نادر ڕوستی
بابەتی گۆڕانی دیمۆگرافی و کەلتووری لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، کە هەندێک جار بە «بەعەرەبکردن» ناودەبرێت، یەکێکە لە پرسە هەستیار و گرنگەکانی ئەم دواییە، بەڵام پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان «تەعریب»ی سیاسی، کە لە ڕابردوودا بە زەبری هێزەوە بۆ سڕینەوەی نەتەوەیەک لەلایەن حکومەتەکانەوە دەکرا، لەگەڵ ئەم جۆرەی ئێستا کە زیاتر گۆڕانکارییەکی ئابووری و سەرمایەدارییە و لە ڕێگەی کەرتی نیشتەجێبوون و گەشتیاری بەهۆى کڕین و فرۆشتنی موڵک و بردنى دەستى کارى هاووڵاتیان لە لایەن کەسانى بیانى بەتایبەت عەرەب ڕوودەدات. بە پێویستى دەزانین، کە لەم بابەتدا بەوردی مەترسی و چارەسەریەكان بخەینە ڕوو:
پرۆسەی بەعەرەبکردن چۆن ڕوودەدات؟
کڕینی زەوی و موڵک: سەرمایەداران و کەسانی دەوڵەمەندی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەهۆی ئارامی و خۆشیی کەشوهەوای کوردستان، پارەیەکی زۆر دەخەنە بازاڕەوە، تاکو (زەوی، ڤێلا، کابینە، چێشتخانە، میوانخانە و پڕۆژەی گەشتیاری) بە نرخێکی بەرز بکڕن. دانیشتووانی ناوچەکەش (کورد) بەهۆی قازانجی کاتی یان خراپیی باری ئابوورییانەوە موڵکەکانیان دەفرۆشن.
گۆڕینی زمانی بازاڕ و مامەڵە: بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ڕەهای گەشتیارانی هەرێمی كوردستان عەرەبن (80% زیاتر)، خاوەنکارەکان و کرێکارەکان بۆ ڕاکێشانی کڕیار، زمانی عەرەبی دەکەنە زمانی سەرەکی، بەمەش تابلۆی شوێنەکان، مێنیوی خواردنگەکان، تەنانەت ناوی هاوینەهەوارەکانیش شێواز و ڕووێكی عەرەبی وەردەگرن.
گۆڕانی شێوازی خزمەتگوزاری:
بۆ گونجان لەگەڵ خواست و زەوقی گەشتیارەکان، وردە وردە خواردنی کوردەواری، مۆسیقای کوردی و جلوبەرگ و زمان و ڕوخسار و دیمەنی ناوچەکە بۆ ستایلێک دەگۆڕدرێت، کە گەشتیارەکە پێی ئاشنایە.
پڕۆسەكە تا چەند مەترسیدارە؟
ئەم دیاردەیە ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت، مەترسیی گەورەی لەسەر چەند ئاستێک هەیە:
مەترسیی خاوەندارێتی و ئابووری: کاتێک سەرمایەداری دەرەکی دەبێتە خاوەنی زۆرینەی پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێم، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە (کورد) وردە وردە لە خاوەنکار و خاوەن موڵکەوە لەلای ئەو سەرمایەدارانە دەبنە «کرێکار» ، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی لەو ناوچانە وادەکات گەنجی کورد نەتوانێت لە ناوچەکەی خۆی موڵک بکڕێت، بە پێچاوانەوە عەرەبە سەرمایەدارەکان لەو شوێنە گەشتیاریانە مولک دەکڕن.
مەترسیی کەلتووری یان سڕینەوەی شووناس: ئەگەر ناوچەیەکی گەشتیاریی کوردی، مۆسیقاکەی، زمانەکەی و خواردنەکەی ببێتە عەرەبی، ئیتر ئەو شوێنە تایبەتمەندیی کوردستانیبوونی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆپییەکی شارەکانی دیكه‌ عێراق.
مەترسیی دیمۆگرافی: کڕینى مولک و شوینى گەشتیارى دەبێتە هۆکار بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی عەرەب لەو پرۆژە گەشتیارییانە، کە لە داهاتوویەکی دووردا کاریگەری لەسەر پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکان دەبێت.
چۆن ڕێگری بکرێت و مەترسییەکان کەم بکرێنەوە؟
ڕێگریکردن مانای ئەوە نییە گەشتیار نەهێنرێت، چونکە گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوورییە، بەڵکو مەبەست ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی هاتنی گەشتیاری عەرەبە، بەو هۆیەی كە بە كۆمەڵ دێن، هەروەها سەرمایەدارەكانیان شوێنە گەشتیارییەكان دەكڕن و دەیكەن بە مولك و دەبنە خاوەن كار، بۆ ڕێگری كرد دەتوانرێت ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:
1 -ڕێکاری یاسایی سەبارەت بە خاوەندارێتی
حکومەت و پەرلەمان پێویستە یاسایەک دەر بکەن، کە ڕێگری لە تاپۆکردن وفرۆشتنی یەکجاری بەو کەسانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نین لە ناوچە گەشتیارییەكان بکات، یاخود دەتوانرێت سیستەمی موساتەحە یان بەکرێدانی كورت خایەن پەیڕەو بکرێت، بۆ نموونە 3 بۆ 5 ساڵ بێت، بەم شێوەیە سەرمایەگوزارییەکە دەکرێت، بەڵام سەرەنجام زەوی و موڵکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەست خاوەنە کوردەکەی یان حکومەتی هەرێم.
زیادکردنی باج لەسەر ئەو موڵکانەی کە لەلایەن کەسانی دەرەوەی هەرێمەوە دەکرێن، کە بە جۆرێک بێت نەتوانن بکڕن.
سەپاندنی ڕەسەنایەتی
لە هەموو جیهاندا گەشتیاری پشت بە جیاوازیی کەلتووری دەبەستێت، بۆیە پێویستە دەستەی گەشتوگوزار مەرج بەسەر شوێنەکاندا بسەپێنێت، کە بەشى زۆرى مۆسیقای کوردی بێت.
هەروەها (تابلۆی دوکان، ڕێنماییەکان و مێنیوی چێشتخانەکان) دەبێت بە پلەی یەکەم بە زمانی کوردی بێت و دواتر بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بێت.
هاندانی فرۆشتنی بەرهەمی ناوخۆیی، خواردنی کوردەواری و جلوبەرگی ڕەسەن. پێویستە گەشتیارەکە هەست بکات هاتووەتە ناوچەیەکی جیاواز، نەک هەمان کەلتووری خۆی ببینێتەوە، یان کەلتوورى نەتەوەیەکى تر لەو شوێنە زاڵ بێت.
هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پاڵپشتیی ئابووری
زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە پڕۆژەکانیان یان زەوییەکانیان دەفرۆشن، بۆ ڕێگرى کردن لە فرۆشتن، پێویستە حکومەت قەرزی درێژخایەن بداتە خەڵکی ناوچە گەشتیارییەکان (وەک گوندەکانی چۆمان، سۆران، ڕواندز، ئامێدی، دوکان و هتد) بۆ ئەوەی خۆیان کابینە و شوێنی گەشتیاری دروست بکەن و تەنها بەکرێی بدەن، نەک بیفرۆشن.
هەڵمەتی هۆشیاریی نیشتمانی بۆ خەڵک بکرێت کە فرۆشتنی زەویی باوباپیرانیان تەنها قازانجێکی کورتخایەنە و لە درێژخایەندا دەبنە بێگانە لەسەر خاکی خۆیان.
دیاریکردنی پشکی کارمەندان
دەرکردنی ڕێنماییەک کە هەموو پڕۆژە و شوێنێکی گەشتیاری پابەند بکات بەوەی کە لانیکەم (70% بۆ 80%)ی کارمەندەکانیان دەبێت خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە بن.
ئەمە وا دەکات خەڵکی گوندەکان لە گوندەکانیان بمێننەوە و زمانی کوردی و مامەڵەی کوردەواری لە شوێنەکاندا زاڵ بێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم: بوونی گەشتیاری عەرەبى عێراق بە ڕێژەیەکى سنووردار، مەترسی نییە و سەرچاوەی داهاتە، بەڵام نەبوونی یاسا بۆ پاراستنی موڵکداری و پاراستنی کەلتوور لە ناوچە گەشتیارییەکان مەترسییە گەورەکەیە. ئەگەر بە یاسا خاوەندارێتی لەناو کورد بهێڵرێتەوە و تەنها سودی ئابووری لە گەشتیار وەربگیرێت لەژێر سایەی کەلتوورێکی زاڵی کوردیدا، ئەوا پرۆسەکە لە قازانجی کوردستان دەبێت و مەترسییەکانی نامێنێت، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین (ئەو گەشتیارە عەرەبەى ساڵانى ڕابردوو وەک گەشتیار دەهاتە ناو هەرێمى کوردستان و پارەى خەرج دەکرد، دواتر کە مولک دەکڕێت، تایبەتمەندى گەشتیارى لە دەست دەدات و هیچى تر پارە ناهێنێت بۆ هەرێم، بەڵکو پارەى هەرێم و خاکى هەرێم و ناسنامەى نەتەوەیمان دەبات و دواتر دەبێتە خاوەن ماڵ و ئێمەش دەبینە میوان).