیلەسوفی ئەڵمانی، كە دوو سەدە دواتر دەژیا، لێك نزیك بوو.
دادپەروەری لە روانگەی سپینۆزا بەرجەستەكردنی مافەكان، پێدانی مافی رەوا بە هەر كەس كە خاوەن ئەو مافەیە لە سەر بنەمای عەقڵ، كە دەبوایە لە لایەن دەوڵەت پیادە بكرێت و بچەسپێنرێت. سپینۆزا پێیوابوو كە دادپەروەری لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا شارستانییەكاندا بوونی نییە، و ماف و دادپەروەری بە لایەوە، كە هەر دوویان بەرهەمی «گرێبەستی كۆمەڵایەتی»ـن، ئەو چەمكەی نزیكەی سەدەیەك دواتر لە لایەن ژان ژاك رۆسۆ بەكارهێنرا، كە لە هەمان كاتدا ئاسایش و ئازادی مرۆڤەكان، كە لەو قۆناغەدا و چەرخی ناویندا هیچ بەها و واتایەكی نەبوون، دەستەبەر و مسۆگەر دەكات، كە خۆی لە یەكسانی و بەرابەریدا بەرجەستە دەكات. سپینۆزا وای بۆ دەچێ كە دەوڵەتێكی دیموكراسی هێزی سەرەكی و لایەنێكی گرنگی خاوەن توانایی دەستەبەركردنی دادپەروەرییە، چونكە دەگونجێ لەگەڵ عەقڵ و لە بەرژەوەندی گشت لایەكدایە. لە بیرمان نەچێ كە سپینۆزا لە سەردەمانێك باس لە دیموكراسیەت دەكات كە تەنانەت كۆمەڵگەی ئەوروپی لە بچووكترین مافەكانی چەسپاندنی دیموكراسی بێبەش بوو، هەر چەندە كە پێش ئەویش لەم لا و لەو لا باس و خاسی چەمكی دیموكراسی هەبوو و نامۆ نەبوو.
دیارترینی خاڵە پەیوەندارەكانی دادپەروەری لە روانگەی سپینۆزا خۆی لەمانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
1- دادپەروەری و یاساكانی شارستانی: سەرباری ئەوە كە سروشت بە لایەوە گرنگییەكی تایبەتی هەبوو، بەڵام سپینۆزا پێیوایە كە دادپەروەری بەهایەكی سروشتی نییە، بەڵكو دامەزراوەیەكی شارستانییە، كە دەبێ ماف و ئەركەكان تەنها و تەنها لە رێگەی یاسكانی دەوڵەتەوە دەستنیشان بكرێن. چونكە لە دەرەوەی یاساكانی دەوڵەتدا هیچ دادپەروەرییەك نایەتەدی، و ئەوەش هەمان گەڕانەوەیە بۆ دۆخە سروشتییەكەی خۆی كە ماف لە رێگەی هێزەوە باڵادەستیی خۆی دەپارێزێ.
2- دادپەروەری و ماف و هێز: ماف لە روانگەی سپینۆزا یەكسانە لەگەڵ توانایی و هێز، بۆیە دادپەروەری بە « تواناییەكی هاوبەش» ناوزەد دەكات كە لە پێناو پاراستن و پشتیوانیكردن لە تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە رێكخراوە، و لێرەدایە كە دادپەروەری وەك چەسپاندنی گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەردەكەوێ.
3- یەكسانی و بەرابەری و وەكیەكی: یەكسانی لە روانگەی سپینۆزایەوە بایەخێكی زۆری هەیە و جەخت لە چەسپاندنی دەكات و دەڵێ كە «دەبێ دادوەران و دادگەكان بە دیدێكی یەكسان و وەك یەك هەڵسوكەوت لەگەڵ هەموو كەسێك بكەن، بە بێ ئەوەی هیچ جیاكارییەكی ئەنقەست و بە مەبەست و لەسەر بنەماكانی وەك چینایەتی یان نەتەوەیی لە نێویاندا بكرێت، و تەنها ئەوەیە كە دەتوانێ سەقامگیریی دەوڵەت و مافی خەڵكی ئاسایی گەرەنتی بكات، لە كاتێكدا كە ئەو یەكسانییە و هەڵسوكەوتكردنە لەو چەرخەدا بێمانا بوو، بەڵكو سیستەمی سیاسیی كۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە ئەوەندە لاواز و لە بەر یەكهەڵوەشاوە بوو كە دەوڵەت لە لاوازترین پێگەی خۆیدا بوو و لەرزۆك و ناجێگیر بوو، و جەنگە یەك لە دوای یەكەكانی چین و توێژ و نەتەوەكان و وڵاتان لە لووتكەی خۆیدا بوو و ئەوروپا خوێناویترین قۆناغەكانی بەڕێدەكرد.
4- دیموکراسی دادپەروەرترین سیستەمە: بە لای سپینۆزاوە سیستەمی دیموكراسی بەرزترین ئاستەكانی بەدیهێنانی دادپەروەرییە، چونكە نزیكترین خاڵی بە یەكگەیشتنە لەگەڵ ئازادییە خۆڕسكی و سروشتییەكانی كە هەر مرۆڤێك مافی خۆیەتی خاوەنی بێ، و دەتوانێ بەرەو ئامانجێكی راستەقینەی گشتی هەنگاو بهاوێژێ، و رێگە لە بڕیارە ناعەقڵانییەكان بگرێت،، كە هەندێ كەس بە هۆكار و بیانوی جیاواز دەیدەن، یان لانیكەم كەمتریان بكات. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە كۆمەڵگەی سپینۆزا سەرتاپای سیستەمەكە لە لایەن كەسانی نادیموكراسی ئابلۆقە درابوو و بڕیارەكان ئەو پەڕی نائەقڵانی و تاكڕەوی و دۆگمایی و خۆپەرستی و خۆخۆری و لایەنگرانەی پێوە دیار بوو.
5- دادپەروەری و پەیوەندییەكەی لەگەڵ سروشتدا: خاڵی ناكۆكیی سپینۆزا و هەندێ لایەنگرانی سروشت خۆی لەو خاڵەدا دەبینێ. بەپێچەوانەی ئەو كەسانەی كە پێیانوایە كە دادپەروەری لە سروشتەوە سەرچاوە دەگرێ، سپینۆزا پێیوایە كە سروشت دۆخێكی ناسەقامگیرە و مرۆڤ لە رێگەی چەسپاندنی دادپەروەری و لە پەنای سیستەمێكی شارستانیانە كە لە سەر بنەمای عەقڵ دامەزراوە، دەتوانێ بە سەر دیوە هەڕەمەكییەكەی سروشتدا زاڵ بێ. لێرەدا جارێكی دیكە سپینۆزا هانا بۆ بنەماكانی سایكۆلۆژیی مرۆڤ و تواناییەكانی دەبات و جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەبێ پەنا ببرێتە بەر ئەقڵ، چونكە دادپەروەریی راستەقینە جۆرێكی پابەندییە بە یاساكانی دەوڵەتداریی جۆری عەقڵانی، كە ژیانێكی ئازادانە و پڕ لە ئاسوودەیی، كە ئامانجە مەزنەكانی هەر مرۆڤ و كۆمەڵگەیەكی ئاسایی و نۆرماڵن، و پەیوەستن بە دەستەبەركردنی بەختەوەری و شادیی مرۆڤەكان، گەرەنتی و مسۆگەر دەكات.
وەك دەبینین سپینۆزا پەكێجەك پێشكەش دەكات كە چەندین بنەما و بەها و یاسا و رێسا و زانست بەیەكەوە كۆدەكاتەوە، كە گرنگترینییان دادپەروەری، ماف، دەوڵەت، دیموكراسی، ئەرك، یەكسانی و وەكیەكی، ئازادی، سروشت، یاساكان، و عەقڵە. هەموو ئەو خاڵانەی كە دەتوانن بەشێك بن لە پێكهاتەی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەتداری لە هەرێمی كوردستان، وەك هەر كۆمەڵگەیەكی دیكەی هاوچەرخ، كە هەوڵ دەدات سوود لە تواناییە مرۆیی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان وەربگرێت تا باشترین دەرفەت بڕەخسێنێ تاكی كوردستان لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگە و خوێنی هەزاران شەهیدە، هەست بە ئەو پەڕی خۆشگۆزەرانی و بەختەوەری بكات. ئەو خۆشبەختی و خۆشگۆزەرانی و بەختەوەرییەی كە تاكی كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە و لە سایەی دەسەڵاتە نادیموكراسی و دیكتاتۆریانەی فاشیستییە داپڵۆسێنەرەكانی یەك لە دوای یەكی ناوەندی لێی بێبەشكراوە و تەنانەت بە دڕندانەترین شێوازیش رووبەڕووی بووەتەوە. هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی بەردەوام جەختی لێوەكردووە « دەبێ یاسا لە سەرووی هەموو كەس و شتێك بێ«، هەوێنی حكومەتی یاسادار و دەوڵەتدارییەكی دیموكراسیانەیە، كە وەك چۆن سپینۆزا جەختی لە یەكسانی لە دادگەكاندا دەكات دەبێ لە سەر بنەمای هەڵسوكەوتێكی دوور لە لایەنگیری لە چین یان نەتەوەیەكی دیاریكراو بێ تا سەقامگیریی دەوڵەت و مافی هەموو پێكهاتەكان مسۆگەر بكرێت، هەمان ئەو بنەمایەی لە رەوشتی بەرزی جەنابی سەرۆك بارزانیدا، وەك كولتوور و دۆكتۆریەن و فەلسەفەی رێبازی بارزان، هەمیشە پێداگری لە سەر كردووە و نەك تەنها هاندەر و پاڵپشتیكاری پێكەوەژیان بووە لە كوردستان بووە، بەڵكو لە دژی هەر پیلانێك كە لە دژی بنەماكانی ئەو پێكەوەژیانە رەفتاری كردبێ وەستاوە، و ئەو رەفتار و دروشمە بەشێك بووە لەو شانازییەی كە جیهانیش هەمیشە بە بەهایەكی جوانی كوردستان وەسفیان كردووە و جێگەی خۆشحاڵی و رەزامەندیی هەموو لایەك و جیهانیان بووە. هەرێمی كوردستان نموونەیەك بێ لە چەسپاندنی بنەماكانی فەلسەفەی سپینۆزا، كە لەگەڵ رۆحی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی و سایكۆلۆژی هاوچەرخدا دەگونجێ و رێگری لە دەستدرێژیكردنە سەر ئازادی و مافەكانی تاكی كوردستان دەكات و ئەوپەڕی دادپەروەری و یەكسانی و دژی هەر مەترسیەكە كە هەڕەشە لە بنەماكانی دادپەروەری و یەكسانی و دیموكراسی و پێكەوەژیان لە كوردستان دەكەن، و بە تووندترین شێوە بەرەنگاری دەبن. و یەكێك لە رێگەكانی گەیشتن بەو ئامانجە پەنابردنە بەر زانست و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەرزكردنی ئاستی رۆشنبیریی خەڵكە، چونكە لە كۆتاییدا ئەوە تاكەكانن كە كۆمەڵگە پێكدەهێنن و مەزنترین سەرمایەی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر وڵاتێكن و وەك خانەی جەستەی مرۆڤ دەزگا و دامەزراوە شارستانی، سیاسی، كولتووری، و پەروەردەییەكان بنیات دەنێن، و كۆمەڵگەی كوردستانی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاواتانەی خەڵكی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە زانست و رۆشنبیرییە، تا لە سایەیدا تاك هەست بە بەرپرسیارەتی بكات و ئەرك و مافەكانی خۆی بناسێ، و بە رێزگرتن لە بنەماكانی پێكەوەژیان و دیمۆكراسی و یاساكان و پشتبەستن بە عەقڵ و لۆجیك لە بەرژەوەندییە باڵا و نیشتیمانییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری تێبگات و ببێتە هێزێكی پۆڵایین بۆ هەرێمەكەمان و حكومەتەكەی، كە وەك سپینۆزا دەڵێ ئەمە كۆڵەگەی ئەو «گرێبەستە كۆمەڵایەتییە»یە، كە لە ئەنجامیدا خەونەكانی تاكی كوردستان بەدیدێت.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ