سهرهتا وتار کابینەی نۆیەمی حکوومەت و ئاڵنگاری و دەستکەوتەکان
جەلال محەمەد سەبری
لەو کاتەی کابینەی نۆیەمی حکومەت دەستبەکار بووە، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە و ئاڵۆزیی زۆر بووەتەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەدا، کە ئامانجیان ڕێگری کردن بووە لە پڕۆژە چاکسازییەکانی. بەڵام ویستی سیاسی، کاری بەردەوام و ئەو دیدگایەی کە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکانە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بوونەتە هۆی تێپەڕاندنی زۆرێک لەو کۆسپانە و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو ئەنجامانەی لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەدی هاتوون.
لەسەر ئاستی ناوخۆدا، حکوومەت میراتێکی قورسی بۆ مابوویەوە، کە دیارترینیان دابەشبوونی سیاسی و جیاوازیی دیدگاکانی نێوان هەردوو حیزبە سەرەکییەکە، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هەرێم و پێکهێنانی حکوومەت، جگە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە بۆ چەندین ساڵە بووەتە ڕێگر لەبەردەم چاکسازیی کارگێڕی و داراییدا.
هەروەها قەیرانی مووچە یەکێک بوو لە سەختترین ئاڵنگارییەکان، دوای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، وەک کارتێکی گوشاری سیاسی لە ڕێگەی دواخستن یان ڕاگرتنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەکاری هێنا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی فەرمانبەران و هاوڵاتیاندا هەبوو. لەولاشەوە، حکوومەت ڕووبەڕووی قەرزە کەڵەکەبووەکانی بەڵێندەران، وەبەرهێنەران و فەرمانبەران بووەتەوە، لەگەڵ لێکەوتەکانی بڕینی پشکی هەرێم لە بودجەدا، کە بووە هۆی پەکخستنی زۆرێک لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان.
ئاڵنگارییەکان لێرەدا نەوەستان، بەڵکو قەیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس هات، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ئابووری هەرێم و سەرچاوە داراییەکانی گەیاند. هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەبارەت بە بادەگە دەستوورییەکان بەردەوام بوون، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش، وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر هەرێم بەکار هێنران، لە پاڵ ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، سیستەمی (ئاسیکۆدا)، پێناسەی گومرگی، گواستنەوەی خاڵە گومرگییەکان و بێبەشکردنی بازرگانانی هەرێم لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلار هاوشێوەی بازرگانانی دیکە لە عێراقدا، کە ئەمەش ئاڵنگاری ئابووریی زیاتری دروست کرد.
لەسەر ئاستی تەناهیشدا، هەرێم بەرەوڕوی زنجیرەیەک هێرشی هاژەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە، کە دواترینیان هێرشەکانی شەوی 15-16ی تەمموزی 2026 بوون، کە بوونە هۆی شەهید و برینداربوونی خەڵکی بێتاوان، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و کەشوهەوای وەبەرهێناندا.
سەرەڕای ئەم بارودۆخانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانی چەندین دەستکەوت بەدەست بهێنێت. سەرکەوتوو بوو لە کەمکردنەوەی قەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکان، زیادکردنی بەرچاوی داهاتە نانەوتییەکان، دەست پێکردنی پڕۆژەکانی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان، کە لە سەرووی هەموویانەوە پڕۆژەی (هەژماری من)ـە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ڕووناکی)، کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە.
هەروەها حکوومەت کاری بۆ دابەشکردنی مووچە بەپێی توانا بەردەستەکان، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کرد، لەگەڵ بەهێزکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هاندانی وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، گەشتیاری و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ تێکەڵکردنی گەنجان لە بازاڕی کاردا، جگە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرفراوان لە ژێرخاندا، کە شار، شارۆچکە و شارەدێیەکانی گرتەوە.
لەسەر ئاستی سیاسیدا، حکوومەت هەوڵی دا، بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لە بادەگە هەڵپەسێردراوەکان، هاوبەشییەکی سەقامگیرتر لەگەڵ بەغدا بنیات بنێت، هاوتەریب لەگەڵ گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا و ئێران، لەگەڵ پاراستنی بێلایەنی هەرێم و دوورخستنەوەی لە ململانێ هەرێمایەتییەکاندا.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی، لە ماوەی ساڵانی کارکردنیدا، بناغەی نوێی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان دانا، کە لەسەر چاکسازی، تیواری و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرپا بووە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە دارایی، ئابووری, سیاسی و تەناهییانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ئەوەی لەم خولەی حکوومەتدا بەدی هاتووە، ئەوە دووپات دەکاتەوە، سەقامگیری بە ڕێکەوت نایەتە دی، بەڵکو بەرهەمی دیدگایەکی دووربین، بەڕێوەبردنێکی هۆشیارانە و کارێکی بەردەوامە، کە بەرژەوەندی هاووڵاتی دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە.
هەرچەندە ڕێگەکە هێشتا درێژە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی بەدی هاتوون، هەنگاوێکی گرنگن بەرەو هەرێمێکی سەقامگیرتر و بەتواناتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو، دووپاتیشی دەکەنەوە، ویستی سیاسیی کاتێک لەگەڵ پلان دا کار دەبێت، دەتوانێت قەیرانەکان بۆ دەرفەت و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو بگۆڕێت.