خالد مه‌جید فه‌ره‌ج
دیالەکتیک لە Dialigoی گریکییەوە هاتووە کە دەکاتە موجادەلە و موناقەشە. لە سەردەمە دێرینەکاندا، دیالەکتیک هونەری گەیشتن بووە بە هەقیقەت لەڕێگەی دۆزینەوەی ناسازییە ناوەکییەکان لە موجادەلەکردن لەگەڵ بەرامبەردا و زاڵبوون بەسەر ئەو ناسازییانەدا (تناقض). فەیلەسوفەکانی سەردەمە کۆنەکان باوەڕیان وا بوو کە دۆزینەوەی ناسازییەکان و پێکدادانی ئەفکارە دژبەیەکەکان باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت. ئەم شێوازە دیالەکتیکییە لە فیکردا، دواتر شۆڕبووەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان و پێشکەوت بۆ شێوازی دیالەکتیکی لە تێگەیشتنی سروشتدا؛ ئەو شێوازەیە کە دەڵێت دیاردە سروشتییەکان لە جووڵەی بەردەوامدان و گۆڕانکاری بەردەوامیان بەسەردا دێت. ئەوان پێشکەوتنی سروشت وەک بەرهەمی پێشکەوتنی لە سروشتدا لە ئاکامی کارلێکردنی بەرامبەری لەنێوان هێزە سروشتییە دژبەیەکەکان دێنێتە دی.
هیگڵ کە لەنێوان ساڵەکانی ١٧٧٠-١٨٣١دا ژیاوە، دیالێکتیکەکەی ئەرستۆی پەرە پێدا-کە ناوی هونەری حیوار یان موناقەشە و پشت بە بەڵگە هێنانەوە بوو بۆ پشتیوانیکردن لە ڕایەک لە دژی ڕایەکی دیکەی پێچەوانە—بۆ پەیڕەوێکی شیکاری کە پەنا بۆ کارلێکردن دەبات لەنێوان بیرۆکەکە و پێچەوانەکەیدا و وا دەخوازێت کە یەک بخرێن و گونجاندن لەنێوانیاندا دروست بکرێت، تاوەکوو ئەو ناسازییەی نێوانیان (نفي النفي) «ڕەتکردنەوەی ڕەتکراوە» لە جووڵەیەکی سەروژووردا لە شێوەی پەیژەیەکی لوولەپێچدا کە لە کۆتاییدا دەمانگەیەنێت بە فیکرەی ڕەها یان گشتگیر، تێبپەڕێنن. ئەو، ئەو پەیڕەوە دیالەکتیکییە ئایدیالیستییەی بەسەر سروشت و مێژوودا پیادە کرد.
سروشت یان مادە بەنیسبەت هیگڵەوە تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی ڕووکەشی عەقڵە، نەک هەقیقەتێکی سەربەخۆ. ئەو دەڵێت بەبێ فیکر (ڕۆح)، مادە بوونی نییە، کەواتە فیکر جەوهەری ئینسانە، بەڵام جەستە و دنیای دەرەکی (مادە) تەنیا دەرکەوتە و تەسەوراتێکی دروستکراوی عەقڵی مرۆڤن؛ بۆیە هیگڵ لەسەر فەیلەسووفە میسالییەکان حیساب دەکرێت.
مێژووش بەنیسبەت هیگڵەوە، بە شانۆی ئەو دیالێکتیکە میسالییە دادەنرێت کە لەسەر پێشخستنی ڕۆح بەسەر مادەدا بنیات نراوە و وەک بەرجەستەبوونێکی ئەو وایە لەسەر ئەرزی واقیع، کە هەوڵ دەدات بیهێنێتە ئاستی هۆش وەک جەوهەرێکی خالیس کە بە کردار هەوڵ دەدات پلە بە پلە بە سێ قۆناغ بگاتە سەربەستی؛ هەر قۆناغێکیش لەو قۆناغانە پلەیەکی دیاریکراو پێک دەهێنێت لە پلەکانی:
١- قۆناغی شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی: چینی و هیندی و فارسی و نێوان دوو زێ و فیرعەونی بەوەدا جیا دەکرێنەوە کە هاووڵاتییان هەموو کۆیلەی حاکم بوون، فەرمانەکانی ئەویان جێبەجێ کردووە و تەنیا حاکم سەربەستە.
٢- قۆناغی هەردوو شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی: بەوە ناسراوە کە هەستکردن تێیدا بە سەربەستی فراوان بوو و ئەوان هاووڵاتییانی یۆنان و ڕۆمان بوون، بەڵام باقی نەتەوەکانی دیکە وەک بەربەرییەکان (هەمەجی) سەیر دەکران و دیلەکانیان دەکرد بە کۆیلەی خۆیان.
٣- قۆناغی نەتەوە جەرمانییەکان: ئەوان یەکەمین گەل بوون کە گەیشتنە ئەو هۆشیارییەی کە دەڵێت مرۆڤ لەبەر ئەوەی مرۆڤە کەواتە سەربەستە، و سەربەستییەکانی وەکوو تاک دژ بە بوونی دەوڵەتی قانوون نییە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بزاڤی ڕۆشنگەری ئەورووپای ڕۆژئاوا (فەلسەفەی بۆرجوازی نما کرد و) لە فەلسەفەی هیگڵدا ئاوێنەی داواکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی بوو کە داوای سەربەستی تاکی لە ئامێزی دەوڵەتی قانووندا دەکرد. ئەو لەو ڕووەوە دەڵێت: «دەوڵەت هێزی ئەقڵ و بەجێهێنەری زاتی خۆیەتی» و «ئەو ڕۆحی پێکهێنەری زاتی خۆیەتی» و ئەرکی سەرشانی تاکە کە ببێت بە ئەندام لە دەوڵەتدا.
بەڵام لەلای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دیالەکتیک دەبێت بە مادی، بە ئیعتیبارێکەوە کە مارکس دیالەکتیکی هیگڵی سەربەرەوخوار هەڵگێڕایەوە و ئیدی ئەفکار بوو بە تەنیا ڕەنگدانەوەی جیهانی مادی، کە پشت بە سێ یاسای بنەڕەتی دەبەستێت بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی هۆکار و کارلێکردن کە کۆنترۆڵی گۆڕانکارییەکان لە سروشت و کۆمەڵگەدا دەکەن:
یاسای گۆڕینی چەندێتی بۆ چۆنیەتی: کە ناوەرۆکەکەی گۆڕانی چەندێتییە بۆ گۆڕاوی جۆری.
یاسای یەکگرتن و ململانێی دژەبەرەکان: ناوەرۆکەکەی ئەوەیە هیچ دیاردەیەک نییە دژەکەی خۆی لەناو خۆیدا هەڵنەگرتبێت یان تۆوی فەنای خۆی هەڵنەگرتبێت.
یاسای نفي النفي (ڕەتکردنەوەی ڕەتکراوە): ناوەرۆکەکەی چۆنیەتیی ڕەتکردنەوەی ناسازییەکان و پێشکەوتنە بەرەو ژوور و بەڕێگەیەکی لەولەبی لە شێوەی ئەڵقەی تێکەلهەڵکێشدا.
سروشت (مادە) بەنیسبەت مارکسەوە ڕەگەزی یەکەمی دیاریکردنی وجوودە («بوونە»)؛ لەوەوە ژیان دروست بووە و پێشکەوتووە، فیکر یان (ڕۆح) تەنها دەرهاویشتەی دەماخە کە ئەندامێکی مادی لەشی مرۆڤە، ئەویش واتا جەستەی مرۆڤ تەنێکە لەو تەنانەی کە بەشێکن لەو مادەیەی کەون پێک دەهێنن. مادە لە مرۆڤ کۆنترە بە ئیعتیبارێکەوە کە تەمەنی زەوی لە پێنج ملیار ساڵ زیاترە، لە کاتێکدا کە تەمەنی مرۆڤی عاقڵ لەسەر زەوی لە دووسەد هەزار ساڵ زیاتر تێپەڕ ناکات. مادە بەپێی یاسا دیالەکتیکییەکە پشت بە زانستی تاقیگەری دەبەستێت نەک بە میتافیزیک و جیهانە میسالییەکە، و لە گۆڕانکاری بەردەوامیشدایە.
کاتێک کە مارکس و ئەنگلز باس لە شێوازە دیالەکتیکییەکان دەکەن، عادەتەن ئاماژە بە هیگڵ دەدەن وەک فەیلەسووفێک کە ڕووکارە سەرەکییەکانی دیالەکتیکی ڕۆشن کردووەتەوە یان ڕاستتر پێکهێناوە. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە دیالەکتیکی مارکس و ئەنگلز دەقاوەدەقی دیالەکتیکی هیگڵە؛ لە ڕاستیدا مارکس و ئەنگلز (کرۆکە ماقووڵەکەی) دیالەکتیکی هیگڵییان وەرگرتووە و توێکڵە میسالییە (ئایدیالیستییەکەیان) فڕێ داوە و پێشیان خستووە تاوەکوو بەرگێکی زانستییان بەسەردا پۆشیوە.
مارکس دەڵێت: «شێوازە دیالەکتیکییەکەی من نەک هەر لە دیالەکتیکە هیگڵییەکە جیاوازە، بەڵکوو پێچەوانە ڕاستەوخۆکەشیەتی. هیگڵ پرۆسەی بیرکردنەوە—کە ناوی بیرۆکەی لێ دەنێت—دەکات بە زاتێکی سەربەخۆ، دەڵێت ئەوە خالقی دنیای هەقیقییە، دنیای هەقیقی لەلای ئەوە تەنیا شێوەیەکی دەرەکی بیرۆکەیە (فکرة)، بەڵام لەلای من پێچەوانەیە؛ میسال تەنیا ئەو جیهانە مادییەیە کە دەماخی مرۆڤ عەکسی دەکاتەوە و دەیکات بە شێوەکانی فیکر.»
مارکس و ئەنگلز کاتێک باس لە ماتریالیزمەکەی خۆیان دەکەن، عادەتەن ئاماژە بە ڤیورباخ دەدەن کە فەیلەسووفێک بووە ماتریالیزمی هێناوەتەوە سەر ڕێگای ڕاست. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ماتریالیزمەکەی مارکس و ئەنگلز دەقاوەدەقی ماتریالیزمەکەی ڤیورباخە. لە واقیعدا مارکس و ئەنگلز کرۆکەکەی ناوەوەیان لە ڤیورباخ وەرگرت و پێشیان خست بۆ تیۆرییەکی ماتریالیزمی زانستیی فەلسەفی، و توێکڵە ئایدیالیستییە ئایینییەکەیان لێ داماڵی.
ڕاستە ڤیورباخ لەسەر بناغەیەکی ماتریالیزمی وەستابوو، بەڵام ئیعتیرازی لەسەر ناوی ماتریالیزم هەبوو. ئەنگلز زیاد لە جارێک گوتوویەتی: «ڤیورباخ هەرچەندە بنەمایەکی مادی هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە لە کۆتە ئایدیالیستە (مثالي) تەقلیدییەکە خۆی ڕزگار بکات.»
دیالەکتیک لە ناخی خۆیدا پێچەوانەی ڕاستەوخۆی میتافیزیکە.
لایەنە بنەڕەتییەکانی شێوازی دیالەکتیکی مارکسی ئەمانەن:
أ- بە پێچەوانەی میتافیزیکەوە، دیالەکتیکی سروشت دانانرێت بە کەڵەکەبووی لەخۆوەی شتەکان یان دیاردەکان کە یەکێکیان بەوی تریانەوە نەبەسترابێتەوە یان هەر یەکەیان دابڕاو و جیا بێت لەوانی دیکە، بەڵکوو دادەنرێت بە کیانێکی پێکەوەگرێدراو کە بە هیچ جۆرێک لێک جیا ناکرێنەوە؛ شتەکان لەگەڵ دیاردەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانی پێکەوە بەستراون و هەر یەکەیان بڕیار لەوی دیکەیان دەدات.
ب- بۆیە شێوازی دیالەکتیکی دەڵێت ناتوانین لە دیاردەیەکی سروشتی بگەین ئەگەر تەنیا وەکوو خۆی وەری بگرین و نەیبەستینەوە بە چوار دەورییەوە.
ج- بە پێچەوانەی میتافیزیکەوە، دیالەکتیکی سروشت هەرگیز لە حاڵەتی خامۆشی و بێ بزاوتندا نابینرێت، بەڵکوو لە جووڵە و گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی بەردەوامدایە؛ شتێکی نوێ دروست دەبێت. بۆیە شێوازی دیالەکتیکی بە تەنیا دیراسەتی دیاردەکان لە گۆشەنیگای پەیوەندییە بەرامبەریەکەیان و پشت بەستن بە یەکتریان ناخوازێت، بەڵکوو لە گۆشەنیگای بزاوتنەکەی و گۆڕانی و پێشکەوتن و دروستبوون و نەمانیشییەوە.
ئەنگلز دەڵێت: «سروشت هەمووی لە بچووکترین شتەوە بۆ گەورەترینی، لە دەنگێک لمەوە بۆ خۆر، لە حاڵەتی دروستبوون و فەنابووندا؛ لە حاڵەتی گۆڕانکاری بەردەوامدایە، لە حاڵەتی جووڵە و گۆڕانێکدایە کە وەستانی بۆ نییە.» (ف. ئەنگلز، دیالەکتیکی سروشت).
بە پێچەوانەی میتافیزیکەوە، دیالەکتیک پرۆسەی پێشکەوتن و گەشەسەندن بە پرۆسەیەکی گەشەسەندنی سادە و ساکار دانانێت، کە گۆڕانکارییە چەندێتییەکان نەبێت بە گۆڕانکاری لەڕووی چۆنیەتییەوە؛ بەڵکوو گەشەسەندنێکە لە گۆڕانکاری چەندێتی سادەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی هەستپێکراو.
مارکس دیالەکتیکە ماتریالیزمییەکەی بەسەر کۆمەڵگەدا پیادە کرد،دواتریش بەسەر مێژوودا و ناوی لێ نا «ماتریالیزمی مێژوویی»، کە ژێرخانە مادییەکە (واقیعە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە) لە کارلێککردنی دیالەکتیکییاندا لەگەڵ سەرخانەکەدا (دەربڕینە سیاسی و کولتووری و ئایینییەکەدا) دەخاتە پێشەوە. یەکەمیان—واتا ژێرخان—پێک هاتوو لە هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی کە چینی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دروست دەکات (چەوسێنەر و چەوساوە)، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ موڵکیەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کە ڕەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دەبێت کە بەدەست چینە باڵادەستەکەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت و هەر خۆی ئاراستەی کولتوور دەکات و ئایین بەکار دەهێنێت لەپێناوی بەرژەوەندییەکانیدا و دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەنێوان چینەکاندا.
ئەوەش ململانێکەی نێوان چینەکان لە نەزەری مارکسدا بزوێنەری مێژووە بەرەو پێشەوە بەپێی یاساکانی ماتریالیزمی دیالەکتیکی. هەرچەندە هێزەکانی بەرهەمهێنان گەشە بکەن، بە بڕی ئەوە ناسازییەکان و ململانێکەی لەنێوان ئەوان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە ئەو دەمە لە ئارادایە توندتر دەبێت؛ ململانێکە لەڕووی چەندێتییەوە کەڵەکە دەبێت تا ڕادەی تەقینەوە لە شێوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا کە چینە چەوساوەکان پێی هەڵدەستن، سەرلەبەری کۆمەڵگە بە گواستنەوەیەکی جۆری دەگوازێتەوە بۆ شێوازێکی بەرهەمهێنانی نوێ کە لەوەی پێش خۆی زیاتر عەدالەتی تێدایە. ئەوەش بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دووبارە بووەتەوە.
مارکس توانیویەتی چوار جۆر یان تەرح لە بەرهەمهێنان دەستنیشان بکات کە مرۆڤایەتی لە دەرکەوتنییەوە لەسەر گۆی زەوی تاوەکوو ئێستا پێی ئاشنا بووە:
١- شێوازی بەرهەمهێنانی مشاعی (هاوبەش، واتا کەس موڵکداریەتی نییە) سەرەتایی:
مرۆڤ لە شێوەی کۆمەڵەی بچووکدا لەسەر ڕاوکردن و لێکردنەوەی بەروبوومی ڕووەکەکان دەژیا، هاوکاری و ژیانی هاوبەش و دوور لە جیاوازی کۆمەڵایەتی دیاردەی هەرە دیاری ئەو سەردەمە بوو، پێویست بە دەسەڵاتی سیاسی (دەوڵەت) نەبوو، چونکە بەرهەمهێنان تەنیا بۆ شتە زەروورییەکان بوو. ئەو قۆناغەش سەدان سەدەی خایاند.
٢- شێوازی بەرهەمهێنانی کۆیلایەتی:
لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و دابەشکردنی کار و بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویستدا—کە ڕێگەی بە هەندێک دا بازرگانی پێوە بکەن و قازانجی لێ بکەن—ئەوە وای کرد بتوانن کۆیلەیان هەبێت بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنن بۆ بەرهەمهێنانێکی کشتوکاڵی زیاتر. ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆیلانە ئامرازی سەرەکی بەرهەم بن؛ ئەو کۆیلانە لە چەندین ڕێگەوە دەست دەکەوتن بەتایبەتی جەنگەکان. بەو شێوەیە کۆمەڵگە دابەش بوو بۆ چینێک کۆیلە و چینێک کە خاوەنی کۆیلەن. ئەو شێوازەی بەرهەمهێنان ئیمپراتۆریەتە کۆنەکانی بەرهەم هێنا، هەر ئەوەش بوو کە وای کرد شۆڕشی کۆیلەکان بە سەرکردایەتی سپارتاکۆس تێیدا ڕوو بدات (سەدەی یەکەمی پێش زایین)؛ ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ دەستپێکی داڕمانی لەنێوان سەدەکانی چوار و پێنجی زاییندا.
٣- شێوازی بەرهەمهێنانی دەرەبەگایەتی:
ئەم شێوازە لە سەروبەندی دەرکەوتنی کۆیلەی زەویدا سەری هەڵدا؛ ئەوان واتا کۆیلەکان، هەرچەند هێزی بەرهەمهێنی سەرەکی بوون بەڵام خاوەنی زەوییەکە نەبوون. بووە هۆی سەرهەڵدانی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان لەنێوان میرە دەرەبەگەکان و مەلەکییە ڕەهاکان و کەنیسەدا لە لایەکەوە، و کۆیلەی زەوی و جووتیارە بچووکەکان لە لایەکی دیکەوە. ئەو قۆناغە بەوەدا دەناسرایەوە کە پەیوەندی یاسایی، ئەو کۆیلە و جووتیارە بچووکانەی بە چینی نوبەلاوە دەبەستەوە و ئەو پەیوەندییەش بە میراتی دەگوازرایەوە بۆ کوڕەکانی هەردوو لاکە.
٤- شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری:
لەناو هەناوی سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە لە ئەورووپا لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٥ و سەرەتای سەدەی ١٦دا لە ئاکامی گەشەکردنی پیشەسازییە دەستییەکان و بەتایبەتیش ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەهۆی دۆزینەوە جوگرافییە گەورەکانەوە سەری هەڵدا. لە هەردوو سەدەی ١٧ و ١٨دا لەگەڵ نەشونماکردنی وەرشەکانی پیشەسازییە دەستییەکان چڕ ببووەوە؛ هەروەها شۆڕشەکان لەدژی دەرەبەگ و کەنیسە کە کۆیلەکانی زەوی و جووتیارە بچووکەکان بە دنەدانی بۆرجوازی نەشونماکردووەوە پێی هەستان (وەک شۆڕشی پەرلەمانی ئینگلیزی و فەرەنسی)، دواتر بەهۆی جەنگە فراوانخوازەکانی ناپلیۆنەوە گەشەی سەند بەتایبەتیش لە ئاکامی شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی ١٩دا.
لە سەرەتای سەدەی بیستدا سیستەمی سەرمایەداری چووە قۆناغە باڵاکەیەوە کە سەرمایەداری ئیمپریالیستییە و دەکاتە باڵادەستی سەرمایەدانی بانکی و پیشەسازی بەسەر جیهاندا.
ئەم سیستەمە بەوەدا دەناسرێتەوە کە سەرمایەدارەکان (بۆرجوازییەکان) موڵکداری ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن و کۆیلەی زەوی و جووتیارەکان بوون بە پرۆلیتاریا (کرێکار)، یان هێزی بەرهەمهێنانی تایبەت بە کارگە گەورەکان بەرامبەر بە کرێیەکی زۆر کەم کە ناگونجێت لەگەڵ بەهای ئەو کارەی کە ئەنجام دراوە؛ زیادەی بەهاکەش بۆ سەرمایەدارەکانە و لەپەستا سەروەتەکەیان زیاد دەکات.
ئەوەش دوو چینی ناساز لەگەڵ یەکتر دروست کرد (متناقض) و ئەو ململانێیەی نێوانیان بەحەتمی دەیگەیاندە هەڵایسانی شۆڕشی پرۆلیتاری و گواستنەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سۆسیالیستی—وەک قۆناغی گواستنەوە و دەستپێک—بەرەو شیوعییەت. ئەوەی کە شیوعییەتی پێ دەناسرێتەوە ئەوەیە ئیستیغلالی مرۆڤ بۆ برای مرۆڤی ناهێڵێت و موڵکداری تایبەت لەناو دەبات و دەوڵەت زەرورەتی نامێنێت و ململانێکە دەگۆڕێت بۆ ململانێ لەنێوان مرۆڤ و سروشتدا بە بەکارهێنانی چەکی زانست.
سەرچاوەکان:
مارکس.. ئایدۆلۆجیای ئەڵمانی
الفكر في التاريخ
البيان الشيوعي
رأس المال
ئەنگلز: ديالكتيك الطبيعة
ماتریالیزمی دیالەکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی – جوزیف ستالین – وەرگێڕانی حسقیل قوچمان