ڕاپۆرت: موسلیم دۆڵەمەری
سووتەمەنی شادەماری جووڵەی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانە؛ هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکەیدا ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی سێکتەرەکانی بژێویی کۆمەڵگە دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، کاردانەوەی خێرا و بڕیاری بوێرانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ جێگیرکردن و دابەزاندنی نرخی بەنزین، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی و ئاڕاستەکراو لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا هاتە ئاراوە.
ئەم هەنگاوە تەنها دابەزاندنی ژمارەیەک نەبوو لەسەر تابلۆی بەنزینخانەکان، بەڵکو بڕیارێک بوو بۆ شکاندنی قۆرخکاری، فەراهەمکردنی کێبڕکێی تەندروستی بازاڕ و سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی چینی ناوەند و کەمدەرامەت.
ئەم هەنگاوە تەنها دابەزاندنی نرخ نەبووە، بەڵکو بازاڕی لە قۆرخکاری ڕزگار کردووە و لەمبارەیەوە ڕەمەزان شێخ بزێنی دەڵێت: “بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، بڕیارێکی پڕ بایەخ بوو. نەک تەنها نرخی دابەزاند، بەڵکو بووە هۆی زۆربوونی بەنزین لە بازاڕدا و هاوسەنگبوونی ئاراستەی خواست و خستنەڕوو. گوتیشی: سوودە سەرەکییەکان بریتیین لە دروستکردنی کێبڕکێی تەندروست، شکاندنی قۆرخکاریی بازرگانی و سووککردنی باری دارایی هاووڵاتییان بە هۆی بەردەوامیی بەنزینی پاڵپشتیکراو و زیادکردنی بەنزینخانە حکوومییەکان”.
زیاتر گوتیشی: .هەرچەندە بازرگانان بڕی زیاتری بەنزین هاوردە بکەن، کێبڕکێی بازاڕ زیاتر دەبێت و نرخەکە زیاتر دەچێتە خوارەوە. وەک هاووڵاتییەک بێ ئەندازە بەم بڕیارە دڵخۆشم و هیوادارم قۆرخکاری لە هەر بوارێکی دیکەی ژیانی هاووڵاتیان بنەبڕ بکرێت”.
لەبارەی گەڕاندنەوەی ئارامیی دەروونی و بەرزکردنەوەی هێزی کڕین، بەخۆشحاڵییەوە نازەنین عەزیز باس لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی بڕیارەکە دەکات، بەتایبەت بۆ ئافرەتان و توێژە کەمدەرامەتەکان.
لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دڵخۆشییەکی زۆر لە شەقامی گشتیدا دروست بووە، بەتایبەت لە نێو شۆفێرانی ئافرەتدا. بەم بڕیارە هێزی کڕینی چینی ناوەند و کەمدەرامەت زیادی کرد کە پێشتر بەهۆی گرانیی نرخەوە ڕووبەڕووی زەحمەتی ببوونەوە. دابەزینی نرخەکە ئاستی خۆشگوزەرانی و ئارامیی دەروونیی خێزانەکانی بەرز کردۆتەوە و فشاری دارایی لەسەر شانیان کەم کردۆتەوە”.
ناوبراو هیوای خواست ئەم جۆرە بڕیارە خزمەتگوزارییانە بەردەوام بن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر باشترکردنی گوزەرانی هەژاران هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا مه‌سعود مەلا خالید ڕوونی کردەوە، کە دەستوەردانی خێرای سەرۆکی حکوومەت ڕێگری لە ناسەقامگیریی ئابووری کرد و ئاماژەی دا:
“چەند ڕۆژێک بوو گرانیی نرخی بەنزین دۆخێکی ناهەموار و نیگەرانیی لە نێو جەماوەردا دروست کردبوو، چونکە سووتەمەنی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی کاڵاکانی دیكه‌ دادەنێت. هاتنە دەنگی کاک مەسرور بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەدا، یەکێک بوو لە بڕیارە هەرە گرنگەکان کە ئومێد و سەقامگیریی بۆ بازاڕ گەڕاندەوە. ئەم جۆرە بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی خەڵکدان، متمانەی جەماوەر بە حکوومەتەکەیان بەهێزتر دەکەن”.
لەکۆتاییدا، لە ڕوانگەیەکی شیکاریی ئابوورییەوە ئاڵا تاهیر تیشکی خستە سەر بایەخی بڕیارەکە و ڕایگەیاند:
“دابەزینی نرخی بەنزین هەنگاوێکی ئابووریی بنەڕەتییە، چونکە بەنزین تەنها سوتەمەنی نییە، بەڵکو بڕبڕەی پشتی جووڵەی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەیە. کەمبوونەوەی تێچووی بەنزین دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، کە ئەویش نرخ لەسەر سەرجەم کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کەم دەکاتەوە. خاوەن ئۆتۆمبێل، تاکسی و پیشەسازییە بچووکەکان دەتوانن داراییان ڕێکبخەنەوە و هێزی کڕینی خێزانەکان بەرز ببێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکەوتنی سیاسەتی ئابووری بەوە پێوانە دەکرێت کە هاووڵاتی هەست بە باشبوونی باری دارایی خۆی بکات و ئەم بڕیارەش هەنگاوێکی کردەیی و دەستکەوتێکی ئابووریی گرنگە بۆ کۆمەڵگە.
لە لێدوانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و شیکاریی هاووڵاتییاندا ڕوون دەبێتەوە، کە بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین بڕیارێکی پڕبایەخ و کاریگەرە. ئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە تەنها لە سنووری کەمبوونەوەی تێچووی گواستنەوەدا نانووسێن، بەڵکو کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر تەواوی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا و سەقامگیریی بازاڕ دروست کردووە.
هاتنە دەنگی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا، سەلمێنەری ئەوەیە کە کابینەی نۆیەم سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای خزمەتگوزاریی کردەیی و پاراستنی خۆشگوزەرانیی جەماوەر داڕشتووە. بەردەوامیی ئەم جۆرە بڕیارە ستراتیژییانە و چاودێریکردنی وردی بازاڕ، نەک هەر متمانەی نێوان جەماوەر و حکوومەتەکەیان بەهێزتر دەکات، بەڵکو بنەمایەکی تۆکمەش بۆ سەقامگیریی ئابووریی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستاندا دەچەسپێنێت.