خەبات – سەید فاتیح بەرزنجی
یەکەی ڕاوێژکاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، تاکە سەنتەرە لە کوردستان کە لە ماوەی چەند مانگێکدا توانیویەتی ژمارەیەک کار و چالاکیی بەهێز لە پێناو وشیارکردنەوە و دوورکەوتنەوەی گەنجان، بە تایبەت لە شاری هەولێر، پێشکەش بکات. ئەم یەکە ڕاوێژکارییە لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دامەزراوە و لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کار دەکات، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٦ بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە کارکردن کردووە بۆ وەرگرتنی نەخۆش. لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات، زیرەک ئەسکەندەر گەڵاڵی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکەکە، وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو.
یەکەیەکی کاریگەر بۆ وشیارکردنەوەی گەنجان
زیرەک ئەسکەندەر گەڵاڵی ڕوونی کردەوە: لە ڕێگەی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و پزیشکی شارەزای گشتییەوە، ڕۆژانە چارەسەر بۆ هەموو ئەو گەنجانە دەکەین کە سەردانمان دەکەن. پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بەپێی خشتەی دیاریکراوی خۆی دەوام دەکات بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی دێنە لایان، و پزیشکی شارەزای گشتیش لەو کاتانەی لە سەنتەرەکەدا ئامادەیە خەریکی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانە. هەروەها چارەسەرکاری دەروونیشمان هەیە کە لە کاتی دیاریکراودا لە هەفتەیەکدا بۆ دیداری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دادەنیشێت.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەم یەکەیە وەک شوێنێکی گرنگ و ستراتیژی، جگە لە چارەسەرکردن، وەک پێگەیەکی تەندروستی و ڕۆشنبیری وایە بۆ هەموو ئەو گەنجانەی ڕووی تێدەکەن. بووەتە ماڵێکی گەورە کە وشیاری و چارەسەری پێویستیان پێ دەدات تا لە ماددەی هۆشبەر نزیک نەبنەوە؛ تەنانەت ئەوانەشی کە ماددەی هۆشبەر بەکارده‌هێنن، لەم یەکەیەدا جگە لە وەرگرتنی چارەسەر، وایان لێ دەکرێت کە چیتر بیریان بۆ ماددەی هۆشبەر نەچێت.
پاراستنی نهێنی و پەیوەندی لەگەڵ دادگا
بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکەکە گوتیشی: ڕۆژانە لە ڕێگەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێرەوە بە فەرمانی دادوەر کەیسمان بۆ دێت، ئێمەش بەباشترین شێوە کاریان لەسەر دەکەین. ئەم یەکەیە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کۆنتڕۆڵ کراوە؛ ئەوانەی دێنە لامان یەکەمجار دەچنە بەشی تۆمار، لەوێ ناویان تۆمار دەکرێت و زانیارییەکانیان بەوردی لێ وەردەگیرێت. دڵنیاشیان دەکەینەوە کە ناو و نیشانیان پارێزراوە. هاوكات دوو ژمارەی تەلەفۆن (هی خۆیان و ئەندامێکی خێزانەکەیان) وەردەگیرێت، چونکە هەموو سەردانکەرێک دەبێت ئەندامێکی خێزانەکەی لەگەڵدا بێت.
زیاتر ڕوونی کردەوە: ئەو کەسانەی دێنە لامان هەندێک جار لەوە دەترسن کە بگیرێن، بەڵام ئەم شوێنە سەنتەرێکی تەندروستییە و لە پێناو بەرژەوەندی و وشیارکردنەوەی ئەواندایە. ئێمە وەک تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین، بەڵکو وەک ئەندامێکی خێزانی خۆمان سەیریان دەکەین؛ ئەوانە قوربانین، تۆمەتبار نین.
سەبارەت بە کەیسەکانی دادگا زیادی کرد: ئەوانەی لە دادگاوە بە نووسراوی فەرمیی دادوەر سەردانمان دەکەن، ئەوانەن کە ماوەی سزای یاسایی خۆیان تەواو کردووە یان بە کەفالەت ئازاد کراون. ئێمە بەردەوام بۆ ماوەیەک چاودێریان دەکەین، دواتر ڕاپۆرتی سەرەتایی تایبەت بە نەخۆشەکە دەبەستینەوە، کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە (پێکهاتوو لە: پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، پزیشکی گشتی، چارەسەرکاری دەروونی و بەڕێوەبەری بنکە) بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئامادە دەکرێت و دەنێردرێتەوە بۆ دادگا. لەو ماوەیەدا نەخۆشەکان چارەسەر وەردەگرن، پشکنینی تەواویان بۆ دەکرێت و کارتێکی تایبەتیان بە زانیاریی وردەوە بۆ دروست دەکرێت. دواتر تەلەفۆن بۆ کەسووکاریان دەکەین و كۆرسیان بۆ ساز دەکەین.
هاوکاریی ئارەزوومەندانە و ئاسانکاریی یاسایی
د. زیرەک گوتی: بەشێک لە ئاڵوودەبووان لە ڕێگەی کەسووکاریانەوە یان بەخۆیان سەردانمان دەکەن بە مەبەستی پاکبوونەوە. ئەم کەسانە بەپێی ماددەی (٣٨) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان (ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٠ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)، لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆوە ناگیرێن و سزا نادڕێن، چونکە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە خۆیان هاتوون، بەمەرجێک پابەند ببن بە وەرگرتنی چارەسەر تا بە تەواوی چاک دەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە، لەم یەکەیەدا هەموو جۆرە چارەسەر و پشکنینێکی تاقیگەییمان هەیە (وەک پشکنینی میز و پشکنینەکانی دیكه‌)، کە تێیاندا هەرچی بەکار هێنرا بێت، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەدیار دەکەوێت. هاوکاری و هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ دادگای هەولێر و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەیە؛ هەرموو جارێک مامۆستایەکی ئایینی بۆ پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمینار و ئامۆژگاری سەردانمان دەکات، چونکە هۆڵێکی مۆدێرن و تازەشمان هەیە.
پێویستی بە فراوانکردن و پشتیوانیی زیاترە
لە کۆتاییدا بەرپرسی کارگێڕیی سەنتەرەکە ڕایگەیاند: ئەم شوێنە تاکە سەنتەرە لە سەرانسەری کوردستان کە لە شاری هەولێر بونیادی هەیە و ڕۆژانە خزمەت دەکات. ئەگەر باڵەخانەکەمان گەورەتر بووایە، خزمەتی زیاترمان پێشکەش دەکرد. ئەگەر وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر زیاتر پشتگیریمان بکەن (هەرچەندە شایەنی دەستخۆشین و زۆریش هاوکارمان بوونە)، دەتوانین خزمەتی زیاتر بە توێژی گەنجان بگەینین. داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی فراوانکردنی سەنتەرەکەمان بۆ بدەن، پزیشک و کارمەندی زیاترمان بۆ دابین بکەن و هەندێک لە کەمەکورتییەکانمان بۆ چارەسەر بکەن.
گوتیشی: ئەگەر سەیری سەنتەری وڵاتان بڕوانین، یەکجار پێشکەوتوون و بە شێوەیەکی مۆدێرن دروستکراون، پێویستە لە کوردستانیش سەنتەری پێشکەوتووتر و گەورەتر هەبێت، چونکە بەشێک لە نەخۆشەکان پێویستیان بە مانەوە هەیە یان خۆیان داوای مانەوە دەکەن. تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی سەردانیان کردووین و چارەسەری پێویستمان بۆ کردوون؛ هەندێک لەو کەیسانە بە تەواوی چاک بوونەتەوە و ئێستا لە ژێر چاودێریی بەردەوامدان.