لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكۆم، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، هەڵوێستی  هەرێمی بە ڕوونی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ کوژاندنەوەی تۆڕی کۆڕەک لە سنووری هەرێمی کوردستاندا.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕای گەیاند، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ناتوانێت کۆڕەک لە کوردستان بکوژێنێتەوە.

ناوبراو هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیای کۆڕەک کۆمپانیایەکی کوردستانییە و کۆمپانیاکانی کوردستان بە بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حكوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن. دووپاتی کردەوە، هیچ کەسێکیش ناتوانێت کۆمپانیایەکی کوردستانی بکوژێنێتەوە بێ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی هەرێم.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە بەشێکی تری قسەکانیدا گوتی، “کۆڕەک تیلیكۆم خۆ سێرکتێک نییە بیهێنیتە خوار و بیکوژێنیتەوە.” ڕوونیشی کردەوە، کۆمپانیاکە دەزگایەکی گەورەیە و بەرژەوەندیی ملیۆنەها هاووڵاتی پەیوەستە بە ژمارەکانی کۆڕەکەوە.

ئەم لێدوانە دوای ئەو هۆشدارییە دێت کە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ئاراستەی بەکارهێنەرانی کۆڕەکی کردبوو سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە لە عێراقدا.