گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، 30ـی ئەیلوول قۆناخێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی عێراق بەدەستی دەوڵەت.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەو رۆژە سەروەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا جێگیر دەکات و هەر پاساوێک بۆ جموجووڵ لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کۆتایی پێدێت.

ئاماژەی بەوەش دا، “30ـی ئەیلوول خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژییە لە مێژووی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی، چونکە گواستنەوەیەکی کردەییە بەرەو خۆپشتیوانیی تەواو و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی عێراق بە دەستی نیشتمانی”.

سەباح نوعمان گوتیشی “ئامادەیی و توانای مەیدانیی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ هەمووان سەلماند و سەروەریی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا چەسپا، چونکە هێزە چەکدارەکان بوونەتە تاکە بەرپرسیار لە دیاریکردنی دۆخی سەقامگیری و پاراستنی ئاسمان و خاکی وڵات بەبێ پێویستی بە چەتری بیانی”.

بە گوتەی سەباح نوعمان، چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی کۆڵەکەی هێز و بنەمای یاسایی و مەیدانییە کە دەزگا ئەمنییەکان پشتی پێ دەبەستن. کاتێک فەرماندەیی نیشتمانی تاکە سەرچاوەی بڕیاری ئەمنی بێت، هەر پاساوێک بۆ جموجووڵ لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نامێنێت.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان گوتی: ئەم پەرەسەندنە سەروەرییە شەرعییەت و پشتیوانییەکی جەماوەریی پتەو بە دامەزراوە ئەمنییەکان دەبەخشێت بۆ بەدواداچوونی تاوان، چەککردنی لایەنە نافەرمییەکان و جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان بە پێوەرێکی یەکسان بۆ هەمووان، کە هاووڵاتی دەپارێزێت و مافەکانی مسۆگەر دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی روونیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بەشدارییان کردووە لە گۆڕینی چەمکی دەسەڵاتی دەوڵەت لە دروشمەوە بۆ راستییەکی مەیدانیی بەرجەستە.

دەزگا ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی سنوورە فیدراڵییەکان، لەناوبردنی پێگەکانی تیرۆر، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو و بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییە ئاڵۆزەکان لە هەموو پارێزگاکان، لەوانەش ئەو ناوچانەی جێگەی بایەخی هاوبەشن.

لە کۆتاییدا، سەباح نوعمان جەختیکردەوە: ئاستی پیشەییی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەلماندی کە هێزێکی پتەوە بۆ بڕیاری سیاسی و زامنێکی سەرەکییە بۆ یەکێتیی عێراق و سەقامگیریی نەتەوەییەکەی.

هاوکات سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە، ئێستا بەرژەوەندیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، دەشڵێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول، سەروەریی تەواو بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەمووان.