بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە حکومەتی هەرێم هیچ پەیوەندییەکی بە نەناردنی لێبڕینی ٣٪ی خانەنشینی بۆ سندوقی خانەنشینیی عێراقەوە هەبێت و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو پارەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە لە تەمویلی مووچە دەبڕدرێت.

ئەمڕۆ شەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە وەڵامی لێدوانەکانی د. ڕێبوار سەبارەت بە لێبڕینی ٣٪ی خانەنشینی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا شێوازی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقی خستە ڕوو.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، کۆی لێبڕینی خانەنشینی بۆ هەر فەرمانبەرێک بریتییە لە ٢٥٪ (١٥٪ حکومەت دەیدات و ١٠٪ لەسەر فەرمانبەرە). بەوپێیەی لە ساڵانی ڕابردوودا و پێش جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا کۆنەکە تەنها ٧٪ی وەک لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەران بڕیبوو، دوای بڕیاری جێبەجێکردنی یاسا عێراقییەکە و ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پێویست بوو هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان کە لە یاساکە سوودمەند دەبن، جیاوازیی ئەو ٣٪یە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەک قەرز بدەنەوە بە حکومەتی فیدراڵ.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی ٣٪یە، تیمێکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ماوەی چەند مانگێک لە گفتوگۆدا بوون و کۆنووسی فەرمییان لەسەر بابەتەکە واژۆ کردووە.

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری جەخت دەکاتەوە کە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە مانگانە زیاتر لە ٢٦ ملیار دینار لە تەمویلی مووچەی هەرێم بۆ ئەو ٣٪یە لەلایەن بەغداوە دەبڕدرێت. بەپێی یاسا بەرکارەکان، پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی سندوقی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق بکات، بۆیە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە نەناردنی ئەو پارەیەوە نییە.

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە داوە کە نەدەبووایە د. ڕێبوار ئۆباڵی کەمتەرخەمیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، و ڕایگەیاندووە: “ئەگەر بەڕێزیان مەبەستیانە، دەتوانن لە دادگا سکاڵا لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تۆمار بکەن، نەک هەروەک کردوویانە بە پیشە هەمیشە هەرێم تاوانبار بکەن”، وەزارەتەکە وەبیریشی هێناوەتەوە کە پێشتر لە ڕێکەوتی ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕوونکردنەوەی فەرمییان لەسەر هەمان بابەت بڵاو کردبووەوە.