دیسان، هەرێمی كوردستان

144

محەمەد زەنگەنە
سەرەڕای هەموو ئەو هەڵوێستە ئەرێنییانەی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ئێران و دۆخی ناوچەكە بەگشتی و خۆ بەدوور خستنەوە لەهەر هەڵوێستێكی نابەجێ كە بەبێ ویستی خۆی بۆ رابكێشرێت، بەڵام هێشتا لایەنی ئێرانی نەیتوانیوە قبووڵی ئەو پڕاگماتیزمە بكات كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەبوونە بەشێك لەو قەیران و كێشو قووڵەدا نیشانی داوە.
حكوومەتی هەرێم چەندین جار،ئاماژەی بەوە كرد كە دۆخی ناوچەكە،بەرگەی شەڕ و قەیرانی قووڵ ناگرێت و داوای لە لایەنە ناكۆكەكان كرد، پەنا بۆ دیاڵۆگ و چارەسەریی سیاسی ببەن بۆ نەهێشتنی ئەو گرفتانە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی تەواو بۆ ناوچەكە.
بۆردومانكردنی بەردەوامی هەولێر و سلێمانی،بە چەندین بیانووی نابەجی،هیچ كاتێك خزمەت بە دۆخی ناوچەكە ناگەیەنێت،بەڵكو قووڵتری دەكات، لەولاشەوە، حكوومەتی عێڕاق ناتوانێت هیچ هەڵوێستێكی ئەرێنی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی نیشان بدات و بەوەش، گرفتەكە زیاتر و قووڵتر دەبێت.
بە ئامانجگرتنی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، لە كاتێك دا ئەوان بەبێ هیچ چەكێك لەنێو كامپەكانی خۆیان پابەندبوونی خۆیان بە مەرجەكانی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو حكوومەتی عێڕاق و ئێران نیشان داوە،كە هەرێمی كوردستانیش بەشێك بوو لە دانیشتن و كۆبوونەوەكانی ئەم رێككەوتنە،پێشیلكارییەكی دیار و بەڵگە نەویستی ئەو رێككەوتنەیە، هاوكات پەیامێكیشە بۆ حكوومەتی عێڕاق و بۆ خودی هەرێمی كوردستان، بەوەی ئەوان لەهەر كاتێك دا كە بیانەوێت، دەتوانن هەر خاڵێك بە ئامانج بگرن كە خۆیان بیانەوێ.
ئایا ئێران درك بەو مەترسییە دەكات كە بەهۆی ئەو هەڵوێست و رەفتارانەی تووشی دەبێت،بەو پێیەی ئەوان تەنها كەسانی سڤیڵ و دەزگای حكوومی و سوودبەخش بە هاووڵاتیان و سەروەریی دەوڵەتی عێڕاق دەگەیەنن؟ ئایا نازانێت،كە تەنها لایەن و خاڵی بەهێز كە ئێران بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونە ناكۆكەكان و بوون بە فاكتەری سەقامگیری و چارەسەری، هەرێمی كوردستان و سیاسەتی راست و دروستی هەرێمە بۆ پەیڕەوكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی.
دوایین دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعود پزیشیكیانی سەرۆكی ئێران،چەندین پەیامی ئەرێنی و بەهێزی لێ خوێندرایەوە،بەڵام ئەوەی لەو چەند رۆژەی رابردوودا روویان دا،پێچەوانی هەموو ئەو پێشبینییانە نیشان دەدەن كە لە ئێرانەوە چاوەڕوان دەكرا، ئەمەش لەخۆی دا ئێران دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی دیكە و هیچ بیانووێكی بۆ كردار و رەفتارەكانی ناهێڵیتەوە.
پێویستە ئێران بیر لەوە بكاتەوە،كە ناكرێت هەرێمی كوردستان بخاتە نێو چوارچێوەی ناكۆكییەكانی، ناشكرێت ئەو خاكە بكاتە گۆڕەپانی چارەسەركردنی قەیرانە قووڵەكانی، هاوكات باشیش بزانێت كە عێڕاق و هەرێمی كوردستان،هیچ پەیوەندییەكیان بە ناكۆكی و كێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەكانییەوە نییە و با ئیتر بەس بێت، هەوڵەكانی تۆقاندنی هاووڵاتیانی سڤیڵی بێ گوناه.