کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەرکێكی مێژوویی بۆ بەرژەوەندیی خاک و گەل

198

موزەفەر فەیلی
ڕوون و ئاشکرایە کە پەرلەمان گەورەترین و بەهێزترین دەزگا و بنەمای فەرمی یاسادانانە لە هەر وڵات و هەرێمێکدا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان. پەرلەمان ئەو شوێنەیە کە یاسای نوێی لێوە دەردەچێت، لەپێناو زیاتر و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، هەروەها هەموارکردنی هەندێک یاسای دەرچوو بەپێی کات و ساتی جۆراوجۆر، و چاودێریکردنی کاروباری حکومەت. لە ڕاستیدا دەبێت نەک تەنها بۆ ئەو کارانە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی کوردستان و تەنانەت پارتەکانی کوردستانیش، ڕوو لە پەرلەمانی کوردستان بکرێت وەک سەرچاوە و لایەنی باڵا، کە گەورەترین و بێلایەنترین دەزگای فەرمی هەرێمی کوردستانە، تا لەوێ بڕیاری ڕاست و دروست لەسەر بارودۆخ و ئایندەی کوردستان بدرێت. پەرلەمان ئەو شوێنەیە کە نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسیی و جەماوەرییەکانی کوردستانی تێدایە و هەموو تاکەکانی کوردستان بە بیروباوەڕ و حەزی خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژاردووە؛ کەواتە پەرلەمان نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانە و بە واتایەکی تر، پەرلەمان ناوەندی متمانەی خەڵکی کوردستانە.
پەکخستن و دوورکەوتنەوە لە پەرلەمان، واتە سووکایەتیکردن بە دەنگی خەڵک، نەبوونی یاسای نوێ و نەبوونی دەزگایەک بۆ چاودێریکردنی کاروباری حکومەت. ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی بێمتمانەیی هاوڵاتیان بە دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت، کە ئەمە بەڕاستی بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە! بێگومان هەر پارت و ڕێکخراوێکی سیاسیی، بەرژەوەندی و سیاسەتی تایبەت بە ئامانج و بەرنامەکانی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانەوە، کە بەرژەوەندیی خاک، نیشتمان و گەلە! خاک، نیشتمان و گەل، بەرزترین بەرژەوەندی و لە ڕاستیدا شکۆی هەر وڵات و هەرێمێکە لە جیهاندا؛ دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەم ڕاستییە بزانن، لەبیری نەکەن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ و کۆششی بۆ بکەن بە مەبەستی سەرخستنی، نەک بکەوێتە دواوەی بەرژەوەندیی تەسک و تایبەتی خۆیان. دەبێت شکۆی خاک، نیشتمان و گەل لەبیر نەکەین و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت “ کوردایەتی و کوردستانییەتی” بکەین بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بێگومان بەبێ قوربانیدان نابێت! قوربانیدانیش کاتێک دروست دەبێت کە سەرکردەکانی وڵات خۆیان بە خاوەن ماڵ بزانن نەک وەک میوان، ئەم نیشتمانەش بە ماڵە گەورەکە بزانن و بە دڵ و گیان هەوڵی بۆ بدەن. بێشک ئەم هەنگاوانە بە قسەکردن ئاسانن، بەڵام بە شێوازی کرداری ئاسان نین و هەوڵ و دڵسۆزییان دەوێت. دەبێت قوربانیدانی ( شێخ مەحمودی حەفید) و (بارزانیی نەمر) بێنینە پێش چاومان، هەروەها جینۆسایدی فەیلی، بارزانی، گەرمیانی، ئێزدی و هەموو کوردستانییەکان لەبیر نەکەین! کیمیابارانی هەڵەبجە، شێخ وەسان و شار و شارۆچکەکانی کوردستان لەبیرمان نەچێت؛ کە کوردستان بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و لە خۆڕا نەهاتووەتەدی!
لە لایەکی ترەوە، هەموو پەرلەمانتاران لەم دۆخەدا بەرپرسیارن. دەبێت هەر پەرلەمانتارێک بە هەست، ویژدان و بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر بەو دەنگانەی کە بە متمانە و دڵسۆزی لە خەڵکیان وەرگرتووە بێدەنگ نەبێت؛ لە ڕاستیدا دەبوو زۆر لەمێژبووایە پەرلەمانیان کارا بکردایەتەوە، دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی! بەڵام بەداخەوە خواست و داواو بەرژەوەندی لایەنیک بەدەر لە قەبارە و سەنگی خۆی بۆتە هۆی ڕیگری کەردن لە کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستان. لەم حاڵەتەدا ڕۆڵی پارتە کوردستانییەکان زۆر پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە چەقبەستوە نەخوازراوەی کە هاتووەتە پێشەوە. پێویستە پارتە کوردستانییەکان ئەوانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بونیاد نانی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و کۆبوونەوە لەژێر چەتری پەرلەمانی کوردستاندا. هەروەها واچاکە ڕۆڵ و هەوڵی (جەنابی سەرۆک بارزانی) بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لەبیر نەکەین، کە هەمیشە خەمخۆری ئەم بابەتە هەستیارە بووە، هەروەها لەم دواییانەشدا هەوڵ و کۆششی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین بۆ هەمان مەبەست؛ هیوادارین هەموو سەرکردە و تێکۆشەرانی کوردستان زۆر بەجددی هەوڵ و کۆشش بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە گرنگە.
لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پەرلەمانی کوردستان، وەک ماڵێک وایە کە لە خێزانێک پێکهاتووە؛ ئەم خێزانەش لە چەند ئەندامێک پێکدێت. ئەگەر ئەم خێزانە لەگەڵ یەکتردا تەبا و کۆک بن، بێگومان لە هەموو کار و ژیانیاندا سەرکەوتوو دەبن و بەرەو پێشەوە دەچن، بەپێچەوانەشەوە بەرەو دواکەوتن و لاوازی دەچێت، هەروەها هەموو دراوسێ و خەڵکی دەوروبەریان بە چاوێکی بێهێز تەماشایان دەکەن.
پێویستە بەگیانێکی خۆنەویستانە کار بۆ کاراکردەنەوەی پەرلەمن بکەین؛ دەبێت “کورد و کوردستان” پێش هەر بەرژەوەندییەکی تر بخەین. دەبێت هەموو لایەنەکان ئەمە باش بزانن کە پەرلەمان و حکومەت موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە و تەنها و تەنها موڵکی خەڵکی کوردستانە! پێویستیشە کە هەوڵ و کۆشش بکرێت بۆ پاراستنی سەربەخۆیی پەرلەمان و هەموو داوودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، نەک تەنها بە قسە و دروشم، بەڵکو بە کردار. دەبێت هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ئەوە بزانن کە هەر شتێکی باش بۆ کوردستان دەکەن یان بەپێچەوانەوە؛ قەبارەی ئەو باشە یان زیانە کەم و بچووکیش بێت لە ناو مێژوودا تۆمار دەکرێت. لە ڕاستیدا مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە لە بەدیارخستن و ئاشکراکردنی ڕاستییەکاندا!
بۆیە هیوای هەموو تاکێکی کوردستانییە کە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و لەو سڕکردنە دوورودرێژە دەربهێنرێت کە نزیکەی دوو ساڵە تێیکەوتووە، ئیتر دەست لەناو دەست و بە دڵسۆزی و گەورەییەوە پشتی یەکتر بگرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرخستنی خاک، نیشتمان و گەل و کوردستان.