دووەمین نەوەی حوکمڕانی لە بەغدا.. شەرعیەتی کارامەیی یان داڕمانی خێرا؟

133

تانیا تاهیر*
سیستەمی سیاسیی عێراق لە قۆناغی پاش ساڵی ٢٠٠٣ دا ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی جەوهەری بووەتەوە لە پەیکەر و شێوازی ڕەفتاری بژاردەی حوکمڕانیدا. ئەمڕۆ، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر پەسەندکردنی دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥، لە هەناوی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ڕاگوازەریدایە؛ گواستنەوەی دەسەڵات لە «نەوەی یەکەم»ی ئۆپۆزسیۆنی دێرینەوە بۆ «نەوەی دووەم»ی دەسەڵاتی جێبەجێکردن — گەر لە ڕوانگەی پراکتیکییەوە لە کابینەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدیدا بەرجەستە دەبێت – وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و جومگەیی.
لە شەرعیەتی دەستوورییەوە بۆ کارامەیی جێبەجێکردن
لە ڕوانگەی یاسای دەستوورییەوە، شەرعیەتی وەرگرتنی دەسەڵات بنەمای ڕاستەقینەی بەردەوامبوونی هەر سیستەمێکی سیاسییە. لە عێراقی دوای ٢٠٠٣دا، نەوەی یەکەم بە پلەی یەکەم پشتی بە “شەرعیەتی مێژوویی” و ڕێککەوتنی پێکهاتەکان (سازان / التوافقية) دەبەست بۆ ڕەواکردنی دەسەڵاتەکەی. بەڵام بەهۆی کاڵبوونەوەی ئەو شەرعیەتە مێژووییە لەلای جەماوەر، نەوەی دووەم پەنای بۆ “شەرعیەتی کارامەیی” بردووە.
ئەم نەوەیە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتییەوە ڕەوایەتیی یاسایی خۆی بەهێز بکات. بەڵام ئەوەی گرنگە لە ڕووی تیۆریی یاساییەوە بیزانین ئەوەیە کە شەرعیەتی کارامەیی ناتوانێت جێگرەوەی سەروەریی دەستووری بێت کاتێک دامەزراوەکانی دەوڵەت تووشی پەککەوتن ببن لە ئەنجامدانی ئەرکە دەستوورییەکان و پاراستنی پایەکانی سەروەریدا.
هەروەک پرەنسیپی مۆنۆپۆڵکردنی هێز و ئاڵەنگاریی سەروەریی یاسا
یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی یاسایی لە تیۆریی یاسای گشتیدا (بەپێی پێناسەکەی ماکس ڤێبەر و ئۆریۆ) ئەوەیە کە دەوڵەت خاوەنی “مۆنۆپۆڵی ڕەوای هێزی چەکدار” بێت؛ بە جۆرێک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هیچ هێز و لایەنێک مافی بوونی هێزی چەکداری نەبێت.
لێرەدا دەبینین نەوەی دووەمی حوکمڕانی لە عێراق لە بەردەم بەریەککەوتنی ئەگەری جەنگی هەرێمایەتی و فشاری نێودەوڵەتیدایە (بەتایبەت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە) بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و یەکخستنی بڕیاری ئەمنی. حکومەت کە بەپێی دەستوور بەرپرسە لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، بەهۆی پێکهاتەی سیاسیی ناوخۆیی و ڕێژەی کاریگەریی هاوپەیمانییەکانەوە، مانۆڕدانی یاسایی و ئەمنیی بەرتەسک بووەتەوە. ئەمەش دەوڵەتی خستووەتە دۆخێکەوە کە ناتوانێت لە کاتی قەیرانە هەرێمایەتی و جەنگییەکاندا بڕیاری سەروەریانە و سەربەخۆ بدات. بەمەش نەوەی دووەم ڕووبەڕووی قەیرانی ئیرادەی سیاسیی و پارادۆکسی سەروەریی یاسا دەبێتەوە.
بەدامەزراوەییکردنی دژایەتیی گەندەڵی و دڵنیایی ئاسایشی ئابووری
لە ڕووی ئاسایشی نەتەوەیی و یاسای داراییەوە، ئاسایشی ئابووریی عێراق بەستراوەتەوە بە شەفافییەتی سیستەمی بانکی و ڕێڕەوەکانی دراوەوە. دیاردەیەکی بەرچاو لە سەردەمی نەوەی دووەمدا ڕوویدا؛ ئەویش گواستنەوەی دۆسییەکانی گەندەڵییە لە چوارچێوەی ململانێی ڕاگەیاندن و ڕەخنەی شەقامەوە بۆ ناو دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان. ئەگەر تەنانەت وەک مانۆڕێک یان نمایشێکی ڕووکەشیی دەسەڵاتیش سەیر بپێورێت، بەڵام هەنگاوەکانیان کردەیی کرد و لە چوارچێوەی دروشم و ڕەخنەوە گواستیانەوە بۆ چوارچێوەی شەرعیەتی دادوەری.
لە هەمان کاتدا، لەژێر فشاری نێودەوڵەتی و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و سیستەمی بانکیی جیهانی (SWIFT) لەسەر گواستنەوەی دۆلار، نەوەی دووەمی حوکمڕانی ناچار بووە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توندتر بگرێتە بەر بۆ ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە. لەگەڵ ئەم هەنگاوانەشدا، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی گۆشەگیریی دارایی یان داخرانی سەرچاوەکانی داهات لە ئەنجامی جەنگدا، سیستەمی حوکمڕانیی ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئیفلاسی دارایی دەبێتەوە؛ ئەوەش شەرعیەتە کارامەیییەکەیان بە تەواوی هەڵدەتەکێنێت.
سیناریۆکانی بەردەم کابینەی نوێ و ئایندی حوکمڕانی
کابینەی عەلی زەیدی (کە لە ئایاری ٢٠٢٦دا وەک نوێنەری نەوەی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەستبەکار بوو) لە بەردەم سێ سیناریۆی سەرەکی و یەکلاکەرەوەدایە کە ئاڕاستەی داهاتووی حوکمڕانی لە عێراق دیاری دەکەن:
یەکەم: حکومەت وەک “بەڕێوەبەری قەیران”
حکومەت وەک قەڵغانێکی تەکنۆکراتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نوخبەی سیاسیی دێرین (نەوەی یەکەم) دەمێنێتەوە. سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتی، و جووڵاندنی دۆسیەکانی گەندەڵی لە دادگاکاندا بۆ ڕازیکردنی شەقام، بەڵام بێ ئەوەی دەستکاریی بنەمای دەسەڵاتی سێبەر و پێکهاتەی گرووپە چەکدارەکان بکات. ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیرییەکی ڕووکەشیی کاتی، بەڵام لە واقعدا سیستەمەکە ڕووبەڕووی داخورانی بەردەوام و لەدەستدانی شەرعیەت دەکاتەوە.
دووەمین سیناریۆ: داڕمانی دارایی و سیاسیی خێرا
تەقینەوەی ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان( بەتایبەت ململانێی ئەمریکا- ئێران) یان توندبوونی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، دۆخەکە بەرەو داڕمان دەبات. ئەگەر حکومەت نەتوانێت ڕێڕەوەکانی دراو کۆنترۆڵ بکات یان ڕێگە لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ هەرێمایەتییەکان بگرێت، گۆشەگیریی دارایی قووڵتر دەبێتەوە و ئیفلاسی دارایی ڕوو دەدات. لە ئەنجامدا، نەمانی توانای پێدانی مووچە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان شەرعیەتە کارامەیییەکەی سەرۆک وەزیران بە تەواوی هەڵدەشێلێت و دەبێتە هۆی کەوتنی خێرای کابینەکەی.
سیناریۆی سێیەم: بەکارهێنانی قەیرانەکان وەک گوشاری ئەرێنی
بەکارهێنانی قەیرانە نێودەوڵەتی و ئابوورییەکان وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت. لێرەدا دەبێت سەرۆک وەزیران دەستوور و دەسەڵاتی دادوەری بەکار بێنێت بۆ سەپاندنی مۆنۆپۆڵکردنی هێز بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا و برەودان بە شەفافییەتی دارایی بێ چاوپۆشیکردن، بە ئامانجی تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە و تۆکمەکردنی سەروەریی دەوڵەت. بەڵام ئەمە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ئێجگار بەهێز و ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی هەیە.
لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین ئەگەر «نەوەی دووەم» نەتوانێت لەم دەرفەتە کاتییەدا لە بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا بڕیاری یاسایی و سەروەرییانە لەسەر مۆنۆپۆڵکردنی هێز بدات، ئەوا مۆدێلی« بەڕێوەبردنی کاتیی قەیران» لە ژێر کێشکردنی شەپۆلی داڕمانی ئابووری و بەریەککەوتنی جەنگدا دەڕوخێت. بەمەش تەمەنی سیاسییان تەنها وەک« قۆناغێکی ڕاگوازەری کاتی» لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا تۆمار دەکرێت و هیچی تر.
* مامۆستای زانکۆ