سەرۆکی ئەمەریکا دانی بەوەدا نا کە شەڕی دژی ئێران یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پاشەکشەی پارتی کۆماری و لەدەستدانی بەشێک لە کورسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، هاوکات جەختی کردەوە کە لە بڕیاری هەڵگیرساندنی شەڕەکە پەشیمان نییە.

ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی سێشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا شەڕی دژ بە ئێران کاریگەریی لەسەر لاوازیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان هەبووە یان نا، ڕایگەیاندووە: “ئێران بەشێک بوو لە هۆکارەکان”.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرەڕای داننان بە کاریگەریی شەڕ لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دووپاتی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک هەست بە پەشیمانی ناکات لەسەر بڕیاری دەستپێکردنی ئەو شەڕە لە سەرەتای ئەمساڵدا.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدان کە جەنگی دژی ئێران بۆ زیاتر لە هەشت مانگ درێژەی کێشاوە و لێکەوتەکانی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕەخنەی توندی کەسایەتییە دیارەکانی پارتی کۆماری و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا کە شەڕەکەیان بە هۆکاری بەشێک لە زیان و شکستەکانی هەڵبژاردنی پارتەکەیان داناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی “ئەسۆشێتد پرێس” ڕایگەیاند، پارتی دیموکرات دوای بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ژمارەیەک ویلایەتدا، کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکای وەرگرتووەتەوە، لە کاتێکدا بەهۆی بەردەوامیی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان، یەکلاکردنەوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.