نێچیرڤان بارزانی و ئاڵای كوردستان لە دیمەشق

153

محەمەد زەنگەنە
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتی و بەرپرسانی باڵای سووریا لە بەڕێزیان و شاندی یاوەری كرا، بە رێزلێنان لە ئاڵای كوردستان، نەك هەر تەنها سەردانێكی سادە و دیدارێكی دیپلۆماسی بوو، بەڵكو داننانێكی راستەخۆ و بێ دوودڵیی ئەو دەوڵەتەیە،بۆ ئەو كەیانە فیدراڵییەی كە زۆر لە لایەنە عێڕاقییەكان،سەرەڕای هاوبەشی بوونیان لەچوارچێوەی یەك دەستوور و یەك یاسا، نایانەوێت دان بە راستی و چەسپاویی دەستووریی هەرێمی كوردستان بنێن.
ئەگەرچی جاری یەكەم نییە، بەرپرسانی باڵای كورد لە دیمەشق بوونیان هەبێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو دەوڵەتە كۆ ببنەوە،بەڵكو زۆر جاریش و لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆن،چەندین جار سەرۆك بارزانی لەگەڵ حافز ئەسەد و بەشار ئەسەدی كۆبۆتەوە،نەك هەر ئەوە،بەڵكو سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ قامیشلۆ لەساڵی 1996، تاوەكو ئێستاش وەكو یەكێك لەمەزنترین رووداوەكانی مێژووی كورد لە رۆژئاوا باسی لێوە دەكرێت.
لێرەدا، پڕاگماتیزمی سیاسی، وەڵام و كلیلی ئەو سیاسەتە سەركەوتووەیە كە وادەكات تەنانەت ئەوەی لەگەڵت هاوڕا نەبێت،رێز لە خۆت و نەتەوە و تایبەتمەندیت بگرێت،بەدەر لەوەی چ پەیام و چ ئاراستەیەكی لەو كارەدا هەیە.
بە بەراوردكردنی دۆخی ئێستا،لەگەڵ ئەوەی جاران هەبوو،بەو پێیەی لە سەردەمی پێشی رووخانی ئەسەد،مەحاڵ بوو پێشوازیی لەم جۆرە و بەم شێوەیە هەبێت، بە دانانی ئاڵای كوردستان بە درێژیی نۆ مەتر بۆ پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابندرێت و هیچ دەستپێشخەریی ئەرێنیشیان بۆ هیچ بابەتێك نەبوو، تا لە ئەنجام دا بەو شێوەیە رژێمەكەیان رووخێندرا و كۆتایی پێهات.
بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شام، پەیامێكی گرنگە بۆ هەموو لایەك بەوەی كە پرسی كورد لەو دۆخە دەرچوو كە فەرامۆش بكرێت و وەكو پرسێكی لاوەكی سەیر بكرێت، هاوكات دەیسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، فاكتەری چارەسەرە و دەتوانێت رۆڵی سەرەكی لە نزیككردنەوەی لایەنە جیاوازەكان ببینێت، خودی نێچیرڤان بارزانیش، كە رۆڵی سەرەكیی لە پرسی كورد لە توركیا و نزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی توركیا و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە بینی و پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، هەمیشە جێگەی بایەخن، بۆیە بە هەبوونی ئەو رۆڵە و ئەو توانا سیاسییە و كاراكتەرە سەركەوتووەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەكرێ بڵێین، پرسی كورد لە رۆژئاوا، چەندین هەنگاوی ئەرێنیی نا، بەڵام لەوە گرنگتر، نییەتی چارەسەرە لەلایەنی بەرامبەر.