لە (ڕوانگە)وە؛ بەڕوو و خزمەتکردن لە دڵی گەنجەکاندا دەچێنین

3

شاد حەمەئەمین عەلی
کاتێک باسی هەڵمەتی دەزگای ڕوانگە دەکەین بۆ چاندنی یەک ملیۆن دار بەڕوو، تەنیا باسی چاندنی چەند درەختێک ناکەین، بەڵکوو باسی نامەیەکی گرنگ دەکەین بۆ هەموومان؛ پەیامێک لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین بە دەستی خۆمان ژینگەی وڵاتەکەمان بپارێزین و سروشتە جوانەکەی ببوژێنینەوە؛ چونکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە بێ ژینگەیەکی تەندروست، ژیانێکی تەندروستیش لەم نیشتیمانەدا بوونی نابێت.
ئەم پێویستییە گەورەیەی ژینگە، گرنگترین و بەهادارترین ڕەهەندی ئەم کەمپینەمان پێ پیشان دەدات، کە بریتییە لە گۆڕینی چەمکی خۆبەخشی لە کارێکی کاتییەوە بۆ «ناسنامە». کاتێک گەنجێک لە کوێستان و چیاکانی کوردستاندا چۆک دادەدات و تۆوی بەڕوویەک دەخاتە ناو خاکەوە، ئەو تەنیا درەختێک ناچێنێت، بەڵکو لەو چرکەساتەوە هەستی پاراستن و خاوەندارێتیی نیشتیمان لە ناخیدا ڕەگ دادەکوتێت. ئەم پرۆسەیە گەنجان لە (سەیرکەر)ەوە دەگۆڕێت بۆ کاراکتەری (بونیادنەرانە)؛ چونکە ئەوەی لە ڕاستیدا لەسەر چیاکان دەچێنرێت، هەستی نیشتیمانپەروەری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییە لە دڵ و عەقڵی ئەو گەنجانەدا. ئەم چاندنی بەرپرسیارێتییە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کات و داهاتوەوە هەیە، چونکە دار بەڕوو درەختێکە کە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا گەورە دەبێت. ئەم تایبەتمەندییە سروشتییە وانەیەکی گەورە فێری کچ و کوڕانی ئێمە دەکات؛ ئەوانەی ئەمڕۆ لەم سەرما و گەرمایەدا لەسەر چیاکان ماندوو دەبن، باش دەزانن کە ڕەنگە خۆیان لەژێر سێبەری چڕی ئەو دارانەدا دانەنیشن، بەڵکو ئەمە ئامادەکاری و دیاریی ئەوانە بۆ منداڵ و نەوەکانی داهاتوویان. ئەم بیرکردنەوەیە نەوەی نوێ فێری باڵاترین جۆری بەخشندەیی دەکات، کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خێرا نەکەنەوە، بەڵکوو کار بۆ داهاتوویەکی دوورودرێژ بکەن تا لە پاشەڕۆژدا خزمەتەکانیان لە سروشتی کوردستاندا ڕەنگ بداتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، لە سەردەمێکدا کە بەشێک لە گەنجان بیر لە جێهێشتنی نیشتیمان دەکەنەوە، ئەم جۆرە هەڵمەتە نیشتیمانییانە وەک دژەباوێکی کاریگەر دەردەکەون؛ چونکە بەشداریپێکردنی گەنجان لە سەوزکردنی خاکی خۆیاندا، پەیوەندییەکی ڕۆحی و فیزیکی بەهێز لە نێوان ئەوان و خاکی کوردستاندا دروست دەکات. بە جۆرێک کاتێک مرۆڤ خۆی دەبێتە هۆکاری جوانکردنی شوێنێک، ئیتر زۆر قورس دەبێت بۆی کە بە ئاسانی دەستبەرداری بێت و خاکەکەی جێبهێڵێت. لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هەڵمەتی دەزگای ڕوانگە بۆ چاندنی ملیۆنێک داربەڕوو، تەنیا ژمارەیەک نییە لە ڕاپۆرتە ژینگەییەکاندا، بەڵکو دەستپێشخەرییەکی ستراتیژییە بۆ داڕشتنەوەی عەقڵییەتی کۆمەڵگە بەرانبەر بە سروشت. ئەم کەمپینە پێمان دەڵێت: بۆ ئەوەی کوردستانێکی سەوز و تەندروستمان هەبێت، دەبێت سەرەتا لە ناو دڵی مرۆڤەکانەوە دەست پێ بکەین. سرووشتی جوانی کوردستان شایەنی ئەوەیە گەنجەکانی ببنە قەڵغانی پاراستنی و ئەم ملیۆن بەڕووەش لە داهاتوودا دەبنە شایەتی زیندووی ئەو قۆناغەی کە تێیدا گەنجانی ئێمە بڕیاریان دا بە دەستی خۆیان ژیانی خۆیان و خاکەکەیان بەرەو باشتر بگۆڕن.