پەری عومەر خەیلانی
ئەدەبی زیندان و تراژیدیای ژووری سێدارە، تەنیا تۆمارکردنی ئازارێکی فیزیکی یان دەربڕینی حەسرەتی ئازادی نین، بەڵکو گۆڕەپانی ململانێی ئیستاتیکی و فیکریی نێوان «ئیرادەی مرۆڤ» و «زەبری دیکتاتۆرییەت»ن. لەم گوتارە ڕەخنەیییەدا، کە کورتکراوەی توێژینەوەیەکی فراوانی بەندەیە تەرکیزی سەرەکی دەخەینە سەر لایەنی پراکتیکی و ڕەنگدانەوەی وێنەی شیعریی لە دواساتەکانی ژیانی دوو شاعیری شەهیددا: لەڕێگەی میتۆدی بەراوردکاریی ئەمەریکییەوە، وێنە هەستی، دەروونی، وەستاو و جوڵاوەکانی هەردوو دەق لە بووتقەی پراکتیکدا شیدەکەینەوە. هەڵبەت (زیندان) وەک نێوەندێکی داهێنانی ئەدەبی زیندان لە بواری دادوەری و یاساییدا شوێنی سزادان و بەندکردنی تاوانبارانە.
بەڵام کاتێک دیکتاتۆرییەت و سیستەمە سەرکوتکەرەکان ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران دەخەنە کونجی زیندانەوە، چەمکەکە بەتەواوی دەگۆڕێت. زیندان دەبێتە زەمینەیەک بۆ لەدایکبوونی ئەدەبێکی تایبەت بە ناوی «ئەدەبی زیندان». لەم جۆرە ئەدەبەدا، زمان دەبێتە ئامرازی بەرگری و وێنەی شیعریش دەبێتە پردێک لەنێوان مەرگی جەستەیی و نەمر بوونی فیکری.
وێنەی شیعری لە ژووری سێدارەدا تەنیا نەخشاندنی وشەکان نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەیە کە لەنێوان زمان، سۆز، خەیاڵ و واقیعدا دروست دەبێت. شاعیر کاتێک لە بەرامبەر پەت و جەللاددا دەوەستێت، هەستەوەرەکانی بە شێوازێکی جیاواز کار دەکەن.
لەم توێژینەوە بەراوردکارییەدا بە پشتبەستن بە قوتابخانەی بەراوردی ئەمەریکی کە گرنگی بە دەق خۆی دەدات نەک تەنیا مێژوو و کاریگەریی ڕاستەوخۆ، وێنەی شیعری لە هەردوو دەقی (ژووری سێدارە)ی مەلا عەلی و (رسالة في ليلة التنفيذ)ی هاشم ئەلڕفاعی شیکار دەکەین.
بەشی یەکەم: بنەما تیۆری و چەمکییەکان
١. ئەدەبی بەراوردکاری و قوتابخانەی ئەمەریکی
ئەدەبی بەراوردکاری مێژووێکی دەوڵەمەندی هەیە و لە قوتابخانەی فەرەنسییەوە دەستی پێکردووە کە زیاتر جەختی لەسەر کاریگەری مێژوویی و پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئەدەبەکان دەکردەوە. بەڵام قوتابخانەی بەراوردی ئەمەریکی کە ڕێنی وێلک (René Wellek) یەکێک بوو لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی، ڕەخنەی لە توندی مەرجەکانی قوتابخانەی فەرەنسی گرت و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەدەبی بەراورد بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی سەربەخۆ دوور لە سنووری زمانی و سیاسی و مێژوویی تەسک. بەپێی ئەم قوتابخانەیە، دەکرێت دوو دەقی جیاواز لە دوو زمانی جیاوازەوە بەراورد بکرێن تەنیا لەسەر بنەمای لێکچوون یان جیاوازی لایەنە هونەری و بابەتەییەکان، تەنانەت ئەگەر هیچ پەیوەندییەکی مێژووییش لەنێوانیاندا نەبووبێت.
٢. چەمک و ڕەگەزەکانی وێنەی شیعری
وێنەی شیعری (Image) بنەمای سەرەکی بنیاتی دەقی شیعرییە. وێنە بریتییە لەو تابلۆ ڕەوانبێژی و هونەرییەی کە شاعیر لەڕێگەی وشەکانەوە دەیەکێشێت تا ئەزموونە دەروونی و فیکرییەکانی بوازێتەوە بۆ وەرگر. وێنەی شیعری لە کۆمەڵێک ڕەگەزی سەرەکی پێکدێت:
• زمان: کەرەستەی یەکەم و سەرەکی دروستکردنی وێنەیە.
• خەیاڵ: ئەو هێزە ئافرێنەرەیە کە شتە لێکدا بڕاوەکان بەیەکتر دەبەستێتەوە.
• سۆز: ژێدەر و دینامۆکی بەخشینی گیانە بە وێنەکە.
• واقیع و نەست: سەرچاوەی ئیلهام و ئەلبوومی یادەوەرییەکانی شاعیرن.
بەشی دووەم: پاشخانی مێژوویی و ڕەنگدانەوەی ژیانی هەردوو شاعیر
شەهید مەلا عەلی (١٩٥٣ – ١٩٧٩)
حوسێن مەولوود ئەحمەد ناسراو بە (مەلا عەلی)، شاعیر و تێکۆشەری کورد، لە گوندی بەربەردی ماوەت لەدایکبووە. قوتابی زانکۆی سلێمانی بووە و بەهۆی چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتییەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکرا. دوای ئەشکەنجەیەکی توند لە داپڵۆنێنخانەی «هەیئەی خاسەی کەرکووک»، لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا لەسێدارەدرا. شیعرەکانی لە زیندان لەسەر سیمی پاکەتی جگەرە بە خوێن و ئارەقە نوسیبووەوە.
شەهید هاشم ئەلڕفاعی (١٩٣٥ – ١٩٥٩)
سەید بن جامع ئەلڕفاعی، شاعیرێکی شۆڕشگێڕی میسڕی بوو. بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی و گوتنی شیعری تەنز ئامێز دژی سیستەمی حوکمرانی، لەلایەن دەسەڵاتەوە داواکراو بوو. دەقی «رسالة في ليلة التنفيذ»ی وەک پێشبینییەک بۆ مەرگەسات و ڕووداوی لەسێدارەدان و تیرۆرکردنی نووسی. لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لەلایەن گروپێکی چەکداری نادیارەوە تیرۆرکرا.
بەشی سێیەم: شیکاری پراکتیکی و بەراوردکاری دەقەکان
لە بەشی پراکتیکیدا، ڕاستەوخۆ دەچێنە ناو دەقە شیعرییەکان بۆ دەرخستنی ڕووی لێکچوون و جیاوازی لە وێنە شیعرییەکاندا.
١. ناونیشان و دەستپێکی دەقەکان
شەهید مەلا عەلی ناونیشانی دەقەکەی ناوە «ژووری سێدارە» کە ناونیشانێک بەتەواوی ڕاستەوخۆ و واقیعییە. دەقەکەی بە شێوازی وەسفی ڕاستەوخۆ و مەنەلۆگ (خۆدوواندن) دەست پێدەکات:
برا دوور و خزم دوور کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ: ئاڵای سوور
شیکاری پراکتیکی: مەلا عەلی لێرەدا وێنەیەکی تەنهایی (وێنەی تاک) بەکاردهێنێت. ڕەگەزی سۆز باڵادەستە. بە بەکارهێنانی خوازە، خوێنی خۆی دەکاتە خەنە کە لەپێی ئاڵای سوور (ڕەمزی شۆڕش) دەگیرێت. ئەمە وێنەیەکی بەکەسکردنە (Personification) کە تێیدا ئاڵای سوور وەک مرۆڤێک دەبینرێت.
لە بەرامبەردا، هاشم ئەلڕفاعی دەقەکەی بە ئاڕاستەکردنی پەیام بۆ باوکی دەست پێدەکات لە ناونیشانی «رسالة في ليلة التنفيذ»:
أبتاه ماذا قد يخطُّ بناني … والحبلُ والجلادُ ينتظراني
(باوکە پەنجەکانم چی بنووسن؟ کە چاوەڕوانم جەلاد و گوریسن)
هذا الكتابُ إليكَ مِنْ زَنْزانَةٍ … مقْرورَةٍ صَخْرِيَّة الجُدْرانِ
(ئەمە لە زیندانێکەوە بۆ تۆ نووسرایە، دیواری بەردینی زەمهەڕیڕ ئاسایە)
ئەلڕفاعی بە شێوازی پرسیار و شڵەژانی دەروونی دەست پێدەکات. وێنەی زیندانەکە بە وێنەیەکی هەستی بینین و بەرکەوتن وێنا دەکات («دیواری بەردینی سارد»). لێرەدا ئامرازی لێکچوواندن بەکارهاتووە تا ترس و دژواری ژوورەکە بگوێزێتەوە.
٢. وێنەی هەستی، وەستاو و جوڵاو لە دواساتەکانی مەرگدا
کاتێک دێینە سەر ساتەوەختی حوکمی سێدارە، شێوازی دروستکردنی وێنە لای هەردوو شاعیر جیاوازییەکی بەرچاو نیشان دەدات. مەلا عەلی پەنا دەباتە بەر «وێنەی وەستاو» بەڵام پڕ لە ئیرادە:
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
مەلا عەلی تابلۆیەک دەڕەخسێنێت کە تێیدا تەرمەکەشی لەسێدارەدراوە، بەڵام لەڕووی زاویەی بینینەوە (Angle of View)، پێڵاوەکانی لەسەر سەری جەلادەکانەوە دەبینرێت. ئەمە وێنەیەکی سینەمایی وەستاوە کە تێیدا نزمبوونی جەلاد و بەرزبوونی قوربانییەکە لەڕووی مانا و هەستەوە ئاوەژوو دەبێتەوە.
بە پێچەوانەوە، هاشم ئەلڕفاعی لە هەمان ساتدا «وێنەی جوڵاو» بنیات دەنێت:
وَأَكُونُ بَعْدَ هُنَيْهَةٍ مُتَأَرْجِحَاً … في الْحَبْلِ مَشْدُوداً إِلى العِيدانِ
(هەر دوای کەمێکی دیکەیە دەلەرمەوە، بەو گوریسەی بەستراوە بە سێدارەوە)
بەکارهێنانی کرداری (مُتَأَرْجِحَاً / دەلەرمەوە)، جووڵە دەبەخشێتە وێنەکە. شاعیر جەستەی خۆی بە جۆلانەیەک دەچوێنێت کە بە پەتەکەوە دێت و دەچێت. ئەم وێنە جوڵاوە هەستی بینینی وەرگر دەوروژێنێت و ئازارێکی دەروونی بەهێز دروست دەکات.
٣. ئیرادە و پەشیمانی: وێنەی دەروونی لە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی جیاوازی پراکتیکی لەنێوان هەردوو دەقەکەدا، باری سایکۆلۆژی شاعیرەکانە لە بەرامبەر شۆڕش و قوربانیداندا. شەهید مەلا عەلی تا دوا سات لەسەر باوەڕەکەی نەگۆڕە:
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگە و کادرم
کە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێی خەباتم
لەوێ لەنێو کوورەی شۆڕش ئاگرم
مەلا عەلی بە بەکارهێنانی هونەری لێکچوواندن، خۆی دەچوێنێت بە «ئاگر» و شۆڕش بە «کوورە». ئەمە وێنەیەکی دەروونی پڕ لە هێز و بەردەوامییە کە هیچ درزێک بۆ پەشیمانی ناهێڵێتەوە.
بەڵام هاشم ئەلڕفاعی کاتێک دەبینێت زوڵم بەردەوامە و هەندێک لە شۆڕشگێڕان هەڵگەڕاونەتەوە، دووچاری داڕمانی دەروونی و پەشیمانی دەبێتەوە:
وَيدورُ هَمْسٌ في الجَوانِحِ ما الَّذي … بِالثَّوْرَةِ الحَمْقاءِ قَدْ أَغْراني؟
(چرپەیەک لە ناخم پێم دەکات ئەمدیو ئەودیو، چی لەو شۆڕشە گەمژەیە هەبوو خستمیە فریو؟)
وَالظُّلْمُ باقٍ لَنْ يُحَطِّمَ قَيْدَهُ … مَوْتي وَلَنْ يُودِي بِهِ قُرْباني
(ستەم هەر دەمێنێ، قەت کۆت و بەند لەبن نایێ، بە قوربانی و مردنی من، هیچ ئومێدێ بەدی نایێ)
ئەلڕفاعی وێنەیەکی دەروونی پڕ لە نائومێدی و خۆسەرزەنشتکردن دەکێشێت. لێرەدا دەستەواژەی «الثورة الحمقاء / شۆڕشی گەمژە» بەرجەستەکردنی ئەو شۆکە دەروونییەیە کە شاعیر پێیدا تێپەڕیوە. خوێنی خۆی بە بێسوود دەبینێت لە ڕوخاندنی ستەمکاریدا.
ئەنجام:
١. خاڵی هاوبەش: هەردوو شاعیر لەژێر کاریگەری فشاری ژووری سێدارە و زینداندا، توانیویانە بەرزترین ئاستی وێنەی شیعری (هەستی، دەروونی، خوازەیی) خولقێنن و تراژیدیای مەرگ بگوێزنەوە بۆ نێو مێژووی ئەدەبی نەتەوەکەیان.
٢. خاڵی جیاوازی ڕەفتاری ئیستاتیکی: مەلا عەلی وێنەی ڕەق، وەستاو و پڕ لە شانازی و ئیرادە دروست دەکات. لە بەرامبەردا هاشم ئەلڕفاعی وێنەی جوڵاو، نەرم و پڕ لە سۆزی خێزانی و نائومێدی دەروونی دروست دەکات.
٣. کارتێکردنی ڕاستەوخۆ: مەلا عەلی بە کرداری لە ناو زینداندا بووە و دەقەکەی لەسەر سیمی جگەرە نووسیوە، بۆیە وێنەکانی بەڕاستەوخۆیی و بێباکی بەرامبەر مەرگ جیا دەکرێنەوە. بەڵام ئەلڕفاعی وەک پێشبینییەک دەقەکەی لە دەرەوە نووسیوە، بۆیە فەزای خەیاڵ و داڕمانی دەروونی تێیدا فراوانترە.
٤. پێویستی بە گرنگیدان: ئەدەبی زیندان لە ئەدەبی کوردیدا ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی هەیە (لە مەمی خانییەوە تا دەیان شاعیری سەردەم)، بەڵام پێویستی بە ئینسایکلۆپیا و توێژینەوەی زیاتری پراکتیکی هەیە.
سەرچاوەی سوود
*خەیلانی، پەری عومەر. (٢٠٢٦). وێنەی شیعریی لە تراژیدیای زیندان و ژووری سێدارەدا: خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری لەنێوان هەردوو شاعیری شەهید (مەلا عەلی و هاشم ئەلڕفاعی). گۆڤاری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی کوردی، ژمارە (١٤)، بەرلین / ئەڵمانیا. بڵاوکراوەتەوە