سهرهتا وتار یەکڕیزیی کورد؛ بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی نەتەوەیییە
ڕەمزی میرەکانی
لە مێژووی گەلی کورد دا، قۆناغ و ڕووداوی زۆر هەبوون کە ئەم گەلەیان خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی وەکو شۆڕش، ئەنفال، کیمیاباران و ئاوارەیییەوە تا دەگاتە ململانێی سیاسیی و دابەشبوونی جوگرافی. بەڵام یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی کورد لە درێژایی مێژوودا، نەبوونی یەکڕیزی و هاوئاهەنگییەکی نەتەوەیی بووە. ئەمڕۆش کە ناوچەکە بە خێرایی بەرەو گۆڕانکارییە سیاسیی و تەناهییەکان هەنگاو دەنێت، گرنگیی یەکپارچەیی و یەکڕیزیی کورد زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەردەکەوێت.
کورد بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەش بووە و هەر بەشێکی بەپێی بارودۆخی سیاسیی و یاساییی خۆی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز دەبێتەوە. ئەم جیاوازییانە نابێت ببنە هۆی دوورکەوتنەوە و ناکۆکی لە نێوان میللەتی کورد دا، بەڵکو پێویستە ببنە هۆی تێگەیشتنێکی فراوانتر لە دۆخی یەکتر.
لە باشووری کوردستانیشدا، ئەمڕۆ نیشانەکانی دابەشبوون و ناکۆکییە سیاسییەکان زیاتر لە جاران نیگەرانکەرن. هەوڵەکانی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆ، نموونەیەکی نوێی ئەم مەترسییەیە. ئەم بابەتە لە کاتێکدا هاتووەتە پێشەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، کێشەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت، کاریگەرییان لەسەر یەکڕیزیی ناوخۆی هەرێم دروست کردووە. بێگومان سلێمانی خاوەنی مێژوویەکی گەورەی سیاسیی، ئەدەبی، ڕۆشنبیری و نەتەوەیییە و ڕۆڵی ئەم شارە لە خەباتی کورددا لە هیچ قۆناغێکدا نادیدە نەگیراوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا چارەسەریی کێشە کارگێڕی، سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی جیاکردنەوە و دروستکردنی قەوارەیەکی نوێوە دەبێت، یان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، پێکهێنانی حکوومەت و گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی هەرێمدا دەبێت؟
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان داواکردنی ماف، چاکسازی و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی قەوارەیەکی سیاسیدا هەیە. خەڵکی سلێمانی و هەموو ناوچەکانی هەرێم مافی ئەوەیان هەیە داوای خزمەتگوزاریی زیاتر و گوزەرانی ژیانێکی باشتر بکەن؛ بەڵام نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی لەتکردنی ئەو قەوارەیەی کە بە قوربانی، ماندووبوون و خوێنی هەزاران نەوەی کورد بەدەست هاتووە.
لە قۆناغی ئێستادا، گۆڕانکارییەکانی سووریا، عێراق، تورکیا و ئێران و ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر داهاتووی کورد هەبێت. لەبەر ئەوە، کورد پێویستی بە یەکدەنگی و ستراتیژییەکی نەتەوەیی هەیە، نەک لە کاتێکی وا هەستیاردا خەریکی ناکۆکییە ناوخۆیییەکان بێت و هەوڵی دوولەتكردنی خۆی بدات.
یەکڕیزی بە مانای ئەوە نییە کە هەموو حیزب و لایەنەکان هەمان بیر و بۆچوونیان هەبێت، بەڵکو مانای ئەوەیە لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکان ڕێک بکەون و جیاوازییەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. بەرپرسیارێتیی سەرەکی لەم ڕووەوە دەکەوێتە سەر شانی حیزبەکان، ڕێبەرانی سیاسیی، ڕۆشنبیران، کەسایەتییە نەتەوەیییەکان و هەموو خەڵک.
کورد دەتوانێت لەسەر زۆر بابەت جیاواز بێت، بەڵام لە پاراستنی ناسنامە، زمان، کولتوور، ماف و داهاتووی خۆیدا دەبێت یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، دروستکردنی سنووری نوێ نییە لە نێوان خۆماندا، بەڵکو دروستکردنی پردی متمانە و هاوکارییە لە نێوان هەموو بەشەکانی کوردستاندا.
مێژوو فێری کردووین کە دابەشبوونی کورد هەمیشە بوارێکی زیاتری بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕەخساندووە. بۆیە دەبێت ئەم جارە پەند لە مێژوو وەربگرین؛ چونکە سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک و هەموو ناوچەکانی کوردستان، بەشەکانی جەستەیەکی نەتەوەیین. ئازاری هەر بەشێکیان ئازاری هەمووانە و پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەییش بەرپرسیارێتیی هەموومانە. بژی کورد، بژی کوردستان.