کاتی ئەوە هاتووە هەمووان لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتماندا یەکڕیز بن

3

سیروان عەلی
بێگومان هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی ئاسایی و کاتی نییە، بەڵکو بەرهەمی خەبات، قوربانیدان، خوێنی هەزاران شەهید و ماندووبوونی نەوەیەکە لە گەلی کورد. ئەم قەوارەیە لە قۆناغە سەختەکانی مێژوودا دروست بووە و پاراستنی بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگایە، نەک بابەتێک بۆ ناکۆکی و ململانێی حیزبی.

لە سەردەمێکدا کە بەشێکی زۆری هاوبەشانی نێودەوڵەتی، ئەمریکا، وڵاتانی ناوچەکە و حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش لە مامەڵە و پەیوەندییەکانیاندا هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و یەکگرتوو دەبینن، جێی پرسیارە کە کەمینەیەک هەوڵ دەدەن کە بنەماکانی ئەم یەکگرتووییە بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەمە جێی تێڕامانە، چونکە پاراستنی قەوارەی هەرێم نابێت ببێتە قوربانیی ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندیی تەسکی هیچ لایەنێک. ڕەتکردنەوەی هەر هەنگاوێک کە قەوارەی هەرێم بخاتە مەترسییەوە، لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و یەکپارچەیی کوردستاندایە. سلێمانی و هەڵەبجە بەشێکی دانەبڕاون لە جەستەی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانیدانیان بەشێکی گەورەی ناسنامەی نیشتمانیی ئێمەیە. نابێت هیچ هێزێک ئەم شارانە بکاتە ئامرازی فشار و ناکۆکیی سیاسیی.

ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان شایانی وەستان و لێکدانەوەیە. پارتی، بە مێژووییەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان و بەشداریی لە دامەزراندن و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان، یەکێکە لە ستوونە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان. ئەم مێژووە تەنها پەیوەست بە ڕابردوو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکە بۆ پاراستنی ئێستا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی ئارامتر و پێشکەوتووتر.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەین کە کوردستان موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە؛ کوردستان ماڵی هەموو کوردە. پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مێژووی خەبات و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم، دەتوانێت بەردەوام بێت لە ڕۆڵی خۆی، بەڵام ئەم ئەرکە پێویستی بە هاوکاری و هاوبەشیی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە.

کوردستان یەکە، قەوارەکەی هێڵی سووری نیشتمانە و هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی نابێت لە سەرووی بەرژەوەندیی کوردستانەوە بێت. ئێستا کاتی یەکڕیزییە، کاتی پێکهێنانی حکومەتە و کاتی خزمەتکردنە؛ نەک کاتی دابەشکردن و لاوازکردنی ئەو قەوارەیەی بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل دروست بووە.