سهرهتا وتار مەسرور بارزانی و ستراتیژی پاراستنی قەوارەی هەرێم لەنێو ئاڵۆزییە جەمسەرییەکاندا
رێبوار حەمەلاو شوانى
هەڵکەوتەى جیوسیاسىی و ستراتیژى کوردستان کەوتۆتە نێو چەقى بەرێککەوتنە جەمسەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک دەیان ساڵە، جیا لەوەى گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاک و نەتەوە لەتکراو و لێکێنراو بە چوار دەوڵەتى عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هەردەم هەڕەشەى لەناوبردن و سرینەوە و تواندنەوەى لەسەر بووە ، لەهەمانکاتیشدا لەگەڵ هەر گۆڕانکارى و شەڕ و ململانێیەکانیشدا باج و قوربانى گەورەى داوە.
بە هەڵوەستەکردن لەسەر چۆنێتى مامەڵەکردنى سەرکردایەتی سیاسیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکاندا و ئینجا دروستکردنى هاوسەنگى لە نێو گرژى و ئاڵۆزییەکاندا لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارە و دەستکەوتەکانى ئەم گەلە ستەملێکراوە ، ئاماژەیە بۆ تێگەیشتن و ئەزموونى زۆر لە ڕووى دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردن .
کاتێک سەرنج دەدەینە سەر کار و هەنگاو و ستراتیژى و پلانى مەسرور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، بەڕوونى دەبینن ، لەلایەک وەک قەڵغانێکى بەهێز لە ڕووى سیاسیى و دیپلۆماسییەوە کار دەکات بۆ دوورخستنەوەى قەوارەى کوردستان و گەلى کورد لە ئاگرى شەڕ و ململانێیەکان و هەروەها کارکردن بۆ بەهێزکردنى پایەکانى حکومڕانیی هەرێمى کوردستان لە رووى گەشەپێکردن و چاکسازى و هەمەچەشنکردنى دارایی و ئینجا گرنگیدان بە ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتمانى لە پێناو بەهێزکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و ئەوەش کاریگەرى باشى هەبووە.
لە نێو گێژاوی ئەم شەڕ و ململانێیە جەمسەرییەکاندا ، ئامانج و ستراتیژى سەرۆکوەزیرانى کوردستان و بەتایبەت کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ، پارێزگاریکردن بووە لە قەوارەى هەرێمى کوردستان و لە شەڕ و بەرێککەوتنە سەربازییەکانى ناوچەکە، بە جۆرێک پێگەى هەرێمى کوردستان وەک کارەکتەرێکى متمانەپێکراو و بەهێزى لە ڕووى سەقامگیرى جێگیر کردووە ، هەروەها بەردەوام رژد بووە لەسەر ئەوەی، کە هەرێمى کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێیەکان ، بەڵکو وەک هاوبەشێکى بەهێز هەوڵى چارەسەرى ئاشتیانەى گرژى و تەنگژەکان دەدات.
ئەم ستراتیژ و سیاسەتەى مەسرور بارزانى ، جگەلەوەى بووەتە هۆى دروستکردنى هاوئاههنگى و ڕێگریشى لە گۆشەگیریی سیاسیى کوردستان كردووه ، بەڵکو توانیوێتى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێوەدەوڵەتیش وەک ئەکتەرێکى بەرپرسیار و ئاشتیخواز بەهێزتر کردووە، هەروەها لەڕووى پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغداش بەهەمان شێوە توانیوێتى هەماهەنگى باش بێنێتە ئاراوە ، لە پێناو خزمەتى بەرژوەندییە هاوبەشە باڵاکانى کوردستان و عێراق.
حکوومەتى کوردستان و
داکۆکیی لە ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان
وێڕاى هەموو ئەو کێشە ئەمنى و دارایی و دابەزینى قەبارەى بازرگانى و قەیرانە جیهانییەکان و داخستنى گەرووى هورمز ، هەرێمى کوردستان لە پێناو بەرزکردنەوە و ڕێکخستنەوەى داهاتەکان هەنگاوى باشى لەگەڵ عێراق بڕیووە ، لەهەمانکاتیشدا هەوڵەکانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان بۆ ئەوە بووە تا ماف و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان و بەتایبەتى مووچە دابین بکرێت ، وێڕاى ئەوەى کە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانى بەغدا لەڕووى ماف و پشکى بودجەوە ستەمى زۆر لە هەرێمى کوردستان دەکەن بەتایبەتى لە ڕووى دارایی و سووتەمەنى و شایستەکانى دیکە.
هەوڵەکانى حکوومەت
بۆ چارەسەرى و هاوسەنگى سووتەمەنى لە کوردستان
هەروەها مەسرور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، وێڕاى هەموو ئاستەنگەکان ، توانیوێتى هەوڵەکانى بۆ چارەسەرى کەرتى وەزە و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بخاتە گەڕ ، بەتایبەتى کە لە ماوەى رابردوو هێرشە و پەلاماردانە تیرۆریستەکان بۆ سەر کێڵگەکانى وەبەرهێنانى غاز و نەوت ، و پاڵاوگەکان کاریگەریى زۆریان لەسەر بەرهەمهێنانى غاز و کارەبا دانا، بەڵام ئەو فشار و هێرشانە نەیانتوانی ئیرادەى حکوومەتى کوردستان بۆ جێبەجێبەکردنى پرۆژە ستراتیژیییەکان بەتایبەت لە بوارى کارەبا و غاز لاواز بكهن و بشکێنن ؛ گرفتى کەمیى سووتەمنى بەتایبەتى نەوت و بەنزین و غاز ، دروستکردنى سیاسەتێکى هاوسەنگ لە ڕووى ئابووری و کەمکردنەوەى فشار و سووککردنى بارگرانى لە سەرخەڵکى کوردستان کار و هەنگاوە بەردەوامەکانى سەرۆکى حکوومەت بووە.
سەرۆکى حکوومەتى کوردستان
پارێزگارى لە قەوارە و ئاسایشى نەتەوەیی کوردستان
خەمخۆرى و پەرۆشى و هەوڵە سیاسیى و دیپلۆماسییەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بەتایبەتى بۆ فەراهەمکردن و دانانى سیستەمى بەرگرى ئاسمانى بۆ ڕووبەرووبوونەوەى هێرش و پەلامارە مووشەکى و درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان ، ئاماژەیەکى روونە بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان و گرنگیدان بە ئاسایش و ئارامى خەڵکى کوردستان ، ئەوەش ئەوپەڕى درککردنە بە ئەرک و بەرپرسیاریەتى مێژوویی ، هەروەها پەیام و داواکارى سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، لە هەموو بۆنەکاندا بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى کابینەى نوێ ، ڕەچاوکردنى بەرژهوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان ، ئاماژەیەکى روونە بە بەرپرسیارەتیی نیشتیمان و پەیامى تەبایی و یەکریزى لە پێناو خزمەتکردنى جەماوەرى کوردستان
بەگشتى ئەو شێوازە حوکمڕانییەى مەسرور بارزانى ، ئاماژەیەکى روونە بە ئیرادەى بەهێزو پۆڵایین و خوێندنەوەى وردبینانە و ژیرانەیە بەرامبەر بە پێشهات و رووداوەکان ، چۆنیەتى ڕاگرتنى هاوسەنگى و مامەڵەکردنیان بووە لەگەڵ گرژى و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە و لەهەمانکایتشدا بەرگریکردن بووە لە مافە رەواکانى گەلى کورد ، هەروەها پارێزگاریکردن لە سەروەرىی قەوارەى هەرێمى کوردستان و هەنگاونان بەرە داهاتوویەکى گەشتر و کوردستانێکى ئاوەدانتر و پێشکەوتووتر.