کوردستان لەنێوان ماتی دەستووری و بڕیارداندا

240

هەورامان عەلی تۆفیق
لە سیاسەتی ناوچەکەدا هەندێک جار هێزی سوپا چارەنووس دیاری ناکات، بەڵکو هێزی دەوڵەت دیاریی دەکات؛ کەواتە تەنیا فڕۆکە و موشەک نییە کە سەرکەوتن یان شکست دیاری دەکات و بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵکو ئەو ناسنامە سیاسییەیە کە لە پاسپۆرت، ئاڵا، پێگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی بڕیارداندا خۆی دەبینێتەوە.
کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا، ساڵانێکی زۆرە بە نرخێکی قورس باجی ئەم ڕاستییە دەدات. هەر قەیرانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت، ئەو باجە دووبارە دەدرێتەوە. ئەمڕۆش لەگەڵ گەشەکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، کورد جارێکی دیکە لەنێوان دوو ئاگر، دوو بەرە و دوو بەرژەوەندیی گەورەدا وەستاوە؛ بێ ئەوەی بتوانێت وەک دەوڵەتێک چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دیاری بکات.
هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بێلایەن بمێنێتەوە، چونکە دەزانێت هەر هەڵەیەکی هەژمارنەکراو دەکرێ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانیی ململانێی ئەوانی دیکە. بەڵام بێلایەنی کاتێک کاریگەرە کە لە پشتیدا دەوڵەتێک هەبێت بتوانێت سنوورەکانی بپارێزێت، ئاسمانی خۆی بپارێزێت، بڕیاری سەربەخۆ وەربگرێت و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە هێزی یاسا و دیپلۆماسی قسە بکات.
ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە، دەستکەوتێکی مێژوویی گەورەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی جێگەی دەوڵەت بگرێتەوە. لە زۆربەی بابەتە چارەنووسسازەکاندا، بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئەوانەدایە کە دەوڵەتن، نەک ئەوانەی هەرێمن؛ ئەمەش واتای ئەوەیە کە لە کاتی قەیراندا، کورد زیاتر کارتێکراو دەبێت وەک لەوەی بتوانێت خۆی کاریگەریی دروست بکات.
لە لایەکی دیکەوە ناوماڵی سیاسیی کوردیش هێشتا یەکدەنگ نییە؛ کێشە ناوخۆییەکان، ململانێی حزبی و جیاوازیی بۆچوونەکان، هێز و پەیامی کوردستان لە دەرەوە لاواز دەکەن. نەتەوەیەک دەیەوێت لە جیهانی ئەمڕۆدا مافی خۆی بەدەست بهێنێت، پێویستی بە یەکدەنگیی ناوخۆیی هەیە پێش ئەوەی پشتیوانیی دەرەکی بەدەست بهێنێت.
هەروەها کێشەی کورد تەنیا لەگەڵ عێراقدا نییە؛ چونکە عێراق بۆ خۆی لەنێوان هێزی ئەمریکا و ئێراندا بە هاوسەنگییەکی زۆر هەستیار خۆی دەپارێزێت. لەم دۆخەدا کوردستانیش هەمانشێوە هاوسەنگی دەپارێزێت، بەڵام بە جیاوازییەکی گەورەتر لە عێراق. لە کۆتاییدا عێراق دەوڵەتە و لەسەر مێزی بڕیاردان دادەنیشێت، بەڵام کوردستان زۆر جار تەنیا بابەتی گفتوگۆی سەر ئەو مێزانەیە.
ئەگەر کورد دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی هەبووایە، مامەڵەکە بەتەواوی جیاواز دەبوو؛ ئەو کات دەیتوانی وەکو دەوڵەتێک قسە بکات، نەک تەنها بە زمانی دیبلۆمسییەت و داوای مافی دەستووری خۆی بکات و دەیتوانی هاوپەیمانێتی دروست بکات، ڕێککەوتنی ئاسایشیش واژوو بکات، ئاسمانی خۆی بپارێزێت، سنوورەکانی بە یاسای نێودەوڵەتی بپارێزێت و لە هەر هاوکێشەیەکی هەرێمایەتیدا هەژماری بۆ بکرێت. ئەو کات هیچ بڕیارێک سەبارەت بە کورد بەبێ ئامادەبوونی خۆی نەدەدرا.
مێژووی نەتەوەکان فێرمان دەکات لە دنیای سیاسەتدا ماف بەتەنیا پارێزراو نابێت؛ ماف کاتێک پارێزراو دەبێت کە دەسەڵاتێک هەبێت بتوانێت بیپارێزێت. هەربۆیە زۆربەی نەتەوەکان دوای سەدان ساڵ خەبات، لە کۆتاییدا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت تێکۆشاون؛ چونکە دەوڵەت تەنیا سنوور و ئاڵا نییە، بەڵکو پارێزەری بوونی نەتەوەیە.
ئەوەی ئێمە لەم قۆناغەدا دەیبینین، زیاتر لە هەر شتێک پەیامێکی سیاسیی هەڵدەگرێت؛ کورد لەبەر ئەوە لە زۆر هاوکێشەدا دەنگ و هێزی لە دیپلۆماسییەتدایە؛ نەک لەبەر ئەوەی مافی نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا نییە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەبری ئەوەی ببێتە بەشێک لە بڕیاردان، زۆر جار تەنیا داکۆکی مافە دەستوورییەکانی خۆی بکات لەو بڕیارانەدا کە ئەوانی دیکە لەبارەیەوە دەیدەن.
ئەمڕۆ گەورەترین گرفتی کورد نە تەنیا کێشەی ئابوورییە، نە ناکۆکیی ناوخۆیی و نە ململانێیەتی لەگەڵ بەغدا؛ بەڵکو بنەڕەتی هەموو ئەو گرفتانە لە یەک ڕاستیدا کۆدەبنەوە، کە ئەویش ئەوەیە هێشتا کورد دەوڵەتی خۆی نییە. تا ئەو کاتەی ئەم ڕاستییە نەگۆڕێت، هەر قەیرانێکی نوێ لە ناوچەکەدا جارێکی دیکە ئەو پرسیارە دەخاتەوە بەردەممان، ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبووایە، ئایا ئەمڕۆ تەنیا هەڵوێستی دیپلۆماسیی و داواکاریی مافی دەستووری دەبوو، یان وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە لەسەر مێزی بڕیاردان دادەنیشت و بڕیاری دەدا؟