سهرهتا چاوپێكهوتن قەزای پشدەر.. بەمەبەستی هێنانی قارچك خەڵکێکی زۆر سەردانی دەشت و دۆڵەکان دەکەن
خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:- خاکی کوردستان سەرەڕای بە پیتی و بەرەکەتی خاکەکەی، هەم لە هەبوونی چەندین سەرچاوەی سروشتی و کانزایی و بەرهەمە خۆراکیەکان، ئەو زمان و ئاخاوتنی میللەتەکەشی خاوەنی هەزاران وشە و دیالێکت و زاراوەی جۆراو جۆرە، واتا ئەم نیشتمانە جوانە سەرەڕای دەوڵەمەندی خاکەکەی؛ ئەوا زمانەکەشی لە خۆی دەوڵەمەندترە.
بۆ نموونە وشەی کارگ، لە هەر ناوچە و دەڤەرێک ناوێکی تایبەتی خۆی هەیە، لە پشدەر و بیتوێن و مەرگە و موکریان پێیدەگوترێت: کارگ. لە ناوچەی هەولێر و دەوروبەری خەڵکی پێیدەڵێن: کوارگ. لە دەڤەری بادینان پێیدەڵێن: کڤارگ، هەروەها لە ناوچەکانی باكووری کوردستانیش، هەندێک لە خەڵکی پێیدەڵێن: کمیک.
ئەم بەرهەمە سەرەڕای خۆشی و چێژ و تامەکەی، ئەوا سوودە تەندروستیەکانیشی هەر لە باسکردن نایەن، خۆشبەختانە پایزی ئەمساڵیش بەرهەمی کارگ زۆر زۆرە و هاووڵاتیان بچنە هەر گرد و بان و شاخ و دەشتێک، ئەوا بەشی خۆی بەڵکو بە زیادیشەوە کارگ دێنێتەوە بۆ ماڵ، بە تایبەتیش لە دەڤەری پشدەر، کە ئەمساڵ ئەو بەربوومە خۆڕسکە تەواوی خاکەکەی تەنیوە، کە ئەمەش بووەتە سەرچاوەی ڕزق و بەرەکەت بۆ خەڵک و دانیشتووانەکەی. وەکو خۆیان گوتیان: بەشی خواردنیش و هەڵگرتنیش و فرۆشتنیش دەکات.
عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ئیبڕاهیم کە هاووڵاتیەکی دەڤەری پشدەرە و خەڵکی گوندی مڕەیە لە سنووری ناحیەی هێرۆ بە خەباتی گوت: لەمساڵدا بەربوومی کارگ بە شێوەیەکی بەرچاو گرد و تەپۆلکەکانی گوندی ئێمەی تەنیوە و ئێمەش خۆشبەختانە هەم چێژ و هەمیش سوودێکی زۆرمان لێ بینیوە، هەر له گەڕان بە دوای دا، تا دۆزینەوە و دواتر هەڵکەندن و خواردنی، ئەگەر ڕاستیتان دەوێت: زۆریشمان لێ زەرد کردوون و لە نێو ساردکەرەوەدا هەڵمان گرتوون بۆ هاوین، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆریشمان لێ فرۆشتوون، بۆ نمونە دوو ڕۆژ پێش ئێستا توانیم ۱٨ کیلۆ کارگ هەڵکەنم و لە بازاڕدا کیلۆی بە ۳ هەزار فرۆشتم، سوپاش بۆ خوا بە هۆی جوانی و خاوێنیەکەی، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەموویم فرۆشت.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەکەشماندا، عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، دەربارەی جۆرەکانی کارگ و سوود و زیان و باشی و ژەهراویەکەشی، ناوبراو بە خەباتی گوت: کارگی پایزی چەند جۆرێکی هەیە، بۆ نمونە کارگی بەرسوولکە یان بەرسوورکە، کە بەخۆشترین و بە تامترین جۆریان دادەنرێت، لە گوندەکەی ئێمە زۆری لێیە و هەم بە سوودە و هەم بە چێژە و هەمیش بێ زیانە.
دووەم جۆریشیان کارگی بن پۆڕە، کە ئەو جۆرەشیان زۆر بە چێژ و سوودبەخشە و بە زۆری لە نێو بەفر و ناوچە ساردو کوێستانیەکان درووست دەبێت، بەڵام لە گوندی ئێمە کەمە و هەمیشەش لە نێو گیای پۆڕدا دەبێتێ.
جۆری سێیەمیشیان کارگە چەورەیە، یان لیقە، ئەمەیان بە زۆری لە نێو پەرێز و گەنمدا درووست دەبێت، بهڵام تامی زۆر خۆش نییە وەکو کارگی بەرسوولکە و کارگی بن پۆڕێ، بۆیە خواستێکی کەم لەسەر ئەم جۆرە کوارگە هەیە.
جۆری چوارەم و کۆتاییش، کارگی بن بیانە، یان کارگی بن دارە بی، ئەو جۆرەیان ژەهراویە و پێویستە هاووڵاتیان خۆیانی لێ بپارێزن، بە داخەوە ساڵانە گوێ بیست دەبین کە دەیان کەس بەهۆی خواردنی ئەم جۆرە کارگە، تووشی حاڵەتی تێکچوونی باری و تەندروستی دەبن و زۆربەشیان ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
لە ڕاستیدا تەنیا ئەو چوار جۆرە لە کوردستاندا بەر بڵاوە، بەڵام دەتوانێن بڵێین لە کارگە و خانووە پلاستیکییەکانیش کوارگ بەرهەم دێت، کە زۆربەی لە جۆری یەکەمە و پەرەی پێدەدرێت، واتا کوارگی بەرسوولکەیە و خۆشبەختانە هەر ئەو جۆرەشە لە گوندەکەی ئێمە زۆر بەر بڵاوە.
شایانی باسە سوودەکانی کارگ لە لایەن زۆربەی زانایان و شارەزایانی بوواری خۆراک، بە دەرمانی خاوێنی پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ ناسراوە، بەو پێیەی ڕیژەیەکی زۆر ڤیتامین (D) تێدایەو، ھەروەھا کارگ چەندین جۆری جیاوازی ھەیە، گرنگترین سوودەکانی ئەمانەن:
١- کارگ یان کوارگ دژی تووشبوونە بە نەخۆشیەکانی وەکو شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی مەمک.
٢- هەروەها بە ڕێژەی (٨٥٪) ئاوی تێدایە، کە ڕێگرە لە ووشک بوونەوەی پێست.
٣- دەوڵەمەندە بە ماددەی ئاسن.
٤- دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئازارەکانی سەر ئێشە.
٥- ڕێگری دەکات لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
٦- سوودی ھەیە بۆ دابەزاندنی کێش.