
دارا محهمهد عوسمان
هەروەكو ئاشكرایە دەڤەری هۆرامان هەر لە سەردەمی دروست بوونی بوونەوەرەوە سەرچاوەی عیشقی خوایی و رەسەنی مرۆڤ بووە، هەروەها ئەم شوێنە پیرۆزە هەر بە پاكی ماوەتەوە، بۆیە سەرچاوەی عیرفانی لەم شوێنەدا ڕەگی داكوتاوە، رێگەی بۆ خاوەن دڵانی دلۆڤان بە شێوازی سۆفی و دەروێشان رۆشن كردووەتەوە، رێبازی تەریقەت لەسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام بگرە پێشتریش، ئەم قییەمە كۆنە دەیان نەوەی بە عیشقی خوایی پەروەردە كردووە، بۆیە بێشكەی زۆربەی پیاوچاكان بە هەموو بناغەی بەردین لە ئەشكەوتەكان دا بەنەخش و نیگاری رەنگینیان وەك كولتووری نەتەوەیی بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ پیاوی دینی هەبوون، رێگەی زەردەشتیان گرتووە، (بەو پیاوە ئاینیانەیان وتووە پیر لەم دەڤەرەدا، ئەم پیرانە زۆرن،وەك دەڵێن نەوەد و نۆ پیرەی هۆرامان)، ئەو پیرانەش هەر رێچكەی پیرەكانی سەردەمی زەردەشت بوون وەكو :(پیرو دەرەیی لە سۆسەكان، پیر خدر كە لە هاوینە هەواری رێوڵە لە بەڵخە، پیر و تەوەنی، لە هاوینە هەواری تەوەنێ، پیرشالیار كە كتێبی هەیە بەناوی (ماریفەت و پیرشالیار)، ئەمانەش هەر هەموویان چاكە خواز بوون.
بەڵام دوای ئایینی ئیسلام ئەو شێخ و سۆفیانە كە هەوڵی چاكەیان داوە، لەسەر رێبازی ئایینی ئیسلام، بەو رێبازەیان وتووە (تەریقەت)، لە كوردستاندا دوو تەریقەت هەیە یەكێكیان تەریقەتی نەقشبەندی و ئەوی دیكەیان تەریقەتی قادری یە و هەردوو تەریقەتەكە بڵاون هەریەكەیان (سۆفی و مورید و دەروێش)ی خۆیان هەیە، ئەم دوو تەریقەتە راژەی ئەدەبی و فەرهەنگی كوردستانیان كردووە.
با جارێ لەسەر تەریقەتی نەقشبەندی بدوێین، كە بە زۆری لە دەڤەری هۆراماندا رەگی داكوتاوە، تا بزانین ئەو شێخانەی هۆرامان ئەم تەریقەتەیان هەڵبژاردووە، دیارە مەبەستەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شوێنی هۆرامان كە هەر خاوێن بووە، وەكو لە سیاچەمانەدا ئاماژەم بۆ كرد، پێشتر ئەم دەڤەرە پەروەردە كەری دینی زەردەشتی بووە، پێش هاتنی ئیسلام،دواتریش كە ئایینی ئیسلام هاتووە بە خاوێنی پێشوازیان لێكردووە و مرۆڤیشی بەتوانا و بە سەلیقە پێگەیاندووە، هەروەها ئەم تەریقەتە لە خۆیەوە پەیدا نەبووە، هەروەها بە ئاسانی نەهاتووەتە كایەوە، بگرە بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئەو بنەماڵە ئایین پەروەرانە بووە، هەروەها ئەو عیشقە خاوێنە لەگەڵ سۆز و ئەڤینی پاك و دوور لە فرت و فێڵ، نزیك لە ژیانی یەزدانییەوە پەیدابووە، پێناسەی ئەم دڵدارییە پاكە و لەكەدار نییە، دوورە لە خراپە و بەد رەوشتی و نزیكە لە خوی بەرز و دڵپاكی بچوك بەرامبەر بە گەورە و گەورە بەرامبەر بچوك، هەروەها تەریقەت حەوت مەرتەبە یان مەنزڵی هەیە ئەو حەوت مەنزڵە، دەبێ یەك بەیەك بپێورێن و بریتین لە (تۆبە، ورع، زاهد، فقد، صبر، توكل، رزا، فنا)، هەندێكیش سێ مەنزڵگەی (خوف، رجا، شكر) یان ووتووە، بەڵام رای گشتی ئەوەیە ئەم سێ مەنزڵگەیە شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەو حەوت بەشە بە تەواوكەرەكانی دێ، كە سێ تەواو كەربوون، هەر هەموویان یەك لەدوای یەك بەشێوەی جوان و زنجیرەیی دێن و رێگەكە یان تەریقەتەكە رۆشن دەكەنەوە، كە ئاوازی شێخانە لەناو ئەو حەوت بەشە و سێ مەنزڵگەی تردا بەدەستە ملانی خاوێن وەك بازنەیی یان بە شێوەی كورەیی (زكر) گیانی خاوێن كۆدەكاتەوە.
هەموو دەمێك گۆرانی بێژی شێخانە ئەو هۆزانانە هەڵدەبژێرێ كە هەموو كات دڵداری دەروێش و سۆفی و موریدەكان تینوێتیان دەشكێنێت، بۆ ئەوەی بە وردی سەرنجی ئەم گۆرانییانە بدەین، بە واتایەكی تر گۆرانی شێخانە بۆ كێ دەوترێت؟ دەبێ بزانین پیر یان شێخ ؟ پیر ئەو مرۆڤە دینیانە بوون كە لە ئاتەشگەدەكاندا ئاوازی بەرزە چڕیان بەشێوازی پارانەوە لە ئاهۆرامەزدا پاڕاونەتەوە، واتە رێ و رچەكەی دینیان بەرێوە بردووە، شێخ یان بەهۆی بەرماڵەوە یا بەهۆی پلەی گشتییەوە پێدەگات و دەبێت بە شێخ.
لە سورەتی (اعراف)دا لە ئایەتی (142)دا خوای گەورە دەفەرمووێت: (واعدنا موسی ثلاثین لیلە واهتممناها، بعشر، فتم میقات ربه اربعین لیلە)(1) واتا: بریارماندا لەگەڵ (موسا) دا بە سی رۆژ، ئەوسا بە دە شەوی دی تەواومان كرد.
هەروەها پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت: (من اخلص اللە اربعین صباحاً ظهرت له یتابیع الحكمە من قبله علی لسانە…) (2) واتە: هەركەس لە كانگای دڵەوە چل رۆژ بەندەیی و مل كەچی خوا بكات چاوگەكانی زانست لە دڵەوە بۆ زبانی سەردەكەوێت.
هەروەها مەلەوی زاناو پیر رێگەی حەق و قوتبی بەرز ئەم چلە كێشی و گەشە نشینییە بە خەڵوەت راڤە دەكات، دیارە مەولەوی خاڵۆ، مەولەوی زانا لە دیوانەكەیدا بە هۆزانە بەنرخەكانی، بە كێشی پەنجەی خۆماڵی دێتە گۆو دەفەرمووێ:
(ئای پەی خەڵوەتێ بدیام وە بێ خەم
سیوای تۆ دیدەم كەس نەدیام وە چەم
دڵ پەی دیدەنت خەڵوەت مسازۆ
تۆی دیدەم بێ تۆ مەردم نمازۆ) (3)
ئاشكرایە مەلەوی كەمەن كێشی بیارە و تەوێڵە بووە، كاتێ كە دەگاتە چەمی تەوێڵە ئەم دیوی گەڕیات، چەمێكی بچوك هەیە، دەڕژێتە سەر سەرچاوەی تەوێڵە، سەرچاوەی تەوێڵە دوو بەشە، چەمی (دزاوەر) و چەمی (ئاوێسەر)، لەو چەمەش چلەخانەی تێدایە. كاتێك مەولەوی دەچێتە چلەخانە شێخ لە چلە خانە دەبێت، ئەم هۆزانە بەرزەی بۆ دەڵێت و دەفەرمووێت زۆرجار داخی گرانم كە تەماشای خەڵوەت دەكەم شێخ لە چلەخانەدایە، دیسان خۆزگەی ئەوە دەخوازم جێگەیەكی چۆڵم دەست كەوتایە بەبێ خەم بمڕوانیایە بۆت، لە تۆ بەولاوە كەسم بەچاوی خۆم نەدیبایە، وەلێ داخی گرانم دڵم شوێنی چۆڵی بۆ ساز ناكرێ، كە لێیەوە بۆت بڕوانم، چونكە باشترین شوێن كە بۆت دەست بدات گلێنەی چاومە، لەوێشدا چاوم نابینا دەبێت، یان مەزڵومی لەگەڵما تەماشات دەكات.
ئەم هۆزانە بە دوو واتا دێت، یان تەماشای دیارییەكانی خوا بكات، كە چۆن مرۆڤ بەهۆی عیبادەت و كۆششی خۆیەوە دەگات بەو ئامانجە پیرۆزەی خۆی كە خوای گەورە رازی بكات، یان بەهۆی چاوە مەزڵومەكانییەوە تەماشای چلە خانە دەكات، كە شێخ چلە كێشی تیادا دەكات، تا بگات بە پلە و پایەی شێخایەتی، ئەمەش نموونەی هۆزانی مەولەوی دانایە بەرامبەر خەڵوەت كێشی، بۆیە باشترین بەڵگەیە ئەو هۆزانە بەگۆرانی شێخانە بووترێت، چونكە مافی گۆرانی شێخانە پارێزراو دەبێت، لەو هۆزانەدا هەم گیانی شێخ و هەم گیانی مەولەوی بە دەنگی هونەرمەندی گۆرانی بێژ ئاسوودە دەبن، لەبەرئەوە هەموو هۆزانێك بۆ گۆرانی شێخانە دەست نادات، واتە (هەر دەریوشا بە بابیوی ئەسپاران).
هەروەها گۆرانی شێخانە ئەو وێنە خاوێنەیە كە چەندین ڕازی ئەو خواناس و پیاو چاكانە لە كورەی (زكر)ی دەروێشان و لە كۆبوونەوەی مزگەوتەكان و لە تەكیەكاندا بە شێوەی كۆمەڵی بە عیشقی عیرفانی دەوترێت، هەروەها ئێمەی نەتەوەی كورد لە كوردستانی مەزندا هەزاران ساڵە نیشتەجێین.
بەڵام مام هەژار فەرموویەتی (چەند گەلێكی هەژار و هەناسە ساردین، چەند لەكاروانی ژیاری و شارستانی بەجێ ماوین، ترسێنراوین، رەتێنراوین، بەش خوراوین، وا پتر لە هەزار ساڵە خراوینەتە چاڵەوە، قەتیس ماوین) (4)، بەڵێ ئەمانە هەموویان راستن، وەلێ دەبێ خۆمان چاپووكانە قۆڵی لێ هەڵكەین، باشە هەموو جۆگە وردەكان ببەینەوە سەر شاجۆگە و ئەو شاجۆگەیەش بە ئاسانی دەڕژێتە رووباری سیروانەوە، هەروەها نابێت پشت بە مێژوو نوسانی بێگانە ببەستین، دەبێ چیان لەسەر مێژووی كورد نووسیووە بە هەڵە، بەرپەرچیان بدەینەوە و بۆیان راست بكەینەوە، هەروەها پێویستە رۆشنبیری كورد وا بكات ئەو كەسانەی تفەنگ بە تاریكە شەوەوە دەنێن و نیشانەكە ناپێكن، بە نموونەی هونەری بەرز بۆیان روون بكەینەوە، دەبێت ئێمە خۆمان بایەخ بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خۆمان بدەین، چونكە هونەری كوردی هەموو خەسڵەتەكانی هونەری باشی تێدایە، تاوەكو لە كاروانی رۆشنبیری گەلان دوانەكەوین، دەبێت بە ریالیستانە رەخنە بگرین و هەل و مەرجی لەبار بۆ هونەر و گۆرانی خۆمان بڕەخسێنین و ئاوڕی خێرا لە شێوەی زمانەكانی كوردی بدەینەوە، چونكە زۆر بە كەمی لەسەر دەڤەری هۆرامان نوسراوە، ئەگەر ناوی ئاوازی شێخانە یان ئاوازی بەرزە چڕ بەرین سەریان سوڕ دەمێنێ، هیچ میللەتێك زامی میللەتێكی دی ساڕێژناكات.
ئاوازی شێخانە باسی تەوبە و زوهد دەكات، لە ئاوازی شێخانەدا هەڵبەتە تەوبە بە واتای پەشیمانی و گەڕانەوە دێت لە رێی هەڵدێر و دێوانە، ئەوانە بەرپەرچ بدرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر رێگەی راستی، ئەوەش سۆفی و دەروێش و موریدان شوێن كەوتەی راستین، شوێن رێگەی خاوێن دەكەون. ئەم نمونانەی هۆزانڤانان ئاماژەیە بۆ گۆرانی شێخانە، بێسارانی دەفەرمووێت:
(ئینە گرد جەوەخت نادانیم بییەن
فەسڵی سەرمەستی جوانیم بییەن
ئیسە ها جە گشت پەشیمانیم بەرد
وادەی پیریمەن جوانیم ویەرد
كۆچی دواییمەن پاوانم تۆبە
تۆبەی تۆبەمەن كەرەمدار تۆبە). (5)
ئەم هۆزانەی بێسارانی وا دەردەخات، كاتی پیریەتی وپەشیمان بووەتەوە، بۆیە تۆبەی كردووە، فەسڵی هەرزەیی بەسەر چووە، بۆیە لە هۆزانەكەیدا داوای تۆبە لە پەروەردگار دەكات.
لەبارەی تۆبەوە مەولەوی هۆزانڤان فەرموویەتی:
(وە دەرگای حەق بەر ڕووی پەشیمانی
عوزر ئاوەری كەر كردەی نادانی
بەڵ لیباس عەفو بكەرۆن خەڵات
جە وەخت مەردەن بدەرۆت نەجات
دڵە راگەكەت، خەیلێ تاریكەن
پردەكەی سەختەن خەیلێ باریكەن
ئەر گۆنا ڕای ڕاس بەردەنی جە ویر
شۆن بای كردار هام فەردان هۆرگیر). (6)
زوهد: بەواتای نەویستن و ئازارە و نەكردن دێت، دڵ و دەروون پاكژ كردنەوەیە لە هەواو هەوەس و خۆڕاگرتنە لە هەموو كردەوەیەكی نالەبار، كە خوای گەورە پێی خۆش نییە. د. سۆران سنەیی دەفەرمووێت (لەسەرەتای عیرفان و تەسەوفدا یەكێك لە بەرزترین سیفاتی سۆفیان و زاهیدانی رێگەی راست و راگەی حەقیقەت بووە، بەڵام لەدوایدا بووەتە هۆی تەزاهور و خۆنواندنی زاهیدانی ریاكەر و هەروەها عیبادەتی خۆ بە پاك و پارێزگار دانە قەڵەم، ئەوەش رێگەی ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت بە رێگەی حەقیقەت بەراستی بگاتە ئەو خاوێنییەی كە خوای گەورە لە ئارامی و خۆڕاگری ئەو مرۆڤە رازی بێ و بێگومان ئەمەش لە دەروێشان و سۆفیان دەوەشێتەوە، ئەویش بە رێگەی – تەریقەت- كە شێخ ئەو دەروێشانە بە پەروەردەی راست و دروست پەروەردە دەكات، بێگومان ئەوانیش لە تەریقەت لا نادەن چونكە لادان لە رێگەی تەریقەت ئەنجامی باش نابێت…).(7)
مەولەوی لە فەلسەفەی ژیاندا فەرموویەتی:
(ئاخر سەفەرەن ڕا خەیلێ دوورەن
مەنزڵ بێ پایان توشە زەرورەن
دینت تۆشەی چەم مەیلت تۆشەی دڵ
ڕازت تۆشەی گۆش مەنزڵ وە مەنزڵ
كێ زانۆ چوون بۆ ئی دنیای بادی
با ببۆ نە بەین گەردن ئازادی). (8)
كۆچی دوایی و هەمیشەیی بەرەو دوا مەنزڵگەی رۆژی قیامەت، ئەم ژیانە جەرەیانێكی بوون و جووڵانەوەی بێ بڕانەوەیە، كە هەنگا و بە هەنگاو لە دوا شوێنی مەبەست نزیك دەبێتەوە، بۆیە مەولەوی هەمیشە بەعیشقی عیرفانی هۆزانی داناوە و هەردەم داوای ئازادی مرۆڤ و دوور لە كۆیلەیەتی كردووە، لە نامەكانیا كە بەشێوەی پەخشان و هۆزان بەسەربەستی بۆ شێخەكانی (بیارە و تەوێڵە) ناردوونی، هۆزانەكانی ئەوەندە سانا و ساكارن فرە بە جوانی لەبەر دەكرێن و لەبیرناچنەوە.
گۆرانی شێخانە هەردوو هونەرمەندی (ژن و پیاو) دەیچڕن.
لە گۆڤاری رامانی ژمارە (64)دا محەمەد موكری دەفەرمووێت (رۆژێ دوو كەنیزەك لەلای عایشەی ژنی پێغەمبەر (د.خ) گۆرانیان وتووە، پێغەمبەر (د.خ) رێگای بە ئەبوبەكر نەداوە ئەم دوو كەنیزەكە بێدەنگ بكات، چونكە ئەو رۆژە رۆژێكی جەژن بووە…). (9)
ئەم جۆرە ئاوازانە لە ئەدەبیات و فۆكلۆری هۆراماندا سامانێكی ئێجگار دەوڵەمەندە. زنجیرە بە زنجیرە و باس لە دوای باس، یان ئاواز لە دوای ئاواز لە بنەماكانی نەتەوەن، هەروەها لە ئاوازەكانی شێخانەدا، سیاچەمانەی شێخانە هەیە، ئەویش جۆرە ئاوازێكی عارفانەیە و دەنگ و سەدای خۆی هەیە، بەڵێ سیاچەمانەی شێخانە لە دنیای ئارەزوو و هەوەس دوور دەكەوێتەوە، بە واتایەكی دی دووركەوتنەوە لە هەموو كردەوەیەكی نالەبار و نزیك بوونەوە لە نوری خوای گەورە، بۆئەوەی مرۆڤ و دەوروبەرەكەی لێی رازی بێت، خەڵك لەناو كۆمەڵدا ئاكاری بەرز و رەفتاری جوان و نایاب بێ، ئەو ئاوازانە بەرێگەی تەریقەت (سیما و دیاردە ئایینییەكان) بەشێوەی رەسەن دەردەكەون، ئەو سۆفی و دەروێشانە لە زیكر و كورەی بازنەیی دا ئاواز وەردەگرن.
هەر لە هەمان سەرچاوەی پێشوودا دەفەرموێت (450- 505 ك/ 1058- 1111ز، دوای ئەوەی هاتە ناو بازنەی سۆفیزم، وەك فقیەیێك بە شێوەی نایاب لێكۆڵینەوەی لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە كردووە. ئەو دژی فەلسەفە دەوەستێ و لە روانگەیەكی سۆفیەوە دەڕوانێتە مەسەلەی دینی و یاساییەكان و لەهەمان كاتدا بەلەبەر چاوگرتنی هەندێ مەرج (سماع) و مۆسیقا بە شتێكی گونجاو دەزانن). (10)
ناسینی گۆرانی شێخانە، یان گۆرانی عیشقی پاك بەرامبەر بە بوون و باوەڕهێنانی بە یەكتایی دانا، وە بە گیانێكی رەسەن و عیرفانەوە هەڵقوڵاوە. كاتێك شێخ عیشقی قووڵ لە دڵ و دەروونیدا كڵپەی كوڵین دەدا، ئا لەوكاتەوە سەدای عیشقی هەست بە بیرۆكەی چێژی ژین دەكات، چێژی ژینە زاتی ئەم رۆژگارە بە شێوەی نامۆیی لە ئەڤینی شێخدا چەسپاو دەبێت، سۆفیان و دەروێشان لەبەر باری دەروونیان و ملكەچیان لەژێر سێبەر و بەزەیی یەزداندا كۆدەبنەوە و بیر و بۆچونیان بۆ خواو بۆ شێخ بەرامبەر بە گۆرانی شێخانە جۆرە حاڵێك نیشان دەدەن، لەناو شەپۆلی دەریای بێ بندا رۆحیان لە عیشقی بێ پەروادا مەلە دەكات، هۆرامان لانكەی ئەو دڵانەیە كە عیرفان بە شێوەی مەعشوق لەم دەڤەرەدا بە ڕێكی سەر هەڵدەدات، ئەو ئاوازانە هەر بەبێ دەستكاری ماونەتەوە و دەمێننەوە، چونكە زۆر بوار بۆ هونەرمەندی هۆرامان نەڕەخساوە، هەروەها هۆزانڤانەكانی هۆرامانیش هەمدیسان نەیانتوانیووە دیوانەكانیان بە چاپ بگەیەنن وەك سەیدی هۆرامی- ئایەتوڵڵای مەردۆخی- مەولەوی- بێسارانی- خانای قوبادی- میرزا عەبدولقادری پاوەیی- میرزا عبدالقادری تەوێڵەیی…تاد.
ئەو ئاوازانەی بەشێوەی رۆمانسی كە خەو و خەیاڵ بە پاشەرۆژ و گریان و عیشقی هۆزانڤان و بە زوهدی ماوەتەوە، رۆمانسیەت لەلای میللەتان چوون یەك سەری هەڵنەداوە.
رینیە ویلك فەرموویەتی (لەكۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لە ئەڵمانیا و بەریتانیا بزوتنەوەی رۆمانسیەت لەلای میللەتان چوون یەك نییە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە بەباشی دەستی پێكرد و هەموو وڵاتانی گرتەوە.) (11). ئەدەبیات و هونەری كوردستانیش لە كاروانی ئەو بزوتنەوەیە بێبەش نەبووە، بۆیە لەلای هۆزانڤانانی ئێمە ئەگەر خەو بە رابووردوو یان داهاتووەوە ببینن، لە هەردوو بارەكەدا سەركەوتنە، هەرچی ئەو ئاوازانەن كە پەیوەستن بە زوهدەوە تا دەگاتە شوێنی خۆی، كە مەقامی تایبەتە لە شوێنی بەرز، بەڵكو سەكۆ یان زنوێر دەوترێت، ئەو ئاوازانەش، دەنگی مەل، چریكەی شالوور، هاژەی قەدپاڵی چەمی بیارە، خوڕەی هانەی ئاوێسەر و تەوەنێ و هانە ژاڵانەی سەربەرز لە ئامێز دەگرن.
لە گۆڤاری رامانی ژمارە (92)دا ژیتۆ شێخانی دەفەرمووێت (زانای ئابوری ناس كارل بۆفۆ لە كتابی (work and rhuthm) دەڵێت: گۆرانی و مۆسیقا بەهۆی دەرچوونەكانی هەڵچوونی دەنگی مرۆڤ هاتۆتە كایەوە، ئەو ئامێرە مۆسیقیانەی كە مرۆڤی سەرەتایی بەكاری هێناوە بۆ ئاسانكردنی ئەو كارانە بووە كە پێویستی بە وزەیەكی زۆر هەیە. بۆ نموونە گەلانی جیهان چەندین گۆرانی جۆراو جۆریان هەیە، لە بارەی كارە گرانەكانەوە تاكی كوردیش لەم كارانە بێبەش نەبووە، گۆرانی زۆری لەبارە…) (12). ئاواز و گۆرانی شێخانە كاتێك موزیك دانەر ئەگەر چامەیەك هەڵبژێرێت پەیوەندی بە ئاوازەكەوە نەبێت، ئەوا ئاوازەكە دەشێوێنرێت، واتە دەبێت (روخسار- ناوەرۆك)ی ریتمەكەی پارێزگاری گیانی ئاوازەكە بكات، دەبێت زۆر سانایی ئاواز و هۆزان بە هەردوو شێوەكەیەوە، هی هۆزانڤانان و فۆلكلۆری لەگەڵ میلۆدیدا یەك بگرنەوە، بە ڕای خۆم هۆزانی مەولەوی شیاوترین هۆزانە بۆ ئاوازی شێخانە، چونكە 88%ی نامەی هۆزانیە، كە زۆربەی زۆریان بۆ شێخەكانی تەریقەتی نەقشبەندی ناردووە، ئەو عیشقە عیرفانییە كە لە هۆزانەكانی مەولەویدا هەن، هەمیشە بەهای مرۆڤایەتی پەروەرە خوی جوان لەونموونە هەرە بەرزانەی، مەولەوی ژیانی خاوێنی بە عیشقی خودایی پەروەردە بووە، مەولەوی خۆی چۆن دەبینێت لە بارەگای یەزداندا؟ بە ملكەچی لەبەردەم قاپی یەزداندا، هەر بە منداڵی فەرموویەتی ئەتۆ خوای راستی وە عیشقی راستی و ئەوینی زۆربەی هەرە زۆری بابەتی خاوێن رادەگریت، مانگی چواردە بە وێنەی سمین پەری وەك وێنەی دڵ نەزانن بە شیرین دڵبەری روون وێنەی یوسفە بۆ جوانی، باڵا ئەندامی، پەری لوقمانێ، پەری ئاسكی ناسك غیلمان و دووڕ دانە لاڵی، خاوەنی تەواو بووم لە عیرفاندا ئەی پیری زانا بەهرەی حەقیقەت عیشقی راستی تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، لە ئاواز و هونەر و هۆزانی هۆزانڤاناندا، هۆزانی شێخانە، لە دەڤەری هۆراماندا لە رووی هونەری بەرزی، دیارە هەركەس بە ئەندازە زەریفی خۆی هەیە، هەركەس لە راژەی دەرەكی تێدەگات، هەر گەردێ لەسەر ئاوێنەی دڵ، بە دەنگی پاك دەكرێتەوە، هەر نەوایەك لە ئارەزووی دڵ كەیل و مەست دەبێ، كە لێو تامی دەكات دەروون بە خەیاڵی خۆی لێكی دەداتەوە و پلە و پایەی بۆ دادەنێت و هەست و هۆشی هونەرمەندیش بە نموونەی جوانی خۆی لێكی دەداتەوە، واتە هۆزانەكان یەك بەیەك راڤە دەكات، موزیكیش بە پەنجەی موزیك ژەن بە تەنبور و دەف و شمشاڵ، ئاوازەكان ئامادە دەكات.
لە گۆڤاری رامانی ژمارە (64)دا، د.محەمەد موكری دەفەرمووێت (لەم هەموو مۆسیقیانەدا لە لێكۆڵینەوە تایبەتییەكانی سەربەم هونەرە ناویان هاتووە تەنیا شاعیرێكی سۆفی ناسراوە لە كتێبی (مفتی نامە)كەی ناوی هەندێكیان دێنێ، بەڵام واپێ ناچێ ئەم هەموو ئامێرانە لەلایەن سۆفیەكانەوە بەكارهاتبن، تاقە ئامێرێك كە گرنگییەكی زۆری پێدراوە و سەرەكی بووە ئامێری (نای)یە…) (13)، لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا سەماعی پێ دەوترێت، سەماع یەكێكە لە ئادابی سۆفیەكان، لە روانگەی مەولەوییەوە بەم شێوەیەیە، مەولەوی چ بە گوێرەی سۆفییەكی یەكتاپەرست لە رێبازگەی عیرفاندا وە بەناوی شاعیرێكی پڕ سۆز و زیندوو و دڵ گەرم دەبینین هەمیشە گیرۆدەی شۆر و عیرفانییە، هۆزانەكانی ئەم هۆزانڤانە عیشقی عارفی رەوانی لەگەڵ سروشتی نیشتمانەكەی لەنگەر ساز دەبن.
لە مێژووی مۆسیقای كوردیدا دەفەرمووێ ( سیاچەمانەی شێخانە ئەمەش جۆرە ئاوازێكە دەوری عارفانە وەردەگرێ یان ئەو بۆو بەرامە رەنگ و بۆی هەیە) (14).. مەولەوی بە زمانی خۆی یان دەروێش و سۆفیانەوە هاتووەتە ئاخاوتن و فەرموویەتی:
(سا دەروێش وە عیشق هەلای دەروێشان
وە یا هۆی وە سۆز ریاچه ت كێشان
هەر پاسە مەبۆ زەلیلی دەخیل
چینە زیاتر مازەم وە زەلیل
پەی دیكی دەرون جۆش و كوڵ و كەف
تەسكین نمەك كزەی كەف و دەف
بابەیۆ وەش وەش سۆزەی صەداكەت
لەرەی خەوای تەرز شیرین ئەداكەت) (15)،
سوێندبێ بە عیشقی دەروێشان و بە هاواری یاهوی ئەو خوا پەرستانەی كە نازت ئەكێشن، ریازەت كێشان لەلای دەروێشان، ئەوەیە كە دەورێش ماوەی چل رۆژ لە تەكیە و خانەقاكاندا لە ژوورێكدا بەتەنیا دەمێنێتەوە لەو ماوەیەدا لە دەنكە خورمایەك زیاتر ناخوات و قسە لەگەڵ كەسدا ناكات، بەنیازی ئەوە دڵ و دەروونیان پاكژ ببێتەوە، كەف و كوڵی وەك لێدانی دەف ژیانێكی رۆحی دەست پێدەكاتەوە، وە كزەی دڵ و دەروونی بە ئاهی خودایی بە ناڵەی عیشقی عیرفانی بە هۆشی بادەی خوای دەروێش و گۆرانی و نای و ئاوازی شێخانە یەكتایی بە یەكجاری بەهێز دەبێت.
لە گۆڤاری رامانی ژمارە (107)دا ووتارێك بەناونیشانی (سیاچەمانە و پەنجەرەی بێگەرد) عادل محەمەد پور دەفەرمووێت (كوردەكان بەتایبەت هۆرامییەكان بۆ بەرز راگرتن و مانەوەی ئەم كەلەپوورە لە هیچ چاخێكدا نەسرەوتوون و لە بەخت كردنی گیان و ماڵ و خۆیان درێخیان نەكردووە و تا ئەم گەنجینەی كە ئێستا بووەتە چییەتی ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیی، بپارێزرێ و هەتا هەتایە شانازی پێوە بكرێت…) (16). دیارە مەبەستم لە نوسینەوەی ئەم بابەتە هونەرییەی هۆرامان ئەوەیە یەك بەیەك بە میللەتی ستەمدیدەی كوردستان بڵێم وشە یان بەیتی فۆلكلۆری لە هۆرامانی دەلالدا راژەی نەتەوەكەمان دەكات، هونەرمەند و هۆزانڤان و چیرۆك نووس، لولە ژەن و زوڕنا ژەن و دەهۆڵ ژەن و تەنبور ژەن، ئەمانە هەر هەموویان راژەی هونەری كوردستانیان كردووە، دیارە لە هۆراماندا موزیك رۆڵی كاریگەری بینیووە، هەر لە هەمان سەرچاوەی پێشوودا دەفەرمووێت (مۆسیقا دەورێكی سەرەكی بینیووە لە دەربارەكان و دیواخانەكانی زەردەشتییەكاندا بۆ ئەوەی خاوەنی دەزگایەكی بڵندی ژیاری و مرۆڤایەتی بوون) (17)، دیارە دیاردەی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی فەرهەنگ و هونەری رەسەن فراوان بێت و ئەو قەرانپووە كۆنانە لە لەناوچوون پارێزراو بن. هەر لەهەمان سەرچاوەی پێشوودا دەفەرمووێت (خۆشبەختانە ئەم دابە لە كەلتوری كوردیدا پارێزراوە، گۆرانی بێژان و ستران چڕان و هۆرەكەران و سیاچەمانە چڕان، بە ئامێری مۆسیقا بە تایبەت لە ئەهلی هەق بە تەمبور شیعری شاعیران دەچڕنەوە، دەفتەری یارسان هەر بەو ناوەوە ناسراوە بە (سرودی یارسان) (18). وەلێ ئەگەر مێژووی فەرهەنگی هونەری موزیك و گۆرانی بایەخی پێ بدرێت ئەوە ئەو میللەتە سەركەوتوو دەبێت لە بواری هونەری رەسەنی كوردی.
لە هەمان سەرچاوەی پێشوودا دەفەرمووێت (چەمكی لیریكا و ئێرۆس هەوێنی جوانی و خۆشەویستی و شەنگی و دەلالی شادمانی ژیانی ماددی كە گرێدەری سۆزی سیاچەمانەیە) (19). ئەمە كورتەی گۆرانی شێخانەی دەڤەری هۆرامانی رەنگینە و كۆتایی ئەم بەشە بە چەند دێڕە هۆزانێكی هۆزانڤانان دەهێنم، ئەم دێڕە هۆزانە دەفەرمووێت:
(گۆراڵی كەشا گردم بووە كەردی
بووە و تۆشا نەدا دەسكەنەم كەردی
گۆراڵی كەشا لابلا و دەوینی
گرد زیكر كەرا پەی شای ئەوینی
گۆراڵە زەردی جار جار مەدرۆشا
پەی دووری ئازیز دەرونشا جۆشا) (20).
هەروەها ئەو دەستوور و داب و نەریتە كە لە هۆراماندا مایەی سەروەرییە، ئەمەش زیندوویی و نەمری بە ئاوازی شێخانە بە مەژەی كۆن و نوێ ی هۆرامان فەرهەنگ و كولتووری بە ژیاری دەمێنێتەوە، بەم دێڕە هۆزانە كۆتایی بەم بەشە دێنم كە دەفەرمووێت:
(هۆرامان وە گیان ژیرلات قەسەمەن
پەی مەرێت هەرچی واچۆ هەر كەمەن) (21).
سەرچاوەكانی:
1- قورئانی پیرۆز- سورەتی الاعراف ئایەتی 142.
2- پێغەمبەری نازدار محەمەد (د.خ) فەرموودەكانی.
3- مەلا عبدولكەریمی مدرس- دیوانی مەولەوی- چاپی یەكەم – ساڵی 1961ز – بەغداد.
4- هەژار موكریانی- دیوانی مەلا جزیری- چاپی یەكەم- ساڵی 1961ز بەغداد.
5- صدیق صفی زادە- دیوانی بێسارانی- چاپی یەكەم- 1381 هەتاوی سنە.
6- مەلا عبدولكەریمی مدرس- دیوانی مەولەوی- چاپی یەكەم – ساڵی 1961ز – بەغداد.
7- د. سۆران سنەیی- رسالەی عیشق لە مەولەوی ناسیدا- چاپی یەكەم- ساڵی 1991 ز – سنە.
8- مەلا عبدولكەریمی مدرس- دیوانی مەولەوی- چاپی یەكەم – ساڵی 1961ز – بەغداد.
9- د.محەمەد موكری- گۆڤاری ڕامان – ژمارە 64 – ساڵی 2001 هەولێر.
10- د.محەمەد موكری- گۆڤاری ڕامان – ژمارە 64 – ساڵی 2001 هەولێر.
11- د. سۆران سنەیی- رسالەی عیشق لە مەولەی ناسیدا- چاپی یەكەم- ساڵی 1991 ز – سنە.
12- ژیتۆ شێخانی- گۆڤاری ڕامان- ژمارە 92 – ساڵی 2001 هەولێر
13- د. محەمەد موكری – گۆڤاری ڕامان – ژمارە 64- ساڵی 2001.
14- محەمەد حەمە باقی- مێژووی مۆسیقای كوردی – چاپی یەكەم –ساڵی 1996ز ئێران.
15- مەلا عبدولكەریمی مدرس- دیوانی مەولەوی – چاپی یەكەم –ساڵی 1996ز بەغدا.
16- عادل موحەمەد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 ز – هەولێر.
17- عادل موحەمەد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 ز – هەولێر.
18- عادل موحەمەد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 ز – هەولێر.
19- عادل محمد پور- گۆڤاری ڕامان- ژمارەی 107 ساڵی 2006 ز – هەولێر.
20- دارا محمد عوسمان- فۆلكلۆری هەورامان- چاپ نەكراوە.
21- ئەحمەد نەزیری- گۆڤاری ڕامان- ژمارە- 50 – ساڵی 2000 ز – هەولێر.