پارتی دیموكراتی كوردستان 80 ساڵ خەبات لەپێناو ئازادی و سەروەریدا

131

ڕەمزی میرەكانی
چیڕۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا خەباتی سیاسیی حزبێك نییە؛ بەڵكو داستانێكی مێژووییە، كە تێیدا تاقیكردنەوەی نەتەوەیەك بەرجەستە دەبێت، كە بە درێژایی دەیان ساڵ هەوڵی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و كەرامەتی خۆی داوە. لە كاتی دامەزراندنییەوە لە 16ی ئابی 1946دا، پارتی بە ڕابەرایەتی باوكی ڕۆحی نەتەوەیی كورد، مەلا مستەفا بارزانی نەمر، بووەتە كۆڵەگەیەکی سەرەكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و قوتابخانەیەكی سیاسیی و هزری، كە بنەماكانی لە بەهاكانی دادپەروەری، ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینەوە، وەرگرتووە.
دامەزراندن: لەدایكبوونی ئومێد
لەو دەمەی، ناوچەكە دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕی، پارتی دیموكراتی كوردستان لەدایكبوو، بۆ ئەوەی ببێتە دەنگێكی دلێر بۆ گەلێك، كە بەدەست پەراوێزخستنەوە دەیناڵاند. پارتی گەشتەكەی بە ناوی( پارتی دیموكراتی كورد) دەستپێكرد، دواتر لە كۆنگرەی سێیەم لە ساڵی 1953دا، ناوەكەی بۆ(پارتی دیموكراتی كوردستان)، وەكوو جەختكردنەوەیەك لەسەر ناسنامەی جوگرافی و سیاسیی كوردستان گۆڕدرا. شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی بارزان، ئەو سووتەمەنییە بوون، كە گیانی بەرگرییان هەڵگیرساند، تا دەگاتە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە ساڵی 1961دا، كە بۆ جیهانی سەلماند، كورد ژمارەیەكی قورسە لە هاوكێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
فەلسەفەی سیاسیی: سێینەی ئازادی، دیموكراسی و دادپەروەری
ڕێبازی پارتی، لەسەر دیدگایەكی دیموكراتی نیشتمانی بنیاتنراوە، كە ڕەسەنایەتی كوردەواری و سوودوەرگرتنی لە ئەزموونەكانی مرۆیی جیهانیی كۆ كردۆەتەوە. پارتی بڕوای وایە، خەبات لەپێناو مافەكانی گەلی كورد دا، دەبێت شانبەشانی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی بێت، كە تێیدا یاسا و هەلی یەكسان باڵادەست بێت.
ئامانجەكانی لە سێ ئاستدا پوخت دەبنەوە:
– ئاستی نەتەوەیی: هەوڵدان بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی كورد، بەجیهانیكردنی دۆزی كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا، لەگەڵ كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.
– ئاستی نیشتمانی( عێراق): چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی پەرلەمانی، مسۆگەركردنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو عێراقییەكان، لەگەڵ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی وەك توركمان، كلدان، ئاشووری و ئەرمەن.
– ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی: بنیاتنانی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی باش، پشتگیریكردن لە هەوڵەكانی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی.
هێما و واتاكان: فەلسەفەی ئاڵا و دروشم
هێماكانی پارتی تەنیا ڕەنگ نین، بەڵكو بەرجەستەكردنی ناسنامەن. ڕەنگی زەرد لە ئاڵاكەدا هێمای تیشكی خۆر و سەرچاوەی ژیانە، لە كاتێكدا ڕەنگی سوور واژە لە خوێنی شەهیدان دەكات. لە دروشمی پارتیدا،( هەڵۆ) دەبینین، كە واژە لە شكۆ و سەربەرزی دەكات، لەگەڵ( گوڵەگەنم) كە هێمای خێرووبێری خاكە و( خۆر) بە 46 تیشكەوە وەكوو یادخستنەوەی ساڵی دامەزراندن. ئەم هێمایانە ڕەنگدانەوەی پاكی ئامانجەكان و پێداگرییە لەسەر مانەوە، وەك چیاكان كە هەمیشە دۆستی هەرە دڵسۆزی كوردن.
پەلهاویشتنی نەتەوەیی: ڕێبازی بارزانی سنوورەكان دەبەزێنێت
كاریگەری پارتی دیموكراتی كوردستان، سنوورەكانی عێراقی تێپەڕاند و گەیشتە كوردستانی سووریا( ڕۆژئاوا). لە ساڵی 1957ەوە كە پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا دامەزرا، ڕووگەی تێكۆشەرانی ئەوێ بەرەو ڕێبازی كوردایەتی بوو، كە بارزانی نەمر بناغەكەی دانابوو. ئەم پەیوەندییە ستراتیژییە دەستوەردان نەبوو لە كاروباریان، بەڵكو یەكگرتنێكی نەتەوەیی بوو، بە ئامانجی پاراستنی ناسنامەی كورد لەبەردەم سیاسەتەكانی تەعریب و چەوساندنەوەدا، ئەوەبوو لە ساڵی 2014 دا لە چوارچێوەی( پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا)دا هەموو لایەنە بڕوا هەبووەكان بەو ڕێبازە یەكیان گرت.
سەركردایەتی دانایانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان
لەژێر سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانیدا، پارتی لە قۆناغی شۆڕشی چەكدارییەوە هەنگاوی بەرەو قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەت و دامەزراوەكانەوە نا. بارزانی بە دانایی خۆی سەلماندی، كە لێوەگەڕێكی سیاسیی و نەتەوەییە، بەتایبەتی لە ساتە مێژووییە یەكلاكەرەوەكانی وەك ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017دا، كە هاواری ئازادی گەلی كورد بوو.
لەسەر ئاستی سەربازییشدا، هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی سەرۆك بارزانیدا، ئەو بەربەستە پۆڵایینە بوون كە ئەفسانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی (داعش)یان تێكشكاند، كوردستان بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان قوربانییەكی زۆری دا، ئەمەش پێگەی هەرێمی وەك مێرگێك بۆ ئاسایش و پێكەوەژیانی لە ناوچەیەكی پڕ لە ململانێدا، بەهێزتر كرد.
كۆنگرەی چواردەهەم: دیدگایەك بەرەو داهاتوو
كۆنگرەی چواردەهەمی پارتی لە دهۆك ساڵی 2022دا، بۆ جەختكردنەوە لەسەر بەردەوامی و نوێبوونەوە. لە ناو ئاڵۆزییەكانی دۆخی عێراق و ناوچەكە، لە دەستوەردانی دەرەكییەوە تا قەیرانە ئابوورییەكاندا بەسترا، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هێزێكی سەرەكی سەقامگیری دەردەكەوێت. هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیش وەك جێگرانی سەرۆكی پارتی، ڕەنگدانەوەی دیدگایەكە، كە لە نێوان دانایی سیاسیی و لێهاتوویی كارگێڕیدا یەك دەگرێتەوە.
پارتی وەك بژاردەیەكی ستراتیژی
پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا ڕێكخراوێكی سیاسیی نییە كە بەدوای دەسەڵاتدا بگەڕێت، بەڵكو پڕۆژەیەكی نەتەوەییە بە ئامانجی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤی كورد و مسۆگەركردنی داهاتووەكەی. پارتی بە قوتابخانە خەباتگێڕییەكەی و ڕێبازە ڕاستەكەی، وەك هەڵگری ئاڵای ئاشتی و دیموكراسی دەمێنێتەوە، داكۆكیی لە بەهاكانی پێكەوەژیانی نێوان ئایین و نەتەوەكان دەكات، تاكو كوردستان هەر وەك ئەوەی بارزانی نەمر دەیویست: مەشخەڵی ئازادی، پەناگەی لێقەوماوان و خاكی گەشەسەندن و پێشكەوتن بمێنێتەوە. كاروانی هەشتا ساڵەی خەبات، بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی، ویستی گەلانی زیندوو تێكنەشكاوە، خۆری پارتیش هەر بە گەشی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەی نەوەكانی داهاتوو بەرەو سەربەخۆیی و سەروەریی، ڕووناك بكاتەوە.