سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر عەدنان کەریم لە ڕۆژئاوای کوردستان گوێگرانی هێنایە جۆش و خڕۆشەوە

عەدنان کەریم لە ڕۆژئاوای کوردستان گوێگرانی هێنایە جۆش و خڕۆشەوە

5

خەبات: جەبار حەلاق:- هونەرمەند عەدنان کەریم سەردان ڕۆژئاوای کوردستانی کرد. بەمەبەستی بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی نێودەوەڵەتی فلیمی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، ئەویش وەك میوان بانگهێشت کرابوو. عەدنان کەریم، لەپاڵ بەشداریکردنی لەم فیستیڤاڵەدا بەهۆی هەبوونی گوێگر و داواکاری هەوادارانی لە ڕۆژئاوا، چەند بەرهەمێکی هونەری پێشکەشکرد.

بۆ ئەوەش هونەرمەند. عەدنان کەریم، لە لێدوانێكیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دڵخۆشی خۆی دەبڕی بەرامبەر بەو پێشوازییەی لێکراوە و هیوای خواست بتوانێت لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش کۆنسێرت ئەنجام بدات وەك چۆن لەزۆربەی شارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و زۆرێك لە وڵاتانی دونیا کۆنسێرتی ئەنجامداوە.

هەروەها گوتیشی: هیوا خوازم ڕۆژێك بێت بتوانم لە ئامەدی باکووری کوردستانیش کۆنسێرت ئەنجام بدەم.
هەروەها گوتیشی: قامیشلۆ بۆ من تایبەت بوو، ئەو جەماوەرەی بەجلوبەرگی کوردییەوە بینیم بۆ من مایەی دڵخۆشی بوو، دڵخۆشم بەوەی کە دەبینم پارێزگاری لە کولتوور و زمانی شیرینی کوردی دەکەن، ئەوەی زیاتر لەبینینی ئەو جەماوەرە دڵخۆشی کردم ئەوەبوو خۆیان گۆرانییەکانیان بە هەستێکی جوانەوە دەگوتەوە و ڕێگەیان نەدەدا خۆم گۆرانییەکان تەواو بڵێمەوە، ئەوە هەستێکی خۆش بوو بۆمن، هەستم بەوە کرد جەماوەری ئەوێ تێنوی کۆنسێرت و کاری هونەرین، هەروەها ئەو مامۆستا میوزیکیانەی لەگەڵ من بەشداربوون دڵخۆشبوون، دەتوانم بڵێم ئەو کۆنسێرتە بۆ من ڕۆژێکی مێژوویی جوان بوو.

هونەرمەند عەدنان کەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد یەکەمجارە بەکارێکی هونەری لەم شێوەیە لە شاری قامیشلۆ ئامادە دەبێت، گوتیشی: ئومێدەوارم بتوانم لەشاری ئامەدی باکووری کوردستانیش کۆنسێرتێک لەناو هۆڵ ئەنجام بدەم.

جێگەی باسە هەر لەو فیستیڤاڵەدا هونەرمەند عەدنان کەریم، چەند گۆرانییەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد، بەڵام لەبەر بچووکی و شوێنی هۆڵەکە زۆرێك لە ئامادەبووان نەیانتوانی لەناو هۆڵەكە ئامادەبن، بۆیە لە ڕێگەی شاشەیەکی گەورە لە دەرەوەی هۆڵەکە سەیری دیمەنی فیستیڤاڵەکەیان دەکرد.