چەند سەرنجێک لە یادی ١٦ی ئابدا

120

گیڤارا قادر
٨٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی گەورەترین حزبی باشووری کوردستاندا تێپەڕی. لە سەردەمێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا کە خەڵکی کوردستان تروسکایی هیوای بەدی نەدەکرد و بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان دۆشدامابوو، کە بێویژدانانە حوکمی ئەم بەشەی کوردستانیان دەکرد و کوردیان وەک هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار دەکرد؛ بۆیە سەرهەڵدانی پارتی لەو قۆناغەدا وەڵامێکی مێژوویی و حەتمی بوو بۆ داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان. دیارە بارزانیی نەمر پێش هەمووان هەستی بەو پێویستییە مێژوویییە کرد، هەر بۆیەش شانی دایە بەر ئەو ئەرکە سەختە.
هەروەها دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە پارتی دوای ٨٠ ساڵ خەبات بە کوێ گەیشتووە؟ گومان لەوەدا نییە کە هەر هێزێکی سیاسیی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پەیڕەو و پڕۆگرامێکی هەیە کە بە جوانترین شێوە دەنووسرێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن و تا چەند جێبەجێی دەکات.
پارتی لە ڕووە نەتەوەییەکەیەوە، دۆست و نەیار ناتوانن ئینکاری لە نەتەوەییبوونی بکەن؛ لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا بە هەستێکی کوردانە و دڵسۆزانە کاری کردووە و زۆر جاریش باجی ئەوەی داوە کە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان هەڵوێستی خۆی بە نەگۆڕیی هێشتووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، نیشتمان پەروەری و ڕاستگۆیی و ڕێسا و دیسپلینی حزبایتی لە ناو پارتیدا بوونەتە بنەمای تۆکمەیی و یەکڕیزیی پارتی. هەر ئەو یەکڕیزییەشە وایکردووە پارتی بە هێزەوە لە مەیدانی سیاسیی ناوچەکەدا بمێنێتەوە، بێ ئەوەی ئەو هێز و توکمەییەی سەربکێشێت بۆ تاکڕەوی، بەڵکو هەمیشە کارەکان لە ناوپارتیدا بە ڕاوێژ بووە و بە یەک بڕیاری هاوبەش چوونەتە پێشەوە.
هەموو ئەوانەی باس کران، بوونەتە مایەی بەبەرزی مانەوەی پارتی و وایکردووە هەیبەتی شۆڕشگێڕیی پێوە دیار بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی بۆ ئەوەی هەمیشە لە لووتکەدا بمێنێتەوە، بەردەوام لە پێداچوونەوە و نوێبوونەوەدایە، بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕی و حوکمڕانیی هاوچەرخدا دروست دەکات.
سیاسەت لە سەردەمی ئەمڕۆدا پێویستی بە هەنگاوی خێرا و هاوچەرخانەیە بۆ داڕشتنەوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان. پارتی خاوەنی لەشکرێک کادیری دڵسۆز و ماندوونه‌ناسە کە سەرمایەیەکی گەورەی نیشتمانین، و ئۆرگانەکانی پارتی بەردەوام کار لەسەر گەشەپێدانی توانای ئەو کادیرانە دەکەن تاوەکو لە کایە نوێیەکاندا سوود لە توانای زانستی و فکرییان وەربگیرێت.
لە کایەی حوکمداریشدا، هەروەکوو چۆن لە ڕابردوودا بە سیاسەتێکی نەتەوەییانە هاتووەتە پێشەوە، ئێستاش لە ڕێگەی پڕۆژەی چاکسازیی بەردەوام و بەهێزکردنی بنەماکانی دەوڵەتداری، کار بۆ بونیادنانی حکومڕانییەکی سەردەمیانە و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی گەنجان و نەوەی ئێستا و داهاتوو دەکات. خەڵکی کوردستان خوازیاری ئارامی و خۆشگوزەرانین و پارتیش هەر لە بنەڕەتەوە شۆڕشی بۆ ئەوە کردووە کە خەڵک لە سایەی قەوارەیەکی بەهێزدا لە ئارامیدا بژین. لەم ڕێگەیەوە، پارتی دەتوانێت پایەکانی حوکمڕانیی خۆی بەهێزتر بکات و بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی هەنگاو بنێت.