رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی
تا دێت، دۆخی ناوچه‌کە به‌ره‌و ره‌وشێكی ئاڵۆز و جه‌نگ هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌و ڕه‌وشه گرژه كاریگه‌ریی ته‌واو له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه داده‌نێت و به‌دڵنیاییه‌وه، پریشكی ئاگری شه‌ڕه‌كه به‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌وێت. وه‌ك چۆن له ماوه‌ی رابردوودا، وێرای ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد و حوكمڕانییه‌كەی نه‌بووه‌ته به‌شێك له شه‌ڕی جه‌مسه‌ره‌كان و خۆی له تێوه‌گلانی شه‌ڕه‌كان پاراستووه، که‌چی به ده‌یان جار به درۆن و مووشه‌ك هێرشکراوەتە سه‌ر شوێنه ئابووری و سڤیلەکان و ده‌یان كه‌سیش شه‌هید و بریندار بوون.
گرنگیی به‌ره‌یه‌كی كوردستانیی نوێ بۆ قۆناغی ئێستا، له‌ڕاستیدا هێنده به‌رجه‌سته و دیارە، ده‌توانین بڵێین: وه‌ك یه‌ك هێزی ته‌با و له ژێر چەترێکی هاوكاری و هاوبه‌شدا، ده‌توانێت به‌رئه‌نجامی باشی هه‌بێت. چونكه به‌ره‌ی كوردستانی، وێرای ده‌ستكه‌وتی مه‌زن له یه‌كخستن و یه‌كگوتاری بۆ ئه‌م قۆناغه سیاسییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك ناوه‌ندێكی هاوبه‌شی به‌رپرسیارەتی و نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌توانێت ڕۆڵی مەزن و هه‌ره سه‌ره‌كی ببینێت و ڕه‌واییه‌كی زۆر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و قه‌واره‌ی كوردستان، هه‌نگاونان به‌ره‌و قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر، و ڕێگریكردن له په‌رته‌وازه‌یی، بێ مینبەری، فرەمۆنتبەری و نافه‌رمیبوون دابین بکات.
ئێستا گرنگه نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش پرسی ته‌بایی و یه‌كهه‌ڵوێستی بكه‌ینه ستراتیژ، چه‌كێكی كاریگه‌ر و قه‌ڵغانێكی به‌هێز. بۆیە له هه‌موو قۆناغێکدا به‌گشتی و به‌تایبەتی له دۆخێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا، له هه‌موو كات زیاتر بۆ كورد و نوێنه‌رانی كورد له عێراق گرنگ و زه‌رووره هاوشێوه‌ی پێش ڕاپه‌ڕینه شكۆمه‌نده‌كه‌ی به‌هاری ١٩٩١ و ساڵی ١٩٨٨، به‌ره‌یه‌كی كوردستانیی توندوتۆڵمان پێویسته تاكو له به‌غدا به‌هێز و كاریگه‌ر بێت و بۆ هه‌موو پێشهاتێكی نوێ ئاماده بین.
له‌م سۆنگەیەوە، ئه‌م سه‌رنج و پێشنیارانە دەخەینە ڕوو:
یەکەم: زه‌رووره هاوشێوه‌ی ساڵی ١٩٨٨، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستانیی به‌هێز پێكبهێنرێت.
دووەم: گه‌لی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن ماف و ڕه‌سه‌ن له ناوچه‌كه و جیهاندا، پێویسته ساز و ئاماده بێت له‌پێناو پارێزگاریكردن له قه‌واره و شوناسه‌كه‌ی، چونكه هه‌میشه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستاندایه.
سێیه‌م: قۆناغی ئێستا قۆناغی داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، بۆیە گرنگه هاوشێوه‌ی سایکس- پیکۆ، گه‌لی كورد نه‌بێته قوربانی و جارێكی دیكه ناچار به ڕێككه‌وتنی نادادپه‌روه‌رانە نەکرێت و نەکەوێتە بەر دابەشکردنێکی نوێی نەخشەی ناوچەکە.
چوارەم: دوای زیاتر له سه‌د ساڵ، تاكه ناوچه و شوێنی جوگرافیی كه تێیدا ژیان و ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ کورد هه‌بێت، بەشی كوردستانە کە ئێستا ناوی ( هه‌رێمی كوردستان)ـە و له ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه ماف، ژیان و خاكه‌كه‌ی پارێزراوه. کەچی چەند ساڵێکە جارێکی تر هه‌ندێك هێز و لایه‌نی شۆڤێنی له به‌غدا داوای گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، خه‌ونی به‌ناوه‌ندكردنی عێراق ده‌بینن و ده‌خوازن زیان به قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بگەیەنن؛ هه‌موو کاتێکیش نه‌یارانی كورد له لێكترازان و ناته‌باییی كورد سوودیان بینیووە.
پێنجەم: مێژوو گه‌واهیده‌ره؛ كاتێك گه‌لی كورد له ساڵی ٢٠٠٥ دا له‌وپه‌ڕی به‌هێزی و خاوه‌ن پێگه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا بوو، توانی خواست و ویسته‌كانی خۆی بچەسپێنێت و بڕیار له‌سه‌ر مافه‌كانی بدات. به‌ڵام له کۆی ١٤٤ مادده‌ی دەستووری، تا ئێستا زیاتر له ٥٥ مادده‌ی تایبەت بە گه‌لی كورد پێشێل کراون. له‌لایەکی ترەوە، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا دۆخی عێراق گۆڕاوە و له كوردستانیشدا گه‌لی كورد په‌رته‌وازه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌شه وایكردووە شۆڤێنییه‌كانی بیر له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سیسته‌می ناوه‌ندگەرایی له جیاتی فیدراڵی بكه‌نه‌وە. بۆیە گرنگه گه‌لی كورد كار بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی كوردستانیی به‌هێز بکات له عێراقدا.
شەشەم: دروستكردنی ژوورێكی تایبەت بۆ پرسی بودجه و مووچه‌ی كوردستان، به جۆرێک تیمێكی پسپۆڕی سیاسیی، دارایی و ته‌كنیكی هه‌میشه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌سه‌ر هێڵ ببن. زۆر گرنگه ئه‌و به‌ره كوردستانییە، تیمێكی نیشتمانیی پسپۆڕ له ڕووی یاسایی و ده‌ستوورییەوە له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق پێكبهێنێت؛ به‌تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هه‌موو ئه‌گه‌رێکی هه‌موواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و پێشێلكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان به پلان، لە رێگەی به‌رنامه‌ی ورد و چاره‌سه‌ری ئاماده‌وە. چونكه دور نییە ئه‌و لایه‌ن و گرووپە شۆڤێنییانە دژایه‌تیی سه‌رسه‌ختی مافه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ن و پیلانگێڕی دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بگێڕن، بۆیە ته‌باییی ناو ماڵی كورد و بوونی به‌ره‌یه‌كی كوردستانی، تاكه قه‌ڵغانه بۆ پارێزگاریكردن له قه‌واره‌ی كوردستان و مافه ڕه‌واكانی.